بڕیارێك له‌ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێمه‌وه‌


سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێم به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی خۆی له‌سلێمانی‌و هه‌ولێرو دهۆك ئاگادارده‌كاته‌وه‌، ئه‌و پڕۆژه‌ نیشته‌جێیانه‌ی (ته‌ملیك) نه‌كراون له‌كاتی گۆڕینی گرێبه‌ست‌و كڕین‌و فرۆشتن به‌یه‌كه‌كان له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه‌، نابێت پاره‌ له‌كه‌س وه‌ربگیرێت ته‌نانه‌ت پاره‌ی پارێزه‌رانیش نابێت فه‌رزبكرێت له‌سه‌ریان، په‌رله‌مانتارێكیش ڕونكردنه‌وه‌ ده‌دات.

به‌گوێره‌ی نوسراوێك كه‌ واژۆی د.محه‌مه‌د شوكری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێمی له‌سه‌ره‌و ئاراسته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی خۆی له‌سلێمانی‌و هه‌ولێرو دهۆك كردوه‌ نوسیویه‌تی:"ئاگادارتان ده‌كه‌ینه‌وه‌ ئاگاداری وه‌به‌رهێنه‌رانی پڕۆژه‌ نیشته‌جێكان بكرێته‌وه‌ كه‌ ئه‌و پڕۆژه‌ نیشته‌جێیانه‌ی (ته‌ملیك) نه‌كراون له‌كاتی گۆڕینی گرێبه‌ست‌و كڕین‌و فرۆشتن به‌یه‌كه‌كان له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه‌، نابێت پاره‌ له‌كه‌س وه‌ربگیرێت ته‌نانه‌ت پاره‌ی پارێزه‌رانیش نابێت فه‌رزبكرێت له‌سه‌ریان".

ده‌شڵێت:"به‌پێچه‌وانه‌وه‌، ڕێكاری یاسایی به‌رامبه‌ریان وه‌ربگیرێت".

لای خۆیشیه‌وه‌ عه‌لی حه‌مه‌ساڵح ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌و نوسراوه‌ هاتۆته‌ده‌نگ‌و ده‌ڵێت:"پێشتر بەدواداچونمان کرد لەکاتی فرۆشتن‌و گۆڕینی خاوەنداریدا لەکەسێک بۆ کەسێکی دیکە، لەزۆربەی ھەرەزۆری  پڕۆژەکانی نیشتەجێبون بڕە پارەیەک وەردەگیرێت، وەرگرتنی ئەم پارەیه‌ش نایاسایی‌و ناڕەوایە".

جه‌ختیكردۆته‌وه‌، "پەیوەندمانکرد بەدەستەی وەبەرھێنان‌و بڕیاری پێویست دەرچوە، لەکاتی سەرپێچی ھەر خاوەن پڕۆژەیەکیش پەیوەندی بەوەبەرھێنانی شارەکانەوە بکەن".


PM:08:54:27/07/2021




ئه‌م بابه‌ته 291 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌