لەبارەی رووبەرووبوونەوەی كۆرۆنا لە سلێمانی بڕیاری بەپەلە دەركرا


لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا چەند بڕیارێکی نوێى ده‌ركردو ڕایگه‌یاندوه‌، پێویستە هەموو بۆنەو چالاکییە سیاسی‌و ئەدەبیی‌و هونەریی‌و ڕێکخراوەیی‌و کۆمەڵایەتی‌و ئاینییەکان‌و هەر گردبونەوەیەکی تر کە دەبنە مایەی تێکەڵاوبون‌و بەریەککەوتن تاتێپەڕاندنی شەپۆلی نوێی کۆرۆنا ڕابگیرێن.

د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی‌و سەرۆکی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا له‌و ڕاگه‌یه‌نراوه‌دا هەموو یەکە کارگێڕیی‌و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی ئاگاداركردۆته‌وه‌ له‌مەترسیی بڵاوبوونەوەی زۆرو خێرای پەتای کۆرۆنا.

له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ شه‌ش بڕیارى ڕاگه‌یاندوه‌و ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، پێویستە هاوڵاتیان پابەندی تەواوی ڕێکارو ڕێنماییە تەندروستی‌و خۆپارێزییەکان بن، بەتایبەتی بەکارهێنانی ماسک‌و پاراستنی دوریی نێوانیان‌و دورکەوتنەوە لەهەر بەریەککەوتن‌و کۆڕو کۆبونەوەو قەرەباڵغییەک.

ئه‌وه‌شى ڕاگه‌یاندوه‌، "پێویستە هاوڵاتیان ڤاکسینی پێویست وەربگرن وەک ڕێگایەکی پەسەندکراوی نێودەوڵەتیی بۆ سنوردارکردنی بڵاوبونەوەی پەتاکەو دورخستنەوەی مەترسیی مردن لەتوشبوانی کۆرۆنا".

به‌پێویستى زانیوه‌، هەموو کارمەندانی فەرمانگە دەوڵەتیەکان‌و کەرتی گشتی‌و کەرتی تایبەت پابەندی تەواوی ڕێکارە تەندروستی‌و خۆپارێزییەکان بن‌و ڕێگا بەهیچ هاوڵاتییەک نادرێت بەبێ پابەندبون بەم ڕێکارانەوە سەردانی ئەم دامودەزگایانە بکات.

هه‌روه‌ك ته‌ئكیدیكردۆته‌وه‌، "هەموو بۆنەو چالاکییە سیاسی‌و ئەدەبیی‌و هونەریی‌و ڕێکخراوەیی‌و کۆمەڵایەتی‌و ئاینییەکان‌و هەر گردبونەوەیەکی تر کە دەبنە مایەی تێکەڵاوبون‌و بەریەککەوتن، تا تێپەڕاندنی شەپۆلی نوێی کۆرۆنا، ڕابگیرێن".

پێویستى كردوه‌ له‌سه‌ر دەزگاکان‌و دامەزراوەکانی ڕاگەیاندن وەک هەمیشە هاوکارو هەماهەنگ بن لەهەڵمەتی هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان بۆ پابەندبون بەخۆپارێزیی‌و بەکارهێنانی ڤاکسینی دژ بەپەتای کۆرۆنا.

له‌كۆتا خاڵیشدا ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، پارێزگای سلێمانی هاوکارو هەماهەنگیی تەواوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی‌و بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی پارێزگای سلێمانی دەبێت بۆ زیادکردنی ژمارەی ئەوکەسانەی لەڕۆژێکدا ڤاکسین وەردەگرن بۆ ڕێژەیەکی گونجاو.



PM:03:14:24/07/2021




ئه‌م بابه‌ته 474 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌