به‌ هێڵى شه‌مه‌نده‌فه‌ر عێراق و تورکیا پێکه‌وه‌ ده‌به‌سترێته‌وه‌


‌وه‌زاره‌تى گواستنه‌وه‌ى عێراق تاوتوێى ره‌وانه‌کردنى پڕۆژه‌ى ستراتیژى هێڵى ئاسنین (فاو - فیشخابور) ده‌کات بۆ وه‌به‌رهێنان، بۆ به‌ستنه‌وه‌ى عێراق به‌تورکیاوه‌.

ئه‌مڕۆ 23ى حزوه‌یرانى 2021، تاڵیب جه‌واد حوسه‌ینى به‌ڕێوه‌به‌رى کۆمپانیاى گشتى هێڵه‌کانى شه‌مه‌نده‌فه‌رى سه‌ر به‌وه‌زاره‌تى گواستنه‌وه‌ى عێراق  به‌ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى ڕایگه‌یاندووه‌، وه‌زاره‌ته‌که‌یان سه‌رجه‌م به‌دواداچوونه‌ ته‌کینیکى و لایه‌نه‌ ئابوورییه‌کانى ته‌واو کردووه‌ به‌مه‌به‌ستى خستنه‌ ڕووى پڕۆژه‌ى هێڵى شه‌مه‌نده‌رفه‌رى فاو - فیشخابور.  

هه‌روه‌ها راشیگه‌یاندووه‌ که‌"پڕۆژه‌که‌ دروستکردنى هێڵێکى ئاسنینه‌ به‌درێژایى شارى فاو به‌ره‌و ناوچه‌ى فیشخابوور له‌پارێزگاى دهۆک پاشان به‌ستنه‌وه‌ى به‌تورکیاوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌وێشه‌وه‌ ڕاسته‌وخۆ به‌ئه‌وروپاوه‌ ببه‌سترێته‌وه‌. 

حوسه‌ینى باسى له‌وه‌ش کردووه‌، وه‌زاره‌ت کار بۆ کاراکردنه‌وه‌ى هێڵى ئاسنین ده‌کات له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێیدا ئه‌وه‌ش بایه‌خێکى ئابوورى زۆرى هه‌یه‌ و هه‌روه‌ها جموجۆڵ ده‌خاته‌ که‌رتى بازرگانى و گه‌شتوگوزارییه‌وه‌.    

ئه‌و به‌رپرسه‌ى وه‌زاره‌تى گواستنه‌وه‌ ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ ڕوو، وه‌زاره‌ت له‌ڕێگه‌ى هاریکارى نێو ده‌وڵه‌تى یاخود قه‌رز و وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ پڕۆژه‌کانى ته‌واو ده‌کات چونکه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ى له‌بودجه‌دا دانراوه‌ به‌شى هه‌موو ئه‌وانه‌ ناکات جێبه‌جێبکرێن.  



PM:12:37:23/06/2021




ئه‌م بابه‌ته 449 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌