نرخی نەوت 74 دۆلاری تێپەڕاند

نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهاندا بۆ پێنجەم ڕۆژی لەسەریەک بەرزبوونەوەی تۆمارکرد، کەمبوونەوەی یەدەگی نەوتی ئەمریکا و بەرزبوونەوەی خواست لەسەر وزە هۆکارەکانی پشت بەردەوامیی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتن.

بەپێی شیکەرەوەکانی بازاڕی وزەی جیهانیی سەرجەم پێشبینییەکان بە ئاڕاستەی بەردەوامیی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتن، پێشبینییەکان بۆ زیاتربوونی خواست لەسەر وزە زۆر بەهێزن لەگەڵ بوژانەوەی جموجوڵەکان لە سەرجەم وڵاتانی ئەوروپا، ئاسیا و ئەمریکا، بەوهۆیەشەوە پێشبینی دەکرێت نرخی نەوت بگەڕێتەوە بۆ ئاستی بەرلە سەرهەڵدانی COVID19.

ئیدوارد مۆیا، گەورە شیکەرەوەی بازاڕی OANDA دەڵێت، تەنانەت ئە وەبەرهێنەرانەشی لەبواری وزەدا کارناکەن پێشبینی بەردەوامیی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەکەن.

نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت ئەمڕۆ چوارشەممە، 69 سەنت و بەڕێژەی %09 بەرزبووەوە و گەیشتە 74.68 دۆلار، دوای ئەوەی ڕۆژی سێشەممە نرخەکەی بەڕێژەی %1.6 بەرزبووەوە.

هەروەها نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی تەکساس 66 سەنت و بەڕێژەی %0.9 بەرزبووەوە و گەیشتە 72.78 دۆلار.


AM:09:19:16/06/2021




ئه‌م بابه‌ته 214 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌