بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی: هاوردەمان زۆرو هەناردەمان هیچ نییە

 
  ئا: بازرگانی‌و پیشەسازی

نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمی كوردستان لەم گفتوگۆیەی "بازرگانی‌و پیشەسازی"دا دەڵێت "هەناردەمان هیچ نییە تەنها شتی بێ‌ بایەخ‌و لەكاركەوتون‌و داهاتێكی ئەوتۆیان نییە".

بازرگانی‌و پیشەسازی: بۆچی لەنێوان هەناردەو هاوردەدا هاوسەنگییەك بەدیناكرێ‌؟
نەوزاد شێخ كامیل: هاوردەمان زۆرو هەناردە زۆر كەمە، رێژەكە بەئەندازەیەك جیاوازە كە بەراورد ناكرێ‌ بەیەكتر. ساڵی 2020 لەكەلوپەل‌و كاڵا جگە لەئۆتومبێل، 7754 مەواد مۆڵەتی بازرگانیمان داوە، لەكاتێكدا لەمانگی 3 بۆ مانگی 8 دەروازە سنورییەكان بەهۆی كۆرۆناوە هەموی داخرا بوون، بۆیە ئەو رێژەیە بەراورد بەساڵی 2019 كەمە، بەڵام لەچوار مانگی كۆتایی ساڵدا 8‌و 9‌و 10‌و 11‌و 12 جموجۆڵەكە باش دەستیپێكرد، مۆڵەتی ئۆتومبێلیش نزیكەی 991 مۆڵەتمان دابو بەئوتومبێل. سەبارەت بەهاتنیش، 166 مۆڵەتمان دابوو بۆ هەناردە كردنی كاڵا‌و شتومەكی جۆراوجۆر.

بازرگانی‌و پیشەسازی: گرنگترین ئەو كاڵایانەی هاوردە كراون چین‌و ئەوانەشی هەناردە كراون چین؟
نەوزاد شێخ كامیل: گرنگترین ئەو كاڵایانەی هاوردەمان كردوە، پێداویستی پزیشكی پلەی یەكی وەرگرتوە، كەرەسەی پیشەسازی پلەی دوەم، خۆراك پلەی سێهەم ، كەرەسەی كشتوكاڵ پلەی چوارەم. گرنگترین ئەوانەی بەتەن ناردومانەتە دەرەوە بەپلەی یەكەم كانزای لەكاركەوتو، پاشماوەی خۆل‌و زینكە، كۆنە كارتۆنی بەكارهاتووە، وایەری كیبڵ‌و و مس‌و پی سی ڤی‌و خامی ئاژەڵ‌و موی مەڕ‌و كۆنە پلاسیتك‌و ریخۆڵەی چاككراو‌و كۆنە ئەلەمنیۆم‌و فافۆنە.

بازرگانی‌و پیشەسازی: قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە ساڵانە دەچێتە چەند؟
نەوزاد شێخ كامیل: وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هاوردەكانیان نایەتە لای ئێمە، وەزارەتی ناوخۆ ئۆتومبێل نایەننە لای ئێمە، ئەوەی لای ئێمەیە هەر كاری بازرگانی دەگرێتەوە ساڵی 2020 قەبارەی بازرگانی 4 ملیار دۆلار بوو، بەڵام ساڵی 2019 زیاتر لە 6 ملیار بوو، ساڵی 2020 بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناو گرتنەبەری رێوشوێنی تایبەتەوە لە 2020دا پاشەكشەی كرد. هەناردەمان هیچ نییە، تەنها شتی بێ‌ بایەخ‌و لەكاركەوتون‌و داهاتێكی ئەوتۆیان نییە، بێگومان هەر وڵاتێكیش هاوردەی زۆر بێت ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئابورییەكەی نەخۆشە، چونكە هەناردە دراوی قورس دەهێنێتە وڵاتەوە‌و داهات گەشە دەكات، كارگەكانت بەرهەمی جوتیارانت ساغ دەكاتەوە، كۆمەڵێك خەڵك سودی لێدەبینێت، ئەوەی دەیهێنی هەم لەڕوی كوالێتییەوە باش نییە‌و هەم لەڕوی تەندروستیشەوە، بەڵام هوشیاری ئابوری لای ئێمە بەداخەوە كەمە وەك هاوڵاتیان، لەبەرئەوەی چاویان زیاتر لەسەر كاڵای نرخ هەرزانە، بۆیە دەچن كام خۆراكەی خراپ‌و بێ‌ كوالێتیە بەكاریدەهێنن، ئەگەر بەرهەمی خۆمان بەكاربهێنایە، دو جار قازانجمان دەكرد، یەكەمیان لەڕووی تەندروستییەوە، دوەمیشیان بەرهەمی جوتیارانی خۆمان دەكڕییەوە.

بازرگانی‌و پیشەسازی: ئایا ئێوە پلان‌و پڕۆژەتان نییە بۆ ئەوەی هاوسەنگی لەنێوان هاوردەو هەناردەدا هەبێت؟
نەوزاد شێخ كامیل: ئێمە بەردەوام كار لەسەر هاندانی ئەوانە دەكەین دەیانەوێ‌ بەرهەمی ناوخۆ ببەنە دەرەوە، بەڵام كێشەكە لەوەدایە ئێمە ژێرخانی ئابوریمان بەڕاستی وێرانە لەكوردستان، كارگەكانمان زۆربەیان داخراون، نەمانتوانیوە پشتگیری كارگەكانمان بكەین، خەڵكی خۆشمان هوشیاری ئابورییان نییە بتوانن ئەو بەرهەمانەی خۆمان ساغ بكەنەوەو بەكاریبهێنن، چاككردنی هەمو ئەمانە پێویستی بەكات‌و بەپارەو بارزرگانی نیشتمان پەروەریشە، ئێمە ئێستا خەریكە كاتەكەمان لەدەست دەچێ‌‌و پارەكەشمان نییە، بەڵام بێ‌ هیوا نین‌و كاری بۆ دەكەین، ئەگەر بمانەوێ‌ بەرهەمی ناوخۆ زیاد بكەین‌و بیاننێرینە دەرەوە دەبێت كۆمەڵێك رێكارو یاسا هەیە ئاسانكاریی بۆ بكەین‌و هەمواریان بكەینەوە. 

بازرگانی‌و پیشەسازی: ئایا پێشبینی ئەوە ناكەن بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار بەرهەمی ناوخۆ ببوژێنێتەوە؟
نەوزاد شێخ كامیل: زیاد كردنی نرخی دۆلارو كەمكردنەوەی نرخی دینار ئەوەندەی سوودی بۆ حكومەت هەیە، سوودی بۆ خەڵك نییە لەڕووە ئابورییەكەوە، لەبەرئەوەی ئێمە داهاتمان بەشێوەیەكی سەرەكی لەسەر نەوتە، نەوتیش داهاتەكەی دەگەڕێتەوە بۆ حكومەت‌و لەگۆڕینەوەیدا بەنرخێكی بەرز دەتوانێ‌ سوودی لێوەربگری بۆ پلان‌و پڕۆژەكانی خۆی.

بازرگانی‌و پیشەسازی: گرنگترین كار حكومەتی هەرێم‌و لایەنی پەیوەندیدار بۆ دروستكردنی هاوسەنگی لەنێوان هاوردەو هەناردەدا بیكات چییە؟
نەوزاد شێخ كامیل: پاڵپشتی بەرهەمی ناوخۆو خاوەن پڕۆژە ئابورییەكان‌و دەركردنی یاسای پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیە، پشتگیرییەكی بەهێزی ئەو كەسانە بكرێ‌ كە بەرهەم دەهێنن‌و ئاسانكارییەكی تایبەتیان بۆ بكرێ‌‌و جیابكرێنەوە لەوانەی هەر هاوردە دەكەن، دەبێت ژێرخانی ئابوری زیاتر گەشە پێبدەین‌و كۆمەڵێك پڕۆژەی بازرگانی وەك كۆگاكان دروست بكەین بەمەبەستی هەڵگرتنی بەرهەمی جوتیاران، بۆ ئەوەی لەكاتێكدا بەرهەمەكەی ساغ بكاتەوە كە نرخەكەی بەرزتر بێت، كارگەكان بخەینەوە سەر كار‌و پشتگیری كارگەكان بكەینەوە، رێگاو بان چاك بكەین، كارەبا چاككبكەین‌و ئاوو ئاوەڕۆ چاك بكەین هەمو ئەمانە وادەكات بەرهەمی ناوخۆ زیاد بكات‌و بچنە دەرەوە.



PM:03:37:16/04/2021




ئه‌م بابه‌ته 354 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو‌