كۆمپانیا هاوپشكەكانی كوردستان بەهۆی نەبونی بۆرسەوە لەئاستی خوازراودا نین

ئا: ڕێژەن -  بازرگانی‌و پیشەسازی

لەسلێمانی سێ‌ كۆمپانیای هاوپشك هەن، بەڕێوەبەری كۆمپانیاكان دەڵێت "كۆمپانیا هاوپشكەكان بەكۆڵەكەی ئابوری سەرمایەداری لەهەموو وڵاتێكدا دادەنرێن".

سۆران ئەحمەد ئیسماعیل، یاساناس‌و بەڕێوەبەری كۆمپانیاكان/ سلێمانی بە"بازرگانی‌و پیشەسازی" راگەیاند لەسلێمانی هەر سێ‌ كۆمپانیای چاڤی‌و ئاسیا بۆ دڵنیایی‌و دڵنیایی بۆ دڵنیایی هاوپشكن، ئەو وتی "بەپێی یاسا دامەزراندنی كۆمپانیای هاوپشك ئاسانە، بەدو ملیۆن دینارو بەهاوپشكی 5 تا 6 كەس دادەمەزرێت، بەڵام لەبەرئەوەی ئێمە بۆرسەمان نییە كۆمپانیا هاوپشكەكان لەئاستی خوازراودا نین".
وتیشی "لەكوردستاندا بازاڕی كاغەزی داراییمان نیە، بۆیە كۆمپانیاكانی ئاسیا بۆ دڵنیایی‌و دڵنیایی بۆ دڵنیایی هەریەكەو 60 بۆ 70 كەس هاوپشكن تیایدا".

سۆران ئاماژە بەوە دەكات كە كۆمەڵێك كەس خۆیان پێكەوە دەتوانن كۆمپانیایەكی پشكدار دابنێن‌و بچن لەبۆرسەی عێراقی خۆیان تۆمار بكەن، ئەو وتی "لەبەغدا 10 بۆ 15 كۆمپانیای گەورەی هاوپشك هەن، كۆمپانیاكان بەرەو گەورە بوون دەچن، بۆیە چەند كەسێك پێكەوە بۆ ئەوەی توانای كێبڕكێیان هەبێت كۆمپانیایەك دادەمەزرێنن".
وتیشی "كۆمپانیای هاوپشك ناسراوو خاوەنی سەرمایەی زۆر نەبێ‌ كڕین‌و فرۆشی پێوە ناكرێ‌، زۆرجار ئەو كۆمپانیایانەی ناسراو نین خاوەن پشكەكان هەر لەنێوان خۆیان‌و لەناو كۆمپانیایەكەی خۆیاندا كڕین‌و فرۆش بەپشكەكانەوە دەكەن".
 بەڕێوەبەری كۆمپانیاكان ئەوەش روندەكاتەوە كە كڕین‌و فرۆشی پشك لەبۆرسەدا لەڕێگەی كۆمپانیای نێوەندگیرەوە ئەنجامدەدرێت، ئەو وتی "خەڵك لەڕێگەی كۆمپانیای نێوەندگرەوە كڕین‌و فرۆش بەپشكەوە دەكەن، ئەم كۆمپانیایانە بانكی ناوەندی مۆڵەتیان پێدەدات‌و 60 كۆمپانیا لەبەغدا ناوی خۆیان تۆمار كردوە لەبۆرسە، لەكوردستان ئەم جۆرە كۆمپانیایانە بونیان نییە، لەبەغدا زیاتر ئەم كڕین‌و فرۆشتنە هەیە، بۆ نمونە كەسێك داوا لەكۆمپانیا یان نوسینگەیەكی نێوەندگیر دەكات بڕی دوو ملیۆن دۆلار پشكیان بۆ بكڕن". 
وتیشی "كۆمپانیای هاوپشك كۆڵەكەی ئابوری سەرمایەداری هەموو وڵاتێكە، ئەوە كۆمپانیای هاوپشكە ئەمڕۆ دنیا دەبات بەڕێوە، كە حساباتی دەبێت هەمووی رون‌و ئاشكرا بێت، لەسایەی ئەم جۆرە كۆمپانیایانەدا  حساباتی وەهمی دروست نابێت‌و تەواوی جوڵەی دارایی‌و ئەوراقی لەژێر چاودێری یاساییدایە".



PM:03:31:08/04/2021




ئه‌م بابه‌ته 172 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌