"١٣ ساڵە بێ‌ بارانی بەمشێوەیە رووی لەگەرمیان نەکردووە"

ئا: ڕێژەن - بازرگانی‌و پیشەسازی

به‌گوێره‌ی پێشبینییه‌كانی ده‌زگای كه‌شناسی ئه‌مساڵ له‌هه‌رێمی كوردستان باران كه‌م ده‌بارێت ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر كشتوكاڵ به‌ڕێژه‌یی داده‌نێت،بەڵام جوتیارانی گەرمیان لەدڵەڕاوکێدان‌و بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری كشتوكاڵی گەرمیانیش دەڵێت "١٣ ساڵیش دەبێت بێ‌ بارانی بەمشێوەیە رووی لەناوچەكەمان نەكردوە".
 
عەبدوڵا مەحمود یه‌كێكه‌ له‌جوتیاره‌كانی ناوچه‌ی گەرمیان‌و ته‌مه‌نی ٧٣ ساڵە، ئەو زیاتر لەنیو سەدەی تەمەنی خۆی لەکاری کشتوکاڵدا بەسەر بردووەو ئه‌مساڵیش له‌پانتاییه‌كی فراوانی نزیک شاری کەلاردا چه‌ندین دۆنم گه‌نمی بەدێم چاندوه‌، ئەو وتی "نه‌بارینی باران كێشەیەکی گەورەی بۆ گه‌نمی دێم دروستکردوە، تا کۆتایی ئەم مانگە وا بڕوات چیمان چاندووە دەفەوتێت".
 
وەرزەکانی پایزو زستان کۆتاییان هات‌و له‌هه‌رێمی كوردستان تا ئێستاش وەک پێویست باران نه‌باریوه‌، ئه‌وه‌ش جوتیارانی نیگه‌رانكردوه‌ له‌وه‌ی ئه‌مساڵ وشكه‌ساڵیی ده‌بێت یاخود كەمئاویی كێشە بۆ گوندەكان دروستدەكات.
 
بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری كشتوكاڵی گەرمیان، ئیسماعیل محەمەد نەجم بە"بازرگانی‌و پیشەسازی" راگەیاند بێ بارانی زیاتر بەناوچەی گەرمیانەوە دیارە ئەمساڵ، ئەمەش نیگەرانی بۆ جوتیاران دروستکردووە، ئەو وتی "كەم ئاوی‌و بێ بارانی هەموو ناوچەكانی كوردستانی گرتوەتەوە، بەڵام لەگەرمیان ئەم دیاردەیە زیاتر دەردەكەوێ‌".
 
وتیشی "بەروبومی كشتوكاڵی لەمەترسیدایە لەگەرمیان، لەبەرئەوەی 13 ساڵیش دەبێت بێ‌ بارانی بەمشێوەیە رووی لەناوچەی گەرمیان نەكردوە".
 
ئیسماعیل ئاماژەی بەوە کرد ئه‌مساڵ له‌هه‌رێمی كوردستان وشكه‌ساڵیی رونادات بەڵام نابێت هاوشێوه‌ی ساڵی رابردوو خه‌ڵك چاوی له‌باران بێت، ئەمساڵ ساڵێكی كه‌مباران ده‌بێت، به‌جۆرێك باران ناگاته‌ ئاستی ناوه‌ندی گشتی بارانبارین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ناگاته‌ سنوری وشكه‌ساڵی، ئەو وتی "ئەم دۆخەی پیا تێدەپەڕین هەم زیان بەكشتوكاڵ‌و داری سروشتی باخەکان دەگەیەنێ‌‌و هەم بەئاژەڵداریی‌و هەم وادەکات رێژەی ئاوی ژێرزەوی‌و كانیاوو كارێزی گوندەكان دابەزێت‌و لەهاویندا وشک بکات، بۆ ژینگەش زیانی گەورەی هەیە، لەساڵی 2007وە تا ئێستا كەمبارانی وا روینەداوە".
 
وتیشی "مەترسی زۆر هەیە لەسەر بەروبومی گەنم‌و جۆ، روبەرێکی فراوانی گەرمیان تەرخان کراوە بۆ كاری كشتوكاڵ، هەر ئێستا کە رێژەی دابارین كەمە، گەنم‌و جۆی زەوی دێم بەرەو فەوتان دەچێت، لەبەرئەوەی پلەی گەرما زۆر بەرزە لەم وەختەداو بارانیش نییە".


PM:12:32:06/04/2021




ئه‌م بابه‌ته 160 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌