وەزیری‌ دارایی‌ هەرێم: پابەند دەبین بە جێبەجێکردنی‌ رێککەوتنەکەمان لەگەڵ بەغدا

وەزیری‌ دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، یاسای‌ بودجەی گشتی عێراق بەتایبەت ماددەی‌ 11 کە پەیوەستە بە بەشی‌ هەرێم، لە روکاردا یاسایەکی‌ دراییە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا رێککەوتنێکی‌ سیاسی‌ یاسایی‌ نەوتی‌ داراییە، دەشڵێت، "جێبەجێکردنەکەی‌ پەیوەندی‌ بە هەردولاوە هەیە، بەڵام بەلای‌ هەرێمەوە دەتوانم ئەوە بڵێم کە هەرێم پابەند دەبێت بە جێبەجێکردنی‌ رێککەوتنەوە".

 ئاوات شێخ جەناب وەزیری‌ دارایی‌ و ئابوری‌ حکومەتی‌ هەرێمی‌ کوردستان و ئەندامی‌ شاندی‌ هەرێم بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا بە میدیای فەرمی حزبەکەی راگەیاندوە، "چیرۆکی‌ بەرهەمهاتنی‌ یاسای‌ بودجە و رێککەوتنی‌ نێوان هەرێم و ناوەند دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای‌ مانگی‌ (تەموز/7)ی 2019، واتا لەدوای‌ دەستبەکاربونی‌ ئێمە لە مانگی‌ حەوت شاندێکی‌ باڵا بە سەرۆکایەتی‌ سەرۆک وەزیران و جێگر و وەزیری‌ دارایی‌ بۆ بەغدا، هەوڵدان بۆ تێکشکاندنی‌ بەستەڵەکی‌ نێوان هەولێر و بەغدا لەو سەردانەوە دەستی‌ پێکرد".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کۆبونەوانە بەردەوامبون تا توانیان بۆ بودجەی‌ 2020 پڕۆژە یاسایەکی‌ بودجە ئامادە بکەن، بەڵام "بەهۆی‌ دەستلەکارکێشانەوەی‌ عادل عەبدولمەهدی‌ پڕۆژەکە پەکی‌ کەوت، دواتر لە کۆتایی‌ 2020 رێککەوتنێکی‌ سەرەتایی ئەنجامدرا و بو بە پڕۆژەی‌ هاوبەشی‌ نێوانمان و لە ئەنجامدا ئەو یاسایەی‌ لێ بەرهەمهات".

ئاوات شێخ جەناب باسی لەوەشکردوە، "یاسای‌ بودجەی گشتی عێراق بەتایبەت ماددەی‌ 11 کە پەیوەستە بە بەشی‌ هەرێم، لە روکاردا یاسایەکی‌ دراییە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا رێککەوتنێکی‌ سیاسی‌ یاسایی‌ نەوتی‌ داراییە، ئەم رێککەوتنە لە شوێنێکدایە هەردولا لە ناوەڕاستدا پێی‌ قانع بون، ئەوەش دوای‌ دابڕانێکی‌ چەند ساڵی‌ لەنێوان هەرێم و ناوەندا، بۆیە کۆی‌ داخوازییەکانی‌ هەرێمی‌ هەڵنەگرتوە و کۆی‌ داخوازییەکانی‌ ئەوانیشی‌ هەڵنەگرتوە".
 
ئەوەشی  خستوەتەڕو، لەروی‌ سیاسییەوە ئەو رێککەوتنە پەیوەندییەکانی‌ هەرێم و بەغدا ئاسایی‌ دەکاتەوە، ئەو تێگەیشتنەی‌ لە ناوەڕاست و باشور دەربارەی‌ هەرێم هەبو کە کورد سەرچاوەی‌ کێشەکانی‌ ئەوانە ئەوە راست دەبێتەوە و جارێکی‌ دیکە پەیوەندییەکانی‌ (کورد و سوننە) و (کورد و شیعە) ئاسایی‌ دەبێتەوە و متمانە دروست دەبێتەوە، ئەوەش هەنگاوێکە بۆ چارەسەرکردنی‌ کێشەکان بەتایبەت ناوچە دابڕێنراوەکان و دەرکردنی‌ یاسای‌ نەوت و گاز و یاسای‌ بودجەی‌ ساڵی‌ داهاتو.
 
ئاوات شێخ جەناب‌ جەخت لەوە دەکاتەوە، لەروی‌ سیاسیەتی‌ نەوتییەوە ئەو یاسایە چەند خزمەتێک بە هەرێم دەکات بەتایبەت لە پرسی‌ چاوخشاندنەوە بە گرێبەستی‌ نەوتی‌ و گرێبەستی‌ کۆمپانیاکان و بە گواستنەوەی‌ نەوت و بە تێچونی‌ نەوت و تەنانەت کۆمپانیاکانی‌ سکیورتیش لەژێر پێداچونەوەدان، "ئەوەش هەموی‌ لە بەرژەوەندی‌ شەفافییەتە لە نەوتی‌ هەرێم، وایان لێدەکات خێراتر و جدیتربن ئەوەش لە چورچێوەی‌ ئەو چاکسازییەی‌ حکومەتی‌ هەرێم دەستی‌ پێکردوە".

لەبارەی‌ جێبەجێکردنی‌ یاساکەوە ئاوات شێخ جەناب وتی‌، "جێبەجێکردنەکەی‌ پەیوەندی‌ بە هەردولاوە هەیە، بەڵام بەلای‌ هەرێمەوە دەتوانم ئەوە بڵێم کە هەرێم پابەند دەبێت بە جێبەجێکردنی‌ رێککەوتنەوە".


AM:10:31:04/04/2021




ئه‌م بابه‌ته 77 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌