لایەنی بەرپرس لەپێدانی ناوی بازرگانی تەنها ژوورە بازرگانیەكانە

 

ئا: بازرگانی‌و پیشەسازی

 

ئەمینداری گشتی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی‌و پیشەسازی، شڤان عەبدولرەحمان عەزیز دەڵێت "بەپێی یاسا ناوی بازرگانی ئەوكاتە دەبێتە ناوی بازرگانی كە لەتۆماری بازرگانی تۆمار كرابێت، تۆماری بازرگانیش بەپێی یاسای بازرگانی لەژوورە بازرگانیەكانە".

شڤان عەبدولرەحمان بە"بازرگانی‌و پیشەسازی" راگەیاند ناوی بازرگانی بەپێی یاسای بازرگانی عێراقی كە ئێستا كاری پێدەكرێ‌ هەم لەعێراق‌و هەم لەكوردستان، بەشێكە لەتۆماری بازرگانی‌و بەشێكە كارەكانی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازییەكان، ئەو وتی "لەتۆماری بازرگانی هەم ناوی بازرگان تۆمار دەكرێ‌، هەم ناوی بازرگانی، ئەو یاسایە لەساڵی 1985 دەرچوە، ئەوكاتە عێراق وڵاتێكی سۆشیالیستی داخراو بووە، تەنها زمانی عەرەبی زمانی فەرمی عێراق بووە، بەپێی یاساكەش تەنها زمانی عەرەبی پێویستە بەكاربێت بۆ ناوی بازرگانی، واتە لەكوردستان‌و هەموو شارەكانی عێراق بازرگان بۆی نەبووە جگە لەعەرەبی بەهیچ زمانێكی دیكە ناوی بازرگانی بەكاربهێنێت".

شڤان ئاماژە بەوە دەكات هەتا دوای ساڵی 2003 پاش ئازادكردنی عێراق كە زمانی فەرمی عێراق دەبێتە زمانی عەرەبی‌و كوردی، ئەوكاتە بەپێی دەستور زمانی كوردی دەتوانرێت بۆ ناوی بازرگانی بەكاربهێنرێت، ئەو وتی "لەوكاتەوە دەرگایەك كرایەوە بۆ ئەوەی بەزمان‌و فۆنتی كوردی، بازرگان بۆی هەبێت بۆ ئەوەی ناوی كۆگاو فرۆشگاو دەرمانخانەو سەرتاشخانەو كارە بازرگانیەكانی بەزمانی عەرەبی‌و كوردی تۆمار بكات".

وتیشی "ئێمە پاشان لەساڵی 2007 داوامان لەئەنجومەنی وەزیران لەحكومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە زمانی ئینگلیزی بەو پێیەی زمانێكی جیهانییە بەكاربهێنرێت، لەبەرئەوەی لەكوردستان یاسای وەبەرهێنان دەرچوو، وەبەرهێنەری بیانی ئامادە نەبو بێت لێرە وەبەرهێنانەكەی یان پڕۆژەكەی بەناوی كوردی یان عەرەبی بكات، زۆرجار داوایان دەكرد بەئەڵمانی یان بەروسی‌و بولغاری‌و رۆمانی‌و یۆنانی‌و توركی‌و فارسی‌و زمانەكانی تر تۆماری بكات، بۆ دەرچون لەو كێشەیە پێشنیارێك هاتە پێشەوە هەتا یاسای بازرگانی عێراقی گۆڕانكاری بەسەر دێت ئێمە بتوانین ناوی ئینگلیزی تۆمار بكەین، بەو پێییەی ئینگلیزی بوەتە زمانێكی ئینتەرناشیونال‌و هەموو دنیا بەكاریدەهێنن‌و دەتوانین بەئاسانی لەڕاست‌و دروستی سپێڵ‌و وشەكانی بگەین، بەمجۆرە رێككەوتن لەسەر ئەمەش كرا كە ناوی بازرگانی بەزمانی ئینگلیزیش تۆمار بكرێت".

شڤان ئەوە روندەكاتەوە كە كێشەو گرفتی ناوی بازرگانی هەر لەكوردستان نا، بەڵكو لەهەممو جیهان هەیە، لەبەرئەوەی بازرگان ئەو ناوەی هەڵیدەبژێرێ‌ بەمافی خۆی دەزانێ‌، بەڵام كە دێتە سەر ئەوەی بەكاریبهێنێ‌ روبەڕوی ئەوە دەبێتەوە مافی خەڵكی دی بەسەرەوەیە، ئەو وتی "بەشێك لەكێشەكان ئەوەیە بەر لەوەی تۆ ناوێك بەكاریبهێنی، خەڵكی دی تۆماریان كردووە، كە روسومات‌و پارەی داوەو حیجزی كردوەو كاری بازرگانی پێوە كردوە، كەواتە نەژووری بازرگانی لەكوردستان‌و عێراق‌و نەلەهیچ شوێنێكی دنیاش ناتوانێت ئەو ناوە بازرگانییە بدات بەكەسێكی تر".

وتیشی "بەشێكی تر لەكێشەكان ئەوەیە ئەو یاسایەی كە بەركارە یاسایەكی كۆنەو پێویستی بەهەموار كردنەوەیە، لەبەرئەوەی لەزۆربەی وڵاتان بازرگان ئازادن كە بە چ زمان‌و فۆنتێك ناوی بازرگانی تۆمار بكەن لەبەرئەوەی یاسا رێگەی پێداوە، بەڵام ئەوەی كە رێگرە لەكوردستان ژوورە بازرگانیەكان نییە، بەڵكو یاسای بازرگانی رێگرە لەوەی كە تۆ نەتوانی ناوی كۆمپانیاكەت بەدڵخوازی خۆت بەزمانێك بنێیت یان كورتكراوەیەك‌و كۆمەڵێك پیت هەڵبژێریت".

شڤان ئاماژە بەوە دەكات ئەمە بەشێكە لەگللەیی‌و گازندەی هاوڵاتیان‌و پارێزەران‌و هۆكارەكەشی یاسای بازرگانییە، كە پێویستی بەهەموار كردنەوەیە، ئەو وتی "ساڵی 1985 لەگەڵ 2021 زۆر جیاوازە، ساڵی 1985 زۆربەی بازرگانیەكان حكومەت خۆی دەیكرد، سوق مەركەزی لەرێگەی تەسنیع عەسكەرییەوە دەكرا‌و سیستەمی سۆشیالیستی بوو، بەڵام ئەمڕۆ بازرگان بەشێوازێكی تر كار دەكات، كەواتە رێكخستنەوەو دوبارە پیاداچونەوەی یاسای بازرگانی 80%ی كێشەو گرفتەكانی ناوی بازرگانی چارەسەر دەكات، داواشمان لەحكومەت‌و پەرلەمانی هەرێمی كوردستان كردووە كە یاساكە پیاچونەوەی پیادا بكرێت، لەئەنجومەنی وەزیران ئەگەر بكرێت یاسایەكی سەربەخۆو نوێی بازرگانیمان هەبێت. لەبەرئەوەی سیستەمی ئابوری گۆڕاوە لەسۆشیالیستییەوە بۆ سەرمایەداری‌و دەرگا كراوەتەوە بۆ وەبەرهێنەری بیانی".

ئەمینداری گشتی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی‌و پیشەسازی جەغت لەوە دەكات كێشەیەكی دیكەی هاوشێوە یاسای تۆمار كردنی كۆمپانیاكانە كە لە ساڵی 1997‌و 2020 هەموار كراوە بەڵام تا ئێستا لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند نەكراوە، ئەو وتی "ژوورە بازرگانیەكان لەڕێگەی یەكێتی ژوورە بازرگانیەكانەوە ناوی بازرگانی دەدەن‌و رەتیدەكەنەوە بەسیستەمێكی ئۆنلاینی ئەلكترۆنیی، هەر ژوورە بازرگانییەو ئیمەیلەكەی بۆ ژوورە بازرگانیەكان دەكات، یەكێتی ژوورە بازرگانیەكان رەزامەندی‌و رەتكردنەوە دەداتە ژوورە بازرگانیەكانی هەولێرو سلێمانی‌و دهۆك سەبارەت بەهەر ناوێكی بازرگانی، بۆ نمونە هاوڵاتییەك لەسلێمانی یان هەولێرو دهۆك كە كۆمپانیایەك دادەنێت هەر دەبێت لەڕێكگەی یەكێتی ژوورە بازرگانیەكانەوە دایبنێت".

وتیشی "ناوێك لەسنوری یەك پارێزگا رسوماتی دا، بۆ نمونە خواردنگەیەكی دانا ئەوە رسوماتی هەموو كوردستانی نەدایە، ئەوكاتە بۆ نمونە خواردنگەیەك لەدهۆك دانراوە بەڵام كەسێكی تر ناوەكەی داوا كردوە لەسەر ئاستی كوردستان بۆ نمونە لەسلێمانیەوە دەیەوێ‌ ناوەكەی بكاتە نوسینگەی حەج‌و عەمرە، ئەوكاتە رەزامەندی وەردەگرێت‌و كێشەی نییە، بەڵام بیەوێ‌ بیكاتە خواردنگەو چێشتخانە لەسەر ئاستی هەموو كوردستان ئەوە ناتوانێت، بەهەمان چالاكی‌و بەهەمان ناو، لەبەرئەوەی كەسی تر پێش ئەو هاتوە، ئەوە مافێكی یاساییەو یاسا بۆی دیاریكردوە".

 

شڤان باس لەوە دەكات كە ناوی بازرگانی لەڕووی یاساییەوە دابەش دەبێت بەسەر دوو قۆناغی جیاوازدا، سەردەمی پۆل بریمەرو سەردەمی پێش پۆل بریمەر، ئەو وتی "سەردەمی پێش پۆل بریمەر ئاماژەم پێدا، بەڵام پاش پۆل بریمەر كە بڕیارەكانی هێزی یاسایی هەبوو، مافی بەهەموو بازرگانێك دا كە كاری بازرگانی كرد‌و ناوێكی تۆمار كرد، بۆ نمونە كۆمپانیایەكی دانا بەناوی ئەلف، بۆی هەیە ئەلفی هەبێت بۆ حەج‌و عەمرەو ئەلفی هەبێت بۆ بەڵێندەرایەتی‌و ئەلفی هەبێت بۆ بازرگانی گشتی‌و هەر چالاكییەكی ئابوری كە هەیبێت بەناوی ئەلفەوە، ئەوە جیاوازیەیكی لەنێوان هەرێم‌و بەغدا دروست كرد، ئێستا ئێمە لەیەكێتی ژوورە بازرگانیەكان لیژنەیەكمان هەیە خەریكی بەدواداچونین بۆ ئەو بابەت‌و گرفتە، وردەكاری زۆر لەم مەسەلەیەدا هەیە".

ئەمینداری گشتی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی‌و پیشەسازی ئاماژە بەوە دەكات كە بازرگان‌و پیشەوەر ئازادن كە ماركێتێكیان هەبێ‌ بە چ ناوێكەوە ناوی دەنێی، بەڵام بۆ ئەوەی زیاتر هانی ناوی كوردی بدەن رسوماتیان جیاوازە، ئەو وتی "بۆ ئەوەی رێگری لەناوی بیانی بكەین ئێمە بۆ رسومات 500 هەزار دینار رسوماتی زیاترمان داناوە بۆ ئەوەی خەڵك ناوی بیانی بەكارنەهێنێ‌‌و ناوی كوردی بەكاربهێنێ‌، بۆ نمونە ناوی كۆمپانیایەك كە ئینگلیزی بێت ملیۆنێك دینارە، بیكەیتە كوردی دەبێتە 500 هەزار دینار رسومات، تەنها بۆ ئەوەی هانی خەڵكی بدەین ناوی كوردی بەكاربهێنێت، هەرچەندە تابلۆ ئاماژە نییە بۆ نیشتمانپەروەری یان نانیشتمانپەروەری".

وتیشی "تەنها لایەنی بەرپرس لەپێدانی ناوی بازرگانی ژوورە بازرگانیەكانە، بەپێی یاسا ناوی بازرگانی ئەوكاتە دەبێتە ناوی بازرگانی كە تۆماری بازرگانی تۆمار كرابێت، تۆماری بازرگانیش بەپێی یاسای بازرگانی لەژوورە بازرگانیەكانە".



PM:10:53:29/03/2021




ئه‌م بابه‌ته 294 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌