كاریگه‌رییه‌كانی داخستنی نۆكه‌ندی سوێس

نزیكه‌ی 152 ساڵه‌ نۆكه‌ندی سوێس دروستكراوه‌ و له‌و ماوه‌یه‌دا رووبه‌ڕووی چه‌ندین قه‌یران بووه‌ته‌وه‌، كه‌ هه‌ندێكیان بوونه‌ته‌ هۆی داخستنی و دوایینیان چه‌قینی كه‌شتی زه‌به‌لاحی ژاپۆنی له‌ قوڕ و لیتاوی بنی كه‌نداوه‌كه‌ كه‌ پێنج رۆژه‌ هاتووچۆی نێو رێڕه‌وه‌ ئاوییه‌كه‌ی داخستووه‌.

 

یوكیتۆ هیجاكی، سه‌رۆكی كۆمپانیای خاوه‌ن كه‌شتی ئێڤه‌رگیڤن رایگه‌یاند: داوای لێبوردن ده‌كه‌ین به‌هۆی ئه‌و كێشه‌یه‌ی كه‌ بووه‌ته‌هۆی داخستنی رێگه‌ی هاتووچۆی كه‌شتییه‌كان له‌نێو نۆكه‌ندی سوێس،  ئێمه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین لانیكه‌م له‌ماوه‌ی 24 كاژێردا كه‌شتییه‌كه‌ سه‌ر ئاو بخه‌ینه‌وه‌.


له‌ 12٪ ی بازرگانیی جیهان و 2.5٪ی بازرگانی نه‌وت به‌و نۆكه‌نده‌دا تێده‌په‌ڕێت، به‌و جۆره‌ش زیانی هه‌موو كاژێرێك به‌سه‌رووی 420 ملیۆن دۆلار مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت و ئه‌گه‌ر هه‌فته‌یه‌ك به‌رده‌وام بێت ئه‌وا ژماره‌كه‌ ده‌گاته‌ سه‌رووی 70 ملیار دۆلار.

 

نۆكه‌ندی سوێس ده‌كه‌وێته‌ نیمچه‌ دوورگه‌ی سینای میسر له‌ رۆژهه‌ڵاتی ئه‌فریقیا و درێژییه‌كه‌ی سه‌رووی 200 كیلۆمه‌تره‌. ده‌ریای سوور به‌ ده‌ریای ناوه‌ڕاسته‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، واته‌ رێگه‌ی ئاسیا به‌ ئه‌وروپا ئاسان و كورت ده‌كاته‌وه‌، كه‌شتییه‌كه‌ 400 مه‌تر درێژه‌ كه‌ له‌ 23ی ئه‌م مانگه‌وه‌ له‌ سه‌ره‌تای نۆكه‌نده‌كه‌وه‌ له‌دیوی ده‌ریای سووره‌وه‌ چه‌قیوه‌، له‌لایه‌ك هه‌وڵ ده‌درێت لم و قوڕی ده‌وروبه‌ری كه‌شتییه‌كه‌ لاببردرێت، هه‌ندێكیش بیر له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی كه‌شتییه‌كه‌ و له‌سه‌ر ئاو خستنه‌وه‌ی ده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌ندێكیش لابردنی كه‌لوپه‌لی سه‌ر كه‌شتیییه‌كه‌ و سووككردنی باره‌كه‌ی به‌ بژارده‌یه‌كی خراپ نازانن.

 

 به‌درێژایی زیاتر له‌ یه‌ك سه‌ده‌ و نیوی ته‌مه‌نی، نۆكه‌ندی سوێس رووبه‌ڕووی چه‌ندین كێشه‌ بووه‌ته‌وه‌، له‌ ساڵی 1935دا كه‌شتییه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئیتاڵیا به‌ رێڕه‌وه‌كه‌دا تێپه‌ڕین به‌ره‌و ئه‌ریتیریا و داگیریان كرد و به‌و هۆیه‌وه‌ رێڕه‌وه‌كه‌ داخرا، له‌دوای چوار ساڵ له‌ كوده‌تا سه‌ربازییه‌كه‌ی به‌سه‌ر شای میسردا، جه‌مال عه‌بدولناسر، سه‌رۆكی پێشووتری ئه‌و وڵاته‌ له‌ 1956دا به‌ نیشتمانیكردنی نۆكه‌ندی سوێسی راگه‌یاند و شه‌ڕی نۆ رۆژی نێوان میسر له‌لایه‌ك و فه‌ره‌نسا، به‌ریتانیا و ئیسرائیل له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد و به‌هۆیه‌وه‌ نۆكه‌نده‌كه‌ شه‌ش مانگ داخرا، دواتر له‌ شه‌ڕی شه‌ش رۆژه‌ی ساڵی 1967دا، جارێكی دیكه‌ نۆكه‌ندی سوێس داخرا، له‌ 2015 ه‌شدا حكومه‌تیی میسر ده‌ستیكرد به‌ فراوانكردنی پانتایی نۆكه‌نده‌كه‌ به‌جۆرێك كه‌ پێشوازی له‌ گه‌وره‌ترین كه‌شتییه‌كانی جیهان بكات.

 

به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی غازیتای روسی، تێچووی بارهه‌ڵگری ده‌ریایی به‌هۆی قه‌ره‌باڵغی پاپۆڕه‌ بارهه‌ڵگره‌كانه‌وه‌ له‌به‌رده‌م نۆكه‌ندی سوێس و چه‌قینی كه‌شتییه‌كه‌وه‌، بازدانێكی گه‌وره‌ی به‌سه‌ردا هاتووه‌.

 

هه‌روه‌ها به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی ئاژانسی بلومبێرگ، به‌هۆی رووداوی كه‌شتییه‌كه‌ی نۆكه‌ندی سوێسه‌وه‌، دواكه‌وتنی راده‌ستكردنی به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كان به‌هاكه‌ی به‌ 10ملیار دۆلار ده‌خه‌مڵێنرێت، كه‌ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر نرخی نه‌وت له‌بازاڕه‌كانی جیهاندا دروست ده‌كات.

 

له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر كه‌شتییه‌كان بڕیار بده‌ن رێگه‌یه‌كی جێگره‌وه‌ به‌كاربهێنن و له‌رێگه‌ی ره‌ئس ره‌جا ساڵحه‌وه‌ هاتووچۆ بكه‌ن، ئه‌وا رێڕه‌وه‌كه‌ 9هه‌زارو 650مه‌تری بۆ زیاد ده‌بێت، به‌واتای ئه‌وه‌ی گواستنه‌وه‌ی شتومه‌ك له‌و رێگه‌یه‌وه‌ بڕی تێچووه‌كه‌ی 300 هه‌زار دۆلار زیاد ده‌كات.

 

لای خۆیه‌وه‌، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی روسیا پێشبینی ده‌كات كردنه‌وه‌ی رێگای كه‌شتیوانی له‌رێگه‌ی نۆكه‌ندی سوێسه‌وه‌ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك بخایه‌نێت.

 

كۆمپانیای لیلۆدیس جموجۆڵی رۆژانه‌ی هاتووچۆ له‌نۆكه‌ندی سوێسه‌وه‌ به‌ئاراسته‌ی رۆژئاوا به‌ 5 ملیارو 100 ملیۆن دۆلار ده‌خه‌مڵێنێت، به‌ئاراسته‌ی رۆژهه‌ڵات، 4 ملیارو 500 ملیۆن دۆلاره‌.

 

وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك به‌هه‌ستیاری دۆخه‌كه‌، رۆژنامه‌ی غازیتا ئاشكرایكرد كه‌ كه‌شتییه‌كی زۆر له‌به‌رده‌می نۆكه‌نده‌كه‌وه‌ ریزی به‌ستووه‌و تا هیندستان رۆیشتووه‌.


به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كه‌ناڵی بی بی سی كه‌ له‌داموده‌زگاكانی كه‌شتیوانیوه‌ وه‌ریگرتووه‌، زیاتر له‌ 160 كه‌شتی له‌به‌رده‌م نۆكه‌ندی سوێسدا گیریان خواردووه‌، له‌نێویاندا 24 كه‌شتی نه‌وتی تێدایه‌ و ژماره‌یه‌كیشیان كاڵاو كه‌لوپه‌لیان هه‌ڵگرتووه‌.




PM:10:50:27/03/2021




ئه‌م بابه‌ته 128 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌