عێراق هاوڵاتیانی 37 وڵاتی لە ڤیزا بەخشی


بە مەبەستی "پاڵپشتیکردنی ئابوریی عێراق و پەرەپێدان بەکەرتی وەبەرهێنان" عێراق بڕیاری هاوڵاتیانی 37 وڵاتی لە ڤیزا بەخشی و دەتوانن بەبێ ڤیزا سەردانی عێراق بکەن.  

خالید مەحننا، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق (21ی ئازاری 2021) لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ ڕۆژنامەی "سەباح" ڕایگەیاند، "بڕیاری حکومەتی عێراق بۆ لێخۆشبوونی لە هاوڵاتیانی 37 وڵات لە ڤیزا، بریارێکی زۆر بوێرانە بووە لە دوای پێکهێنانی حکومەت، ئەو بڕیارەش بۆ پەرپێدانی کەرتی وەبەرهێنان و پشتگیری ئابوریی عێراقە کە لە 15ی ئازاردا چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە".  

وتیشی، "بڕیارەکە بازرگان و کۆمپانیاکانی وڵاتانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەمیشەیی، یەکێتی ئەوروپا كه‌ برتین له‌   (نەمسا، بەلجیکا، بولگاریا، قوبرس، کۆماری چیک، دانمارک، ئەستۆنیا، فینلاند، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، یۆنان، مەجارستان، کۆماری ئێرلەندا، ئیتالیا، لاتڤیا، لیتوانیا، لوکسەمبورگ، ماڵتا، ھۆڵەندا، پۆڵەندا، پورتوگال، ڕۆمانیا، سلۆڤاکیا، ئیسپانیا،  سوید، به‌ریتانیا، کرواتیا) له‌گه‌ڵ ژاپۆن، کۆریای باشور، کەنەدا، ئوسترالیا، نیوزلەندا و سویسرا دەگەرێتەوە کە دەتوانن لە ڕێگەی دەروازە ئاسمانییەکان، وشکانییەکان و دەریاییەکانەوە بێنە ناو خاکی عێراقەوە لەبەرانبەر پێدانی پارەی مۆڵەتی چوونە ژوورەوەی 75 دۆلار بۆماوەی دوومانگ".  

وتەبێژەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو کەس و لایەنانەی کە ئەم بڕیارە دەیانگرێتەوە بە چاودێری لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی و ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان بۆ پەتای کۆرۆنا و بەڕێوشوێنی تەندروستیی توندەوە گەشت بۆ عێراق دەکەن".   



PM:12:20:21/03/2021




ئه‌م بابه‌ته 505 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌