وەزیری دارایی: بەهای دینار بەرامبەر دۆلار ناگۆڕدرێت


وەزیری دارایی عێراق دەڵێت، دواخستنی پەسەندكردنی بودجە هۆكارەكەی هونەری نییە و دەشڵێت، بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار پاش توێژینەوە و گفتوگۆ بووە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان و گۆڕانكاری تیاناكرێت.

عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق لەمیانەی چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عێراقی كە ئەمڕۆ سێشەممە 2ی ئازار بڵاوكرایەوە دەڵێت، هیچ پرسێكی هونەری نییە كە ڕێگربێت لە دەنگدان لەسەر بودجە، بەڵكو بەهۆی پشكی هەرێمەوەیە.

وتیشی، "وەزارەت داوادەكات بودجەیەكی پەسەندكراو و بڕیاردراوی لەلایەن پەرلەمانەوە پێبدرێت بۆ زانینی نەخشەڕێگای كۆتایی وڵات”.

عەلاوی ئەوەشی وت، تائێستا ئەو داڕشتە كۆتاییە نازانن كە بۆ بودجەی گشتیی بۆ ساڵی 2021 كراوە. باسی لەوەشكرد كە بەپێی پەیوەندییەكانیان گۆڕانكاری زۆر بەسەر مادەكانی بودجەدا نەهاتووە، بەتایبەت پاش ئەو ڕێككەوتنەی لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجامیانداوە.

دەربارەی بەهای دیناریش وەزیری دارایی ئەوەی خستەڕوو، گۆڕینی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار دوای چەند مانگێک لە توێژینەوە و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی ناوخۆیی و دەرەکی بڕیاری لەسەر دراوە. دوپاتیشیكردەوە، "ئەو نرخە زۆر گرنگە و ناکرێت ڕۆژانە بەپێی خواستی و ئارەزووی خۆمان بگۆڕدرێت”.

عەلاوی ئەوەشی خستەڕوو، "ئەو نرخە زۆر باشە و کاریگەرییەکی زۆر باشی هەبووە بۆ زیادکردنی داهاتی حکومەت و کۆنتڕۆڵکردنی مەزادی دراو و، یەدەگی بانکی ناوەندی زیادیکردووە، ئەمەش دوای ئەوەى لە بەردەم داڕوخانی گەورەی ئابوریدا بووین”.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئێستا بازاڕ بەهای نوێی دۆلاری قبوڵکردووە، ئەوەش دوای ساڵێکی تر هانی زیاتری کەرتی تایبەت دەدات و یەدەگی نەختینەش زیاددەکات.

وەزیری دارایی عێراق ڕونیشیكردەوە، بەپێی ئەو گۆڕانكارییانەی لە پرۆژەی بودجەدا كراوە كورتهێنان بۆ نزیكەی 30 ترلیۆن دینار كەمكراوەتەوە و ئەوەش لە چوارچێوەی تواناكانی حكومەتدایە.



PM:03:37:03/03/2021




ئه‌م بابه‌ته 132 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌