عێراق و توركیا لە هەوڵی دروستكردنی خاڵێكی سنووریی نوێن لەنێوانیاندا


وەزیری گواستنەوەی توركیا ئاشكرایكردووە، بڕیارە خاڵێكی سنووری نوێ لەگەڵ عێراق بكەنەوە.

بەگوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی ئانادۆڵوی توركی، ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ی شوبات، عادل قەرە ئیسماعیل، وەزیری گواستنەوەی توركیا و ناسڕ حسێن، وەزیری گواستنەوەی عێراق كۆبوونەتەوە.

وەزیری گواستنەوەی توركیا ئاشكرایكردووە، هەردوو وڵاتەكە دەیانەوێت خاڵێكی سنووری نوێ لەنێوانیان بكەنەوە و هێڵی ئاسنین بۆ پێكەوە بەستنی توركیا و عێراق بونیاد بنێن.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئامانجیانە هەماهەنگییەكی گەورە لەگەڵ عێراق ئەنجام بدەن بۆ بونیادنانی ژێرخان.

لای خۆشیەوە، وەزیری گواستنەوەی عێراق ڕایگەیاندووە، بەغداد خوازیارە ئەو هاوبەشییە لەگەڵ توركیا ئەنجامبدات، بەتایبەت لە بوارەكانی گواستنەوەی وشكانی و ئاسنین هەماهەنگ بن.

ئەوەش لەكاتێكدایە، لە ئێستادا تاكە خاڵی سنووری كە توركیا و عێراق پێكەوە ببەستێتە خاڵی سنووری ئیبراهیم خەلیلە، كە لە هەرێمی كوردستانە، بەڵام عێراق دەیەوێت جێگرەوەی ئەو خاڵە سنوورییە بونیاد بنێت.


PM:03:05:27/02/2021




ئه‌م بابه‌ته 148 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌