دابەزاندنی دەسەڵات بۆ پارێزگاكان چ گەشەیەك بەپرۆسەی ئابوری دەدات؟


ئەزمونی ساڵانی رابردوو سەلماندویەتی كە پەیڕەوكردنی سیستەمی لامەركەزیەت لەهەرێمی كوردستان‌و دابەزانی دەسەڵات بۆ پارێزگاكان، گەشەیەكی گەورە بەئابوری هەرێمی كوردستان دەدات، ئامارەكان ئەم راستییە دەردەخەن.
 
هەرێمی كوردستان كە ساڵانێكی زۆر بەدەست مەركەزییەتی توندی حكومەتی ناوەندییەوە ناڵاندویەتی، باشترین كار بیكات پەیڕەوكردنی لامەركەزییەت‌و دابەزاندنی دەسەڵاتە بۆ پارێزگاكان، لەو ساڵانەدا كە كار بەم سیستەمە كراوە، دەركەوتووە باشترین ساڵەكانی گەشەی پیشەسازی‌و سێکتەرە ئابورییەکان بوون لەكوردستاندا، وەك بەئاماری وەبەرهێنانەوە لەپارێزگای سلێمانی دەردەكەوێت.
 
لەبڕیاری ژمارە 1975ی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران - ئەنجومەنی ئابوری لە13/8/2012دا، بەواژۆی سەرۆكی هەردوو ئەنجومەنەكە "نێچیرڤان بارزانی" هاتووە "لەپێناو خێرا كردنی پرۆسەی گەشەپێدانی پیشەسازی‌و لابردنی ئاستەنگەكانی بەردەم جێبەجێ‌ كردنی پڕۆژەی پیشەسازی لەهەرێمی كوردستان، هەروەها پەیڕەوكردنی پرەنسیپی لامەركەزیەت‌و دابەزاندنی دەسەڵات بۆ پارێزگاكان‌و كەم كردنەوەی رۆتین لەڕایی كردنی مامەڵەكاندا بڕیاردرا بە:
یەكەم/ پێكهێنانی لیژنەیەك بەسەرۆكایەتی پارێزگارەكانی هەرێم‌و ئەندامیەتی ئەم لایەنانەی خوارەوە بەناوی لیژنەی گەشەپێدان‌و پشتگیری پڕۆژە پیشەسازییەكان لەسەر ئاستی هەر پارێزگایەك:
1-بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵ لەپارێزگا
2-بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنان لەپارێزگا
3-بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەكان لەپارێزگا
4-سەرۆكی شارەوانی (مەركەزی پارێزگا)
5-بەڕێوەبەری نەخشەدانانی ئاوەدانی لەپارێزگا
6-بەڕێوەبەری گەشەپێدانی پیشەسازی لەپارێزگا
7-بەڕێوەبەری خانووبەرەی میری لەپارێزگا
8-نوێنەری ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی لەپارێزگا
هەروەها لەبڕیارەكەدا هاتووە "ئەو دەسەڵاتە بەلیژنە پێكهێنراوەكە دەدرێت كە بۆ تەرخان كردنی زەوی لەسنوری پارێزگاكان بۆ ئەو پڕۆژە پیشەسازیانەی رەزامەندی لایەنە پەیوەندیدارەكانی لەسەر دراوەو تا ئێستا زەویان بۆ تەرخان نەكراوە‌و ئەو پڕۆژانەشی لەداهاتوودا رەزامەندییان لەسەر دەدرێت".
 
هاوكات ئاماژە بەوە كراوە كە "دابین كردنی زەوی بۆ ناوچە‌و شاری پیشەسازی لەپارێزگاكان بەپێی ماستەر پلان، بۆ ناوچەی كۆكاگان لەهەر پارێزگایەك، دابین كردنی خزمەتگوزاری پێویست بۆ ناوچە پیشەسازییەكان"، داواش كراوە وەزیری كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاو ئەو دەسەڵاتانەی دابەزێنێت بۆ بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی پارێزگاكان بەبی گەڕانەوە بۆ دووبارە وەرگرتنی رەزامەندی لەدیوانی وەزارەت، كە دەسەڵاتی كوژانەوەی زەوی كشتوكاڵییە بۆ بەكارهێنانی پیشەسازی لەچوارچێوەی ماستەر پلانی شارەكاندا.
 

 دوای ئەم بڕیارە، لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی لیژنەی گەشەپێدان‌و پشتگیری پڕۆژە پیشەسازییەكان پێكهێنراوەو ئەم لیژنەیە بەشێوەیەكی رێكخراو لەدیوانی پارێزگا بەسەرۆكایەتی پارێزگار دانیشتن‌و كۆبوونەوەی كردووە بۆ تاوتوێ‌ كردنی ئەو داواكارییانەی كە لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە پێشكەش بەلیژنەكە كراوەو بڕیاری پێویستیان لەبارەوە دراوە.  
 
لیژنەی گەشەپێدان‌و پشتگیری پڕۆژە پیشەسازییەكان لەهەموو كۆبوونەوەیەكی داهاتوویدا بەدواداچوونی وردی كردووە بەمەبەستی ئاگادارببون لەجێبەجێكردنی ئەو بڕیارو داواکاریانەی لەكۆبوونەوەی پێشوویدا رەزامەندی لەسەر نواندووە.
 
پەیڕەوكردنی ئەم سیستەمە وایكردووە لەپارێزگای سلێمانیدا ئاستی وەبەرهێنان چەند هێندە بەرزبێتەوە لەماوەی ساڵێكدا، كە سەرمایەی وەبەرهێنان لەساڵی 2012دا 756 ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام لەساڵی 2013دا بەرزبوەتەوە بۆ زیاتر لە 5 ملیار دۆلارو مۆڵەت بۆ پڕۆژەی هەموو سێكتەرەكان دەستەبەر كراوە.

بۆ زیاتر پەی بردن بەگرنگی پەیڕەوی كردنی پرەنسیپی لامەركەزیەت‌و دابەزاندنی دەسەڵات بۆ پارێزگاكان لەخێرا كردنی پرۆسەی گەشەپێدانی پیشەسازی‌و لابردنی ئاستەنگەكانی بەردەم جێبەجێ‌ كردنی پڕۆژەی پیشەسازی، بڕوانە ئەم ئامارو خشتانەی وەبەرهێنان لەپارێزگای سلێمانی لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٦ تا ٢٠١٣.


AM:11:01:16/02/2021




ئه‌م بابه‌ته 146 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌