شاندێکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی لەگەڵ ھاوسەرۆکی یەکێتی کۆبونەوە

بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیکرد لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، ھەڵەبجە و ژمارەیەک لە بازرگانانی سلێمانی و یەکێتی بەڵێندەران-لقی سلێمانی. 

لەمیانی دیدارێکدا سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە راپۆرتێکدا ھەڵوەستەیکرد لەسەر ئاستەنگەکانی بەردەم جموجوڵی بازرگانی و جێبەجێکردنی پرۆژەکان و چەند داواکارییەکی خستەڕوو لەپێناو بووژاندنەوەی رەوتی بازرگانی و بەڵێندەرایەتی لە سنووری سلێمانی و ھەڵەبجە. لەو رووەشەوە داوایان لە ھاوسەرۆک کرد رۆڵی هەبێت لە بەگەڕخستنەوەی شارە پیشەسازییەکان و جێبەجێکردنی یاساکانی ژمارە ١١ و ٢٠ی تایبەت بە پاراستنی بەرھەمە ناوخۆییەکان و پێشخستنی کەرتی پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی کوردستان و لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم پێشکەوتنی کەرتی کشتوکاڵ، پیشەسازی و کاری بەڵێندەرایەتی.

لەبەرامبەردا بافڵ تاڵەبانی وێڕای دەربڕینی سوپاسگوزاری بۆ ئەو سەرمایەدار و خاوەنکارە نیشتمانییانەی لەم دۆخەدا ھاوکار و ھەماھەنگبوون بۆ پێشخستنی ئابووری ھەرێم. جەختیشی لە رەخساندنی زەمینەی لەبارتر بۆ بازرگانان و خاوەنکاران کردەوە و ھەموو پشتگیرییەکی یەکێتیشی دووپاتکردەوە بۆ بەگەڕخستنی سەرمایەی زیاتر لەپێناو ئاوەدانکردنەوە و  گەشەپێدانی زیاتری ژێرخانی ئابووری ھەرێم بەتایبەت پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە. روونیشیکردەوە ھەموو ھەوڵێكی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەپێناو ئاوەدانکردنەوەی زیاتری ھەرێمی کوردستانە بە تایبەت سلێمانی، ھەڵەبجە، ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان. بۆ ئەوەش بڕیارمانداوە ھەموو ئەو ئاستەنگ و گرفتانەی لەمپەرن لەبەردەم ئەم رەوتەدا لاببرێن و ھاوکار و پشتیوانبین بۆ رەخساندنی جموجوڵی زیاتری بازرگانی و کاری بەڵێندەرایەتی و دۆزینەوەی دەرفەتی زیاتری ھەلی کار بۆ گەنجان. راشیگەیاند چەند رێوشوێنێکیان گرتووەتەبەر  و لە داھاتوویەکی نزیکدا کاریگەری دەبێت لە پێشخستنی ئەم ناوچەیە لە ھەموو رووەکانەوە.


PM:09:28:15/02/2021




ئه‌م بابه‌ته 702 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌