بانکی ناوەندیی عێراق: سیستەمێکی نوێی بەیڕەودەکات تاکو کەمتر مامەڵە بە پارەی کاشەوە بکرێت

بانکی ناوەندیی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، رێگەیان کردۆتەوە بۆ سیستەمێکی نوێی بانکی کە سیستەمی دارایی عێراق پێشدەخات، ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌ عیراق دوور دەخاتەوە لە سیستەمی کۆن و نەریتی بانکی.

لە راگەیێندراوێكى بانکی ناوەندیی عێراق كه‌ له‌ ماڵپه‌رى فه‌رمى خۆیان بڵاویكردۆته‌وه‌ تێیدا هاتووە، ئەو سیستەمە نوێیە دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی کە لەوە بەدواوە کەمتر مامەڵە بە پارەی کاشەوە بکرێت، رێگە بۆ بانکەکە خۆش دەکات دژی هەوڵەکانی گەندەڵی و ئاڵۆزییە بیرۆکراسییەکان بوەستێتەوە.

یەکەم بانکیش کە لەو بوارە کەوتووەتەکار، لەژێر ناونیشانی The First Iraqi Bank یان"بانکی عێراقی یەکەم" دەستی بەکارەکانی کرد.

"بانکی عێراقی یەکەم" ماوەی شەش مانگە مۆڵەتی لە بانکی ناوەندیی عێراق وەرگرتووە، بۆ یەکەمجار بانکی ناوەندیی عێراق رێگەی بەو بانکە داوە کە سەردانکەران و هاووڵاتیان بتوانن لە ماڵەوە یان لە هەر شوێنێکی دیکە بەئاسانی و لە ماوەی چەند خولەکێکی کەمدا هەژماری بانکی خۆیان بە لەبەرچاوگرتنی ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی بانکی بکەنەوە.

لەکاتی ئەم پرۆسەشدا کۆمپانیایەکی بەنێوبانگی ئەمریکی بە ناوی (Aquant) کە هاوبەشە لەگەڵ بانکی عێراقی یەکەم و تایبەتمەندە لەو بوارەدا و، هەموو تاقیکردنەوەکان دەکات بۆ ئەوەی بۆی دەرکەوێت ئەو کەسەی کە داوای هەژماری بانکی دەکات، کەسێکی گونجاوە و هیچ ریکۆردێکی شووشتنەوەی پارە و کاری نایاسایی نییە.

بانکی ناوەندیی عێراق لەو بارەیەوە ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌: سیستەمەکە نوێیە هەروەها هانی مامەڵەی بازرگانی و گواستنەوەی پارە بە رێگەی دیجیتاڵەوە دەدات کە دەبێتە مایە کەمکردنەوەی کاتی مامەڵەکان و خێرایی کارە داراییەکان.

سیستەمە نوێیەکەی بانکی ناوەندی رێگە بۆ بانک و ناوەندە داراییەکان خۆش دەکات کە لەڕێگەی ئۆنلاینەوە هەژماری بانکی بۆ هاووڵاتیان و بەکارهێنەران بکەنەوە، رێگەى بۆ گواستنەوەی پارە و مامەڵەی ئەلیکترۆنی و دیجیتاڵی خۆش بکەن.

ئامانجی بانکی عێراقی یەکەم ئەوەیە کە تاوەکو 3 ساڵی داهاتوو 80٪ ی گواستنەوەی پارە و مامەڵەی بازرگانی و گواستنەوەی پارە بە رێگەی ئۆنلاین و بە تەلەفۆن ئەنجام بدرێت.

ناوەندە داراییەکانی جیهان، وەک بانکی جیهانی و سندووقی نێودەوڵەتی دراو بەردەوام عێراق هاندەدەن کە سیستەمی بانکی ئەو وڵاتە بە ئەلیکترۆنی بکات و پێشبخات.

بانکی ناوەندیی عێراق بەردەوام لەرێگەی جیاوازە هانی بانکە تایبەتەکانی داوە کە بەکارهێنانی کارتی بانکی لە سیستەمی دارایی عێراق پەرەپێبدەن.


PM:04:35:07/02/2021




ئه‌م بابه‌ته 246 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌