پەرلەمانتارێكی عێراق: بەمزووانە دەنگ لەسەر یاسای نەوت و گاز دەدرێت


یاسای نەوتی گاز لە عێراق یەكێكە لەو یاسایانەی رێگری لە دەرچوونی كراوە لە پەرلەمان، هۆكاری جیاواز بۆ دەرنەچوونی هەیە، ئەوەی هەیە پێكهاتەكان یەكتر بە رێگریكردن تۆمەتبار دەكەن، هاوكات بە چارەسەری بۆ كێشەی نەوت و گازی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەزانن، پەرلەمانتارێكی عێراق باس لە تەواوبوونی داڕشتنی یاساكە لە پەرلەمان دەكات.
 
زەیتوون دلێمی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممه‌ ئاشكرای كرد كە هەموو ناكۆكییەكانی پێوەست بە یاسای نەوت و گاز بە سازانی هەرسێ پێكهاتەی عێراق چارەسەر كراوە، روونی كردەوە، داڕشتنی یاساكە كۆتایی هاتووە و دراوەتە دەستەی سەرۆكایەتی بەمەبەستی خستنی بۆ ناو بەرنامەی كاری دانیشتن و دەنگدان لەسەری.

ئەو پەرلەمانتارە دووپاتی كردەوە، بەمنزیكانە یاساكە لە پەرلەمان دەخرێتە دەنگدانەوە و هیچ كێشەیەكیشی لەپێش نییە بۆ ئەوەی دەنگدانەكە دوابخرێت، ئاماژەی كرد كە پەسندكردنی یاساكە لەو خولەی ئێستەی یاسادانان بێگومانە.

بەپێی چاودێران دەركردنی یاسای نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق كاریگەری گەورەی دەبێت، لەوانە بۆ سەر رێكخستنی پێوەندی هەرێمی كوردستان و عێراق لە بواری نەوت و گاز و دابەشكردنی داهاتە سروشتییەكان، كە بە بەردەوام كێشەیەكی هەڵپەسێردراوی نێوان هەولێر و بەغدا بووە.



PM:11:04:21/01/2021




ئه‌م بابه‌ته 215 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌