كشتوكاڵی هەرێم و عێراق “ڕێككەوتن واژوو دەكەن”


وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم "كێشە هەڵپەسێردراوەکانی” لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵ و بازرگانیی عێراق تاووتوێكردووە، بێگەرد تاڵەبانیش ڕایگەیاندووە، "ڕێككەوتن واژوو دەكەن”.

لە ڕاگەیەندراوێكدا، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاندووە، "ئەمرۆ بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای وەزارەتمان لە بەغداد، سەردانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق و وەزارەتی کشتوکاڵمان کرد”.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، "لەو دوو دانیشتنەمان بە ئامادەبوونی هەردوو وەزیری پەیوەندیدار، باسمان لە هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو وەزارەتی تایبەتمەند کرد”.

بێگەرد تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، "بڕیاروایە بەیانی لیژنەیەکی باڵای هاوبەش بە سەرۆکایەتیی هەردوو وەزیر کۆببینەوە، بۆ ئەوەی کە ڕێککەوتن بکەین لەسەر هەموو ئەو خاڵە هاوبەشانەی کە پێویستن هەردوو وەزارەت هەماهەنگیی تەواوەتی بکەن لە جێبەجێكردنیاندا”.

سەبارەت بەو خاڵانەی بڕیارە ڕێككەوتنی لەسەر بكرێت، وەزیری كشتوكاڵی هەرێم باسی لەوەكردووە، "پەرەپێدانی سێکتەری کشتوکاڵ بە تایبەتی کەرتی ئاژەڵی و پەلەوەری و بەروبوومەکانی تر ئەو خاڵانەن دەبێت هەماهەنگییان لەسەر بكرێت”.


AM:11:27:12/01/2021




ئه‌م بابه‌ته 87 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌