بانكی رافیده‌ین داوا له‌ هاوڵاتیان ده‌كات كه‌ پاره‌كانیان له‌ماڵه‌وه‌ هه‌ڵنه‌گرن

بانكی رافیده‌ینی عێراق ئه‌و سووده‌ گه‌ورانه‌ ئاشكرا ده‌كات كه‌ هاووڵاتیان له‌به‌رامبه‌ر دانانی پاره‌كانیان له‌ بانك وه‌ریده‌گرن.

ئاوێنه‌: ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ بانكی رافیده‌ین رایگه‌یاندووه‌ كه‌ به‌رده‌وامن له‌ كردنه‌وه‌ی هه‌ژماری بانكیی بۆ هاووڵاتیان و چین و توێژه‌كانی دیكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پاره‌كانیان له‌بانك دابنێن.

له‌مباریه‌وه‌ نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی بانكه‌كه‌ له‌ راگه‌یه‌نراوێكی رۆژنامه‌وانیدا ده‌ڵێت: به‌رده‌وامین له‌ كردنه‌وه‌ی هه‌ژماره‌كانی هاووڵاتیان بۆ دانانی پاره‌كانیان له‌ بانك و وه‌رگرتنی سووده‌ ئه‌رێنییه‌كانی.

هه‌روه‌ها بانكه‌كه‌ داوا له‌ هاووڵاتیان ده‌كات بۆ زانینی رێنماییه‌ تایبه‌تییه‌كان و دانانی پاره‌كانیان، سه‌ردانی لقه‌كانیان بكه‌ن و هاوكات داواش له‌ هاووڵاتیان ده‌كات كه‌ پاره‌كانیان له‌ماڵه‌وه‌ هه‌ڵنه‌گرن .

شایانی باسه‌ دوای ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ی كه‌به‌هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وت و بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرونا، به‌رۆكی عێراقی گرتووه‌،بانكی رافیده‌ین چه‌ند جارێكه‌ داوا له‌ هاووڵاتیان ده‌كات كه‌ پاره‌كانیان له‌ماڵه‌وه‌دا هه‌ڵنه‌گرن ،هه‌روه‌ها بڕیاریشه‌ ئه‌مڕۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق یاسای كورتهێنانی دارایی بخاته‌ ده‌نگدانه‌وه‌، كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ بۆته‌ هۆی دواكه‌وتنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران.


AM:10:52:11/11/2020




ئه‌م بابه‌ته 344 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌