ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی له‌باره‌ی كێشه‌ و گرفتی كارگه‌كان له‌گه‌ڵ قایمقامیه‌ت كۆده‌بێته‌وه‌

نوێنه‌رانی پیشه‌سازی، ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی له‌گه‌ڵ ئاوات محه‌مه‌د قایمقامی سلێمانی له‌باره‌ی كێشه‌ و گرفتی كارگه‌كانی سلێمانی كۆبونه‌وه‌.

ئه‌مرۆ پێنجشه‌ممه‌، نوێنه‌رانی  ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی  كه‌ پێكهاتبوون له‌(دلاوه‌ر سۆفی كه‌ریم، ئاراس عه‌بدولكه‌ریم، به‌ختیار مه‌لا ئه‌مین، كه‌مال سه‌عید ته‌ها كۆیی) سه‌ردانی قایمقامیه‌تی سلێمانیان كرد و له‌گه‌ڵ ئاوات محه‌مه‌د و سه‌رۆكی لیژنه‌كانی قایمقامیه‌ت  كۆبونه‌وه‌، گفتوگۆیان له‌باره‌ی كێشه‌ و گرفتی كارگه‌ ناوخۆییه‌كانی سلێمانی كرد.

له‌م باره‌یه‌وه‌ دلاوه‌ر سۆفی كه‌ریم، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی كارگێری ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی رایگه‌یاند ''له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا باسمان له‌و كێشه‌ و گرفتانه‌ كرد كه‌ رۆژانه‌ ڕووبه‌ڕوی خاوه‌ن كارگه‌كانی شاری سلێمانی ده‌بێته‌وه‌ به‌ تایبه‌تی ئه‌و كارگانه‌ی به‌رهه‌می ناوخۆیان هه‌یه‌، و كێبركێی وڵاتانی دراوسێ ده‌كه‌ن له‌ به‌رهه‌مه‌كانیاندا، داوامان له‌ قایمقامیه‌تی سلێمانی كرد هه‌وڵه‌كانیان بخه‌نه‌گه‌ڕ به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كانیان''. 

لای خۆشیانه‌وه‌ ئاوات محه‌مه‌د، قایمقامی سلێمانی و سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قایمقامیه‌ت، رایانگه‌یاند ''به‌ هه‌موو توانایه‌كیانه‌وه‌ پاڵپشتی له‌ به‌رهه‌می ناوخۆی كارگه‌كان ده‌كه‌ن و هه‌وڵی ته‌واو ده‌ده‌ن بۆ چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌و گرفته‌كان، هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ن به‌ ئاڕاسته‌ی زیادكردنی به‌رهه‌می ناوخۆ''.

دلاوه‌ر سۆفی كه‌ریم ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ''یه‌كێك له‌ كێشه‌ و گرفته‌كانی كارگه‌كانی سنوری پارێزگای سلێمانی بریتییه‌ له‌وه‌ی یاسا و ڕێنماییه‌كانی حكومه‌تی عێراق به‌سه‌ر كارگه‌كاندا جێبه‌جێ ده‌كرێت به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا، رێگه‌ ده‌درێت كاڵا و به‌رهه‌می بێ كوالێتی له‌ڕێگه‌ی ده‌روازه‌ سنورییه‌كانه‌وه‌ هاورده‌ بكرێت، كه‌ له‌گه‌ڵ یاسا ڕێنماییه‌كانی حكومه‌تی عێراق و هه‌رێمدا ناگونجێت و له‌بازاڕه‌كانیشدا ده‌فرۆشرێت كه‌مه‌ش واده‌كات كارگه‌كانی ناوخۆ نه‌توان كێبڕكێ بازاڕ بكه‌ن، به‌تایبه‌تی له‌ بواری پاكه‌ره‌وه‌دا به‌ گوێره‌ی یاساكانی حكومه‌تی عێراق و هه‌رێم ده‌بێت ماده‌كانی پاكه‌ره‌وه‌ ستانداری ئه‌كتیڤیان  ١٩ بێت، به‌ڵام زۆربه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌وه‌ هاورده‌ ده‌كرێت و ئێستا لە بازاڕدایە لەخوار ٩ یه‌ و له‌بازاڕه‌كانیشدا ده‌فرۆشرێت''.

ئاوات محه‌مه‌د قایمقامی سلێمانی رایگه‌یاند، ''له‌مه‌ودوا كارده‌كه‌ن له‌سه‌ر ڕێكخستنه‌وه‌ی فرۆشتنی ماده‌كانی پاكه‌ره‌وه‌ له‌ بازاڕه‌كانی سلێمانیدا و هه‌ر جۆره‌ ماده‌یه‌ك ئه‌كتیڤه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یاسا و ڕێنماییه‌كاندا نه‌گونجێت، له‌لایه‌ن لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانه‌وه‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گیرێت و ڕێگه‌ نادرێت بفرۆشرێت''.

ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی سپاسی  قایمقام و سه‌رجه‌م لیژه‌ هاوبه‌شه‌كانی قایمقامیه‌ت ده‌كات كه‌ توانیویانه‌ سه‌ركه‌وتوانه‌ كاره‌كانیان بكه‌ن و داواكاریشه‌ زیاتر پشتیوانی له‌ به‌رهه‌می ناوخۆی بكه‌ن.









PM:01:07:05/11/2020




ئه‌م بابه‌ته 241 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌