هۆكاری ناسەقامگیری نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی ئاشكرا دەكرێت

  
ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق، هۆكاریی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە وڵاتدا ئاشكرا دەكات و دەڵێت، بەهۆی چاپكردنی نوێیە بەبێ‌ ئەوەی ڕەسیدێك هەبێت ڕوماڵی بكات، ئەمەش بە وتەی ئەو، سەرپێچی یاسای ژمارە 56ی ساڵی 2004ی بانكی ناوەندییە.

ناجی سەعیدی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”هۆكاریی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، دەركردنی دراوی نوێیە، یان تەمویلی هەڵاوسانی سیاسەتەكانی نرخی خەرجییە، چاپكردنی دراوی نوێ‌ سەرپێچی یاسای ژمارە 56ی ساڵی 2004ی بانكی ناوەندییە كە دەڵێت، نابێت بەبێ‌ ڕەسیدێك كە ڕوماڵی بكات دراوی نوێ‌ چاپبكرێت، ئەمەش بۆتە مایەی بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار لە عیراق”.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق دەڵێت”سودمەند لە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، بانكە هاوبەشەكانن لە فرۆشتنی ئاشكرای دراو كە جیاوازییەكە دەستەبەردەكەن بۆخۆیان، بۆنمونە، 100 دۆلار بە 118 هەزار دەكڕێن و بە 128 هەزار دینار دەیفرۆشنەوە، لێرەدا لە هەر 100 دۆلارێك 10 هەزار دینار قازانج دەكەن”.

سەعیدی پێیوایە”گەر سەقامگیریی دارایی لە وڵاتدا هەبوایە، ئەو 10 هەزار دینارە دەخرایە سەر بودجە، چونكە وەزارەتی دارایی خاوەنی دۆلارە و دەیفرۆشێت بە بانكی ناوەندی، گەر لە وڵاتدا سەقامگیریی دارایی هەبوایە، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دەبووە مایەی كەمبوونەوەی كورتهێنان لە بودجەی دارایی دەوڵەت”.

ئەمڕۆ بانكی ناوەندی عیراق ڕایگەیاند، نرخی فرۆشتنی سەد دۆلار لە بازاڕەكانی ناوخو 125.500 دینارە، و نرخی فرۆشتنی 124.500 دینارە.


PM:06:55:28/10/2020




ئه‌م بابه‌ته 232 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌