نرخی لیره‌ی توركی‌ زیاتر دابه‌زی

ئه‌مڕۆ ئه‌گه‌رچی بازاڕی بۆرسه‌ی دراو له‌ توركیا داخراوه‌ و نه‌كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی تاقیكردنه‌وه‌ی مووشه‌كی S400 له‌ ئاسمانی ده‌ریای ڕه‌ش، نرخی لیره‌ زیاتر داته‌پی، به‌هۆیه‌وه‌ كاریگه‌ری زیاتری له‌سه‌ر ئابووری ئه‌و وڵاته‌ دروست كرد‌، له‌به‌رئه‌وه‌ به‌ ڕۆژێكی ڕه‌ش له‌ مێژووی توركیا بۆ ئه‌و دراوه‌ تۆمار ده‌كرێت.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 17ی تشرینی یه‌كه‌م، موراد سوڵتان له‌ بۆرسه‌ی‌ باكوری‌ توركیا له‌ ویلایه‌تی ترابزۆن‌ ڕاگه‌یاند، ئه‌مڕۆ دۆلاری ئه‌مه‌ریكا نرخی به‌رانبه‌ر لیره‌ زیاتر دابه‌زی، 100 دۆلاری ئه‌مه‌ریكی به 801 لیره‌ی توركی له‌ بۆڕسه‌كانی‌ توركیا ئاڵوگۆڕی پێ ده‌كرێت، له‌ بازاڕی ئازادیشدا تا 830 لیره‌ نرخه‌كه‌ی دابه‌زیوه‌ و مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ كراوه‌.

زیاتر وتی، "دوای ئه‌وه‌ی ئه‌نكه‌ره‌ ئه‌مڕۆ بڕیاری دا سیستمی به‌رگریی ئاسمانی ئێس-400ی ڕووسی بخاته‌ كار و دانه‌یه‌ك له‌ ده‌ریای ڕه‌ش له‌ شاری سینۆپی تاقی بكاته‌وه‌، به‌هۆیه‌وه‌ ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپا نیگه‌رانیان ده‌ربڕیوه‌ و چه‌ندان وڵات تاوتوێی سازانی وڵاته‌كه‌مان ده‌كه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌یش بازاڕی دراو شڵه‌ژانی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ و چاوه‌ڕوان ده‌كه‌نی تا 850 لیره‌ بگات".

سیستمی S400 مووشه‌كی، سیستمێكی دژه‌فڕۆكه‌یه‌ و له‌ ساڵانی نه‌وه‌ته‌كان له‌لایه‌ن نووسینگه‌ی سه‌نته‌ری دیزاینی ئه‌ڵماز له‌ ڕووسیا به‌رهه‌م هاتووه‌، له‌ ساڵی 2007 ه‌وه‌ له‌لایه‌ن سوپای ڕووسیاوه‌ به‌كار دێت.

دابه‌زین و به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی لیره‌ له‌ژێر كاریگه‌ریی سیاسه‌ته‌كانی ئه‌ردۆغان و هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگی جۆراوجۆر له‌ لایه‌ك و سیاسه‌ته‌كانی ناوخۆ له‌لایه‌كی تر بووه‌، ئه‌م دابه‌زینه‌یش چه‌ند ساڵێكه به‌رده‌وامه‌‌، بۆیه‌ گومان ده‌كرێت حكوومه‌تی ئه‌و وڵاته‌ په‌نای بردبێته‌به‌ر چاپكردنی پاره‌ له‌ ناوخۆی وڵات.


PM:07:43:17/10/2020




ئه‌م بابه‌ته 380 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌