سەرەڕای كرانەوەی سنوور بازاڕی بەرهەمی خۆماڵیی پێنجوێن گەرمە


سەرباری بڕیاری وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ دەستپێكردنەوەی هاوردەكردنی تەماتەی ئێرانی لە رێی خاڵە سنوورییە نێودەوڵەتییەكانەوە، هێشتا وەرزی تەماتە لە سنووری شارۆكەی پێنجوێن گەرمە، هاوكات رووداوەكانی هاتوچۆش بەو هۆیەوە، روو لە هەڵكشانە.

خالید كەریم ئەندازیاری كشتوكاڵی و شارەزا لە بەرهەمی تەماتە لە پێنجوێن راگەیاند، ئەمساڵ رووبەڕێكی یەكجار زۆر لە زەوییە كشتوكاڵییەكان لەلایەن جووتیارانەوە كراوەتە تەماتە و لەلایەن كڕیارانی عەرەبەوە، خواستێكی زۆری لەسەر هەبووە.

ئەو وتیشی "ئێستە كە كەشوهەوای سنوورەكەمان رووی لە ساردبوون كردووە و پلەكانی گەرما نزم بوونەتەوە، كاریگەری لەسەر بەرهەمی تەماتە هەیە، بەڵام لە بەشێكی زۆری زەوییەكان هێشتا جووتیاران تەماتەیەكی باشیان ماوە و رۆژانە دەیچننەوە و لە هەوڵی ساغكردنەوەیدان لە عەلوەكانی ناوچەكە".

وەك زیاتر خستیەڕوو ساڵانە لەم كاتەدا دیاردەی شەختە دێتە ئاراوە، واتە نزمبوونەوەی پلەكانی گەرما، كاریگەری لەسەر لەناوچوونی تەماتە دەبێت.

بڕیاری هاوردەكردنی تەماتەی ئێرانی لەرێی خاڵە سنوورییە نێودەوڵەتییەكانەوە دەركراوە
كاوە عەزیز جووتیار لە پێنجوێن، ئاماژەی دا، راستە دوێنێ چوارشەم لە لایەن وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی هەرێمەوە، بڕیاری هاوردەكردنی تەماتەی ئێرانی لەرێی خاڵە سنوورییە نێودەوڵەتییەكانەوە دەركراوە و لە ئەمڕۆوە چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام هێشتا وەرزی تەماتە لە سنوورەكەماندا گەرمە و هەرچۆنێك بێت وەك جووتیاران لە هەوڵی زوو ساغكردنەوەدان.

بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی پێنجوێن، ئەوە خراوەتە ڕوو كە "تەنیا لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا، زیاتر لە پێنج روودای هاتوچۆ بەهۆی تیژڕۆیی و پابەند نەبوونی شۆفێران و خراپی رێگەوبانەكان، لەسەر هەردوو رێی سەرەكی (گەرمك – پێنجوێن) و (ناڵپارێز – پێنجوێن) روویان داوە.

لە ئامارەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، بەشێكی سەرەكی ئەو رووداوانە كە كەسێك گیانی لەدەست داوە و ژمارەیەكی تر بریندار بوون، ئەو ئۆتۆمبێلانەن كە رۆژانە كاری گواستنەوەی تەماتە بۆ عەلوەكانی سنوورەكە و شاری سلێمانی دەكەن.

شارۆكەی پێنجوێن دەكەوێتە باكوری رۆژهەڵاتی پارێزگای سلێمانی و 96 كیلۆمەتر لێوەی دوورە، ساڵانە لە وەرزەكانی هاوین و پایزدا، بەهۆی بوونی رێژەیەكی زۆر لە بەرهەمە كشتوكاڵییەكان، بازاڕی كڕین و فرۆشتنی تەماتە و میوەكانی تر گەرم دەبێت.
 
سه‌رچاوه‌: وشه‌


PM:08:25:16/10/2020




ئه‌م بابه‌ته 198 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو‌