گەشتە ئاسمانییەكانی نێوان هەرێم و عێراق لەگەڵ توركیا دەستپێدەكەنەوە

گەشتە ئاسمانییەكانی نێوان هەرێم و عێراق لەگەڵ توركیا دەستپێدەكەنەوە، بەڕێوبەری فڕۆكەخانەی سلێمانیش  ڕایگەیاند، لەئێستادا گەشتەكان تەنها لەگەڵ هەولێر و بەغدادن.

پاش هەڵپەساردنی گەشتە ئاسمانییەكانی توركیا لەگەڵ هەرێمی كوردستان و عێراق، بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو گەشتەكانی هەولێر و بەغداد لەگەڵ ئەستەنبوڵ دەستپێبكەنەوە.

تاهیر عەبدوڵا، بەڕێوبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، وەك ئەوەی ڕاگەیەنراوە گەشتەكانی توركیا لەگەڵ فڕۆكەخانەكانی هەولێر و بەغداد دەستپێدەكەنەوە.

بەڕێوبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی وتیشی، تائێستا هیچ بڕیارێكیان لەبارەی دەستپێكردنەوەی گەشتەكانی نێوان فڕۆكەخانەی سلێمانی و ئەستەنبوڵ پێڕانەگەیەنراوە.

لای خۆیەوە كۆمپانیای توركش ئێرلاین دەستپێكردنەوەی گەشتەكانی لەگەڵ هەولێر و بەغداد بڵاوكردەوە.

هاوكات ئەحمەد قوبلای، بەڕێوبەری كۆمپانیای سمایڵ هۆڵیدەی تایبەت بە گەشتوگوزار لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، یەكەم گەشتی توركش ئێرلاین ڕۆژی شەممە 26ی ئەیلول لەنێوان هەولێر و ئەستەنبوڵ ئەنجامدەدرێت.

وتیشی، "بۆ لەمەودوا هەفتانە سێ گەشتی ڕاستەوخۆ لەنێوان هەولێر و ئەستەنبوڵ ئەنجامدەدرێت”.

بەهۆی ڕێگرییەكانی تایبەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە مانگی ئازاری ڕابردوو، گەشتە ئاسمانییەكانی نێوان توركیا و عێراق ڕاگیران.

بڕیاربوو ڕاگرتنی گەشتەكان تا سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی داهاتوو بەردەوام بێت، بەڵام بەر لەو وادەیە دەستپێدەكەنەوە.


AM:10:56:23/09/2020




ئه‌م بابه‌ته 425 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌