دەستەی گەشتوگوزار: بازاڕەكان بەهۆی گەشتیارانەوە بوژاونەتەوە

دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، لە ئەنجامی ئاسانکاری هاتوچۆ و بەهۆی هاتنی گەشتیارانەوە جموجۆڵی بازرگانی كەوتووەتە بازاڕەوە.

نادر روستی، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار،  ڕاگەیاند: "پاش ئەوەی بڕیاردرا كە شوێنە گەشتیارییەكان بكرێنەوە، ئێستا ناوچە گەشتیارییەكان لە هەولێر و سلێمانی ئاسایی بۆتەوە و جوڵەیەکی باش هەیە".

وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ئاماژەی بەوەدا، بەهاتنی گەشتیاران جارێكی تر بازاڕەكان بووژاونەتەوە، گوتیشی: "گەشتیاران چەندە روو لە شوێنە گەشتیارییەكان دەكەن، ئەوەندەش روو لە بازاڕ دەكەن و ئەمەش ئەركی سەرشانی حكوومەت سووك دەكات و گیرفانی هاووڵاتییانیش گەرم دەكاتەوە، بەتایبەت پاش قەیرانی کۆڕۆنا، کە ناوچە گەشتیارییەکان داهاتیان سفڕ بوو".

روستی ئەوەشی خستەڕوو، هۆتێل و رێستورانتەكان كراونەتەوە، نرخەكان لە رێستورانتەكان هەڵواسراون و گەشتیار ئازادە دەچێتە كام رێستورانت و چێشتخانە و لەكامە شوێنی گەشتیاری دەمێنێتەوە، ئەم جموجۆڵەش جارێكی دیكە كاریگەری كردۆتە سەر بازاڕ.

رونیشی كردەوە، حكوومەتی عێراق بڕیاریداوە فڕۆكەخانەكان كراوەبن بۆ حاڵەتە پێویستەكان، سنوورەكانیش هێشتا ئاسایی نەبووەتەوە، ئەوەی گرنگ بوو كە لە ٧٥٪ی رێژەی گەشتیاران لە ناوەڕاست و خوارووی عیراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان دێن.


PM:04:12:16/09/2020




ئه‌م بابه‌ته 73 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌