تومەنی ئێرانی زیاتر دابه‌زی


بەهۆی قەیرانی ئابووری و گەمارۆکانی ئەمەریکا و لێکەوتەکانی کۆرۆنا، بەهای تومەنی ئێرانی لە سەرەتای ئەمساڵەوە نیوەی بەهاکەی لەدەستداوە.

بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، کە پشتی بە پێگەی بۆباست بەستووە، بەهای دۆلارێکی ئەمەریکی لە بازاڕی رەشی ئێران بۆ 2635 تومەن بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا رۆژی هەینی رابردوو بە 2570 تومەن مامەڵەی پێوەدەکرا.

ئەو دراوە ئێرانییە لە سەرەتای ئەمساڵەوە 49%ـی بەهاکەی لە دەستداوە، بە تایبەت دوای ئەوەی نرخی نەوت بە شێوەیەکی سەخت داڕما و زیانەکانی سەر ئابووری ئێرانی قووڵتر کردەوە. هاوکات لە لایەکی دیکەشەوە ڤایرۆسی کۆرۆناش زیانی زۆری بە ئابووری ئێران گەیاندووە، بە جۆرێک بەرزترین ژمارەی گیان لەدەستدانی بەهۆی ئەو پەتایەوە تۆمارکردووە.

پەیمانگەی پارەدارکردنی نێودەوڵەتی لە سەرەتای ئەمساڵ رایگەیاند، بەهۆی گەمارۆکانی ئەمەریکا و داکەوتنی نرخی نەوت بۆ ئێران ساڵێکی سەخت دەبێت، و یەدەگی دراوی بیانی وڵاتەکەش دادەبەزێت.

ئەو پەیمانگە نێودەوڵەتییە ئاماژەی بەوەشداوە، ئەگەر سزاکانی ئەمەریکا بەو شێوەیە بەردەوام بێت، دوای دوو ساڵ لەو داکەوتنە سەختەی ئێران، وڵاتەکە گەشەیەکی زۆر لاوازی دەبێت و رێژەی بێکاری بەرزتر دەبێتەوە، هەروەها یەدەگی وڵاتەکە کەمدەکات.

ئەمڕۆ 100ھەزارتومەنی ئێرانیی لە بازاڕەكانی كوردستان بەرامبەربە 4800 دیناری عێراقییە.


PM:04:17:13/09/2020




ئه‌م بابه‌ته 142 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌