سلێمانی: بۆ پڕکردنەوەی کەموکورتییەکان رێگە بە هاوردەکردنی مریشک و ماسی دەدرێت

جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی سلێمانی رایگەیاند، بە مەبەستی پڕکردنەوەی کەموکورتییەکان مانگی داهاتو رێگە بە هاوردەكردنی (300) تۆن پارچەكانی مریشك و (800) تۆن ماسی دەدرێت.

بەمەبەستی راگرتنی هاوسەنگی و زیاد نەبونی نرخ، هاوردەی بەروبومی پەلەوەری دیاریدەكرێت و جێگری بەرێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی-ش رایدەگەیەنێت بەمەرجەكانی ڤێتەنەری و تەندروستی بەرهەمەكان هاوردە دەكرێت.

بە پێی راگەیەندراوێکی قائیمقامیەتی سلێمانی، ئەمڕۆ یەكشەممە (2020.9.13) لە دیوانی قائیمقامیەت، ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ لیژنەی دیاری كردنی بەروبومی ئاژەڵی و پەلەوەری پارێزگای سلێمانیدا كۆبوەوە، پاش هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی بەروبومی ناوخۆیی، بڕیاردرا پێداچونەوە بەبڕی ئەو بەروبوم و پێداویستیانەدا بكرێت كە هاوردەی پارێزگای سلێمانی دەكرێت.

لە دوای كۆبونەوەكەش رزگار حمد خدر- جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی سلێمانی رایگه‌یاند: بە لەبەرچاوگرتنی هاوسەنگی لە نێوان بەرهەمی ناوخۆ و هاوردەكراو، بڕیاردراوە مانگی داهاتو رێگە بە هاوردەكردنی (300) تۆن پارچەكانی مریشك و (800) تۆن ماسی بدرێت تا كەموكورتیەكان و خواستی بەكارهێنەرەكان و پێداویستی بازاڕ پڕبكاتەوە.

وتیشی: لە كۆبونەوەكەدا بڕیار دراوە تەنها پێنج سەد تۆن گۆشتی سور و پێنج هەزار سەر ئاژەڵا بۆ مانگی ئایندە هاوردەبكرێت.


PM:03:36:13/09/2020




ئه‌م بابه‌ته 120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌