چەند کۆمپانیایەکی گەورە بەرهەمی پەتاتەی هەرێم ساغدەکەنەوە

بۆ چارەسەرکردنی چەند گرفتێکی پەیوەست بە بەرهەمی پەتاتە لە ناوخۆدا، لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ خاوەنی هەرسێ کارگەی گەورەی ساغکردنەوەی بەرهەمی پەتاتە (له‌یز، زین العراق، نهار الاوراد) کۆبووه‌وە.
 
كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتی عەبدولستار مەجید سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، بە یاوەریی ژمارەیەک لە ئەندامانی لیژنەکە به‌ڕێوه‌چوو، له‌ میانی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا چەند گرفتێکی پەیوەست بە بەرهەمی پەتاتە لە ناوخۆدا بە وردی باسکرا و بڕیاری کۆبوونەوەیەکی گرنگی فراوانیش درا بۆ چارەسەرکردنیان.

ئێستا لە ناوخۆدا ساڵانە ٤٠٠ هەزار تۆن پەتاتە بە هەموو جۆرەکانییەوە بەرهەمدەهێنرێت، ئەم سێ کارگەیەش مانگانە پێویستییان بە ٢٢ هەزار تۆن پەتاتەی جۆری پیشەسازی هەیە.

به‌پێی هه‌واڵێكی پێگه‌ی فه‌رمی په‌رله‌مان، کێشەی ئەم کارگانە ئەوەیە کە ئەو پەتاتەیەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بەرهەمیدەهێنن، هەمووی جۆری پیشەسازی نییە، بەڵکو بەشی زۆری پەتاتەی ئاسایی خواردنی هاووڵاتییانە و بەرهەمی ناوخۆ توانای پڕکردنەوەو دابینکردنی پێداویستیی ئەو سێ کارگەیەی نییە.

دوای گفتوگۆی ورد و ڕا گۆڕینەوەی لیژنەی کشتوکاڵ و نوێنەرانی ئەو سێ کارگەیە و نوێنەری بەرھەمھێنانی پەتاتە، لیژنەکە بڕیاریدا لەڕۆژانی داهاتوودا کۆبوونەوەیەکی فراوان لەنێوان (وەزارەتی کشتوکاڵ و وەزارەتی بازرگانی و نوێنەرانی هەرسێ کارگەکە و جووتیاران و وەبەرهێنەرانی بەرهەمی پەتاتە و نوێنەری عەلوەکان و خاوەنی ساردخانەکان) لە لیژنەی کشتوکاڵ و بەسەرۆکایەتیی لیژنەکه‌ ئەنجام بدرێ و تیایدا گفتوگۆی ورد و چڕ دەکرێ لەسەر گرفتی ئەو کارگانە و کەمی بەرهەمی پەتاتەی پیشەسازیی ناوخۆو توانای جووتیاران بۆ دابینکردنی و ئەگەرەکانی هاوردەکردنی.


AM:09:33:13/09/2020




ئه‌م بابه‌ته 130 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌