هاتنەناوەوەی بارهەڵگر لە دەروازەی باشماخەوە دەستپێدەکاتەوە


له‌مڕۆ شه‌ممه‌ 12ی ئه‌یلولی 2020، هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی بارهه‌ڵگر لە دەروازەی باشماخەوە بۆ هەرێم ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند رۆژێك بوو راگیرابوو.

مەریوان عومەر، بەڕێوەبەری دەروازەی سنووری باشماخ رایگەیاندووه‌: "هۆکاری راگرتنی هاتنەناوەوەی بارهەڵگری ئێرانی لە دەروازەکەوە، بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی بووە و هیچ پەیوەندییەکی بە سەردانەکەی مستەفا کازمییەوە نه‌بووه‌".

راشیگه‌یاندووه‌: لەگەڵ بەرپرسانی ئێران گفتوگۆیان کردووە و کێشەکە چارەسەرکراوە، لە رۆژی شه‌ممه‌ 12ی ئه‌یلول، هاتنە ناوەوەی بارهەڵگرەکان دەستپێدەکاتەوە.

لە ماوەی رابردوودا، بارهەڵگرانی کورد رێگرییان لە هاتنەناوەوەی شۆفێرانی بارهەڵگری ئێرانی کرد بۆ ناو هەرێمی کوردستان و رایانگەیاند، ئەوە زیان بە بژێوی ژیانیان دەگەیەنێت.

شۆفێرەکان داوایانکرد هەمان رێکاری کاتی کەرەنتینە بەڕێوەبچێت کە بارهەڵگرە ئێرانییەکان لە سنووری باشماخ بارەکانیان دادەگرت و شۆفێرانی کورد بارەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان دەگواستەوە.


AM:09:24:12/09/2020




ئه‌م بابه‌ته 185 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو‌