عیراق: 28 بەرهەمی كشتوكاڵی گەیشتۆتە ئاستی خۆژێنی

وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق رایگەیاندوە: لیژنەیەكی تایبەتیان پێكهێناوە تاوەكو بەدواچوون بۆ ئەو بازرگانانە بكات كە بەشێوەیەكی نارەسمی بەرهەمی كشتوكاڵی لە وڵاتانی دراوەسێوە هاوردە دەكەن، ئەوەش لە كاتێكدایە ئەو بەرهەمانە گەیشتونەتە ئاستی خۆژێنی لە ناوخۆدا.

(حەمید نایف) وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: 28 بەرهەمی كشتوكاڵی لە ناوخۆدا گەیشتونەتە ئاستی خۆژێنی‌و لە پێناو پاراستنی بەرهەمی نیشتمانیشدا بریار دراوە هاوردەكردنی ئەو بەرهەمانە قەدەغە بكرێت، بەڵام بەشێك لەو بەرهەمانە تاوەكو ئێستا بەرێگەی ناڕەسمی دەهێنرێنە بازاڕەكانی ناوخۆوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، وەزارەتەكەیان لیژنەیەكی پێكهێناوە بۆ لێكۆڵینەوە لەو تاوانەی كە بۆتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئابووری عیراق‌و بەدواچوونی ورد دەكرێت لەسەر شێوازی هاوردەكردنیان‌و ئەو سەرچاوەیەی دەیهێنێتە ناو عیراقەوە.

وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق تەئكیدیكردەوە، كە سزای توندی ئەو كەس‌و لایەنانە دەدرێت كە رێگەیان داوە بە ناڕەسمی ئەو بەرهەمە كشتوكاڵیانە بێتە ناوخۆوە چونكە زیانیان بە ئابووری نیشتمانی گەیاندووە.


PM:07:11:11/09/2020




ئه‌م بابه‌ته 85 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو‌