نرخی تمه‌ن به‌رێژه‌یه‌كی به‌رچاو دابه‌زی


نرخی تمه‌ن له‌ دابه‌زیندایه‌ و له‌ 24 سه‌عاتی رابردوودا به‌راورد به‌ دۆلار، دوو هه‌زار تمه‌نی هاتووه‌ته‌ سه‌ر و هه‌ر دۆلارێك له‌ 23 هه‌زار تمه‌نه‌وه‌ بۆ سه‌رووی 25 هه‌زار تمه‌ن به‌رز بووه‌ته‌وه‌.  

ئه‌و دابه‌زینه‌ له‌ نرخی تمه‌ن به‌ واتای تۆماركردنی ژماره‌ی پێوانه‌یی نییه‌ و له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م هاوینه‌ ه‌ه‌ر دۆلارێك بۆ سه‌رووی 26 هه‌زار تمه‌ن به‌رز بووه‌وه‌، به‌ڵام دواتر نرخه‌كه‌ی له‌ نێوان 22 تا 23 هه‌زار تمه‌ن جێگیر بوو.  

به‌گوێره‌ی رادیۆ فه‌ردا، یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی تمه‌ن له‌و ماوه‌یه‌دا بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ بانكی ناوه‌ندیی ئێران نزیكه‌ی یه‌ك ملیار دۆلاری رژانده‌ بازاڕه‌كان. 

به‌پێی پێشبینییه‌كانی سندووقی نێوده‌وڵه‌تی دراو، چاوه‌ڕوان ده‌كرێ كۆی پاره‌ی یه‌ده‌گی ئێران له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌مساڵدا 19 ملیار دۆلار كه‌می كردبێت و بگاته‌ 85 ملیار دۆلار، پێشبینی ده‌كرێ ساڵی داهاتوو 16 ملیار دۆلاری تر كه‌م بكات و بگاته‌ 69 ملیار دۆلار.  

حكوومه‌تی ئێران له‌ رێیه‌كی ئاسایی پاڵپشتی له‌ دراوه‌كه‌ی نه‌كردووه‌، به‌ڵكو سوودی له‌ یه‌ده‌گی دراو وه‌رگرتووه‌ و هه‌ر ئه‌وه‌ش وای كردووه‌ نرخی تمه‌ن ماوه‌یه‌ك خۆی رابگرێت و دواتر دووباره‌ دابه‌زێته‌وه‌.  

به‌هێزبوونی نرخی دراوی هه‌ر وڵاتێك گرێ دراوه‌ به‌ به‌رزبوونه‌ه‌ی داهاتی نیشتمانیی وڵاته‌كه‌ و زیاتر په‌ره‌سه‌ندنی چالاكییه‌ ئابوورییه‌كان و گه‌شه‌ی هه‌نارده‌، به‌ڵام زۆربه‌ی ئه‌و ده‌رگایانه‌ به‌هۆی سزاكانی ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر ئێران داخراون.


PM:08:57:08/09/2020




ئه‌م بابه‌ته 400 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌