هاتنی گه‌شتیار بۆ سلێمانی كاریگه‌ری له‌سه‌ر بازاڕ دروستكردووه‌


هاتنی گه‌شتیار بۆ سلێمانی كاریگه‌ری له‌سه‌ر بازاڕ دروستكردووه‌ دوای ئه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی پێنج مانگ به‌هۆی نه‌خۆشی كۆرۆنا كه‌رتی گه‌شتیاری به‌ته‌واوی وه‌ستابوو، به‌رپرسی كۆمپانیا گه‌شتیارییه‌كانی سلێمانی رای ده‌گه‌یه‌نێت، هاتنی گه‌شتیار و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌ندێ گه‌شتی ئاسمانی كاری هۆتێل و كۆمپانیاكانی كردووه‌ته‌وه‌.

عه‌تا ئه‌نوه‌ر، به‌رپرسی كۆمپانیا گه‌شتیارییه‌كانی سلێمانی  راگه‌یاند، به‌هۆی هاتنی گه‌شتیاره‌ عه‌ره‌به‌كان و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌ندێك گه‌شتی ئاسمانی له‌ نێوان سلێمانی و وڵاتان وایكردووه‌، كه‌رتی گه‌شتیاری جووڵه‌ بكاته‌وه‌ و كاری هۆتێل و كۆمپانیاكانیش بكرێته‌وه‌.

پێنج مانگه‌ به‌هۆی كۆرۆنا و وه‌ستاندنی گه‌شته‌كان و نه‌هاتنی گه‌شتیاری عه‌ره‌ب، كاری هۆتێل و كۆمپانیاكانیش وه‌ستابوو
هه‌روه‌ك دووپاتی‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێنج مانگه‌ به‌هۆی  كۆرۆنا و وه‌ستاندنی گه‌شته‌كان و نه‌هاتنی گه‌شتیاری عه‌ره‌ب، كاری هۆتێل و كۆمپانیاكانیش وه‌ستابوو.

به‌پێی ئه‌و ئامارانه‌ی دراوه‌، رۆژانه‌ نزیكه‌ی 100 گه‌شتیاری عه‌ره‌ب روو ده‌كه‌نه‌ سلێمانی و له‌ رۆژانی پێنجشه‌م و هه‌ینی ژماره‌كه‌ به‌ شێوه‌ی به‌رچاو بۆ هه‌زاران گه‌شتیار به‌رز ده‌بێته‌وه‌ و به‌شێك له‌و گه‌شتیارانه‌ش روو له‌ میوانخانه‌ و هۆتێله‌كان ده‌كه‌ن.

نه‌وزاد كامیل، شاره‌زای بواری ئابووری راگه‌یاند، جووڵه‌ی گه‌شتیار و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گه‌شته‌كان و هاتنی گه‌شتیار راسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر بازاڕ و ئابووری ناوچه‌كه‌ ده‌بێت و به‌هۆیه‌وه‌ كاری خاوه‌نكار و هۆتێله‌كان ده‌بوژێته‌وه‌ و هاووڵاتییان و خاوه‌ن كاره‌كان سودمه‌ندی یه‌كه‌من له‌ هاتنی گه‌شتیاران.


AM:10:22:27/08/2020




ئه‌م بابه‌ته 148 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌