هیچ كات لیره‌ی توركی دابه‌زینی به‌مشێوه‌یه‌ی ئه‌مڕۆی به‌خۆیه‌وه‌ نه‌بینیوه


له‌ ماوه‌ی چه‌ندان ساڵی ڕابردوودا هیچ كات لیره‌ی توركی دابه‌زینی به‌مشێوه‌یه‌ی ئه‌مڕۆی به‌خۆیه‌وه‌ نه‌بینیوه‌، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی به‌های دراوه‌كه‌ له‌ ماوه‌ی هه‌شت مانگی ساڵی 2020دا، 28.03% ڕووی له‌ دابه‌زین كرد.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 25ى ئاب، موراد سوڵتان له‌ بۆڕسه‌ی‌ باكوری‌ توركیا له‌ ویلایه‌تی ترابزۆن  ڕاگه‌یاند، ئه‌مڕۆ دۆلاری ئه‌مه‌ریكا نرخی به‌رانبه‌ر لیره‌ به‌رز بووه‌وه‌ و گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه‌، 100 دۆلاری ئه‌مه‌ریكی به‌ 740 لیره‌ی توركی له‌ بۆڕسه‌كانی‌ توركیا ئاڵوگۆڕی پێ ده‌كرێت، پێشبینی ده‌كه‌ین داخستنی‌ بازاڕیش به‌رانبه‌ر 738 لیره‌ ده‌بێت.

ئه‌مه‌یش دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ ئاژانسی "فیتچ" پێشبینییه‌كانی بۆ گه‌شه‌ی ئابووریی توركیا دابه‌زاند، ئه‌وه‌یش به‌هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی یه‌ده‌گی دراوی بانكی ناوه‌ندی و دابه‌زینی متمانه‌ به‌ سیاسه‌تی دارایی ئه‌نكه‌ره‌ له‌لایه‌ن وه‌به‌رهێنه‌رانه‌وه‌.

شایانی باسه‌ دوای ئه‌وه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردوو كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی سیاسه‌تی دراوی توركیا بێ ئه‌نجام كۆتایی هات، لیره‌ی توركی دابه‌زینی زیاتری تۆمار كرد، بێ ئه‌نجامبوونی كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی سیاسه‌تی دراوی توركیا، بووه‌ته‌ هۆی دابه‌زینی به‌های لیره‌ی توركی، ئه‌وه‌یش له‌ كاتێكدا له‌ ساڵی 2018وه‌ به‌رپرسانی توركیا له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دان به‌های لیره‌ به‌ جێگیری بهێڵنه‌وه‌، به‌ڵام پێچه‌وانه‌ی هه‌وڵه‌كانی توركیا دراوی ئه‌و وڵاته‌ به‌رده‌وام له‌ نزمبوونه‌وه‌دایه‌.

له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ بریكاری كۆمپانیای تاك نرخ  ڕاگه‌یاند، ئه‌مڕۆ 100 لیره‌ی توركی به‌رانبه‌ر 17 هه‌زار و 163 دیناری عێراقی مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ ده‌كرێت.

پێویسته‌ بوترێ دابه‌زین و به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی لیره‌ له‌ ژێر كاریگه‌ریی سیاسه‌ته‌كانی ئه‌ردۆغان و هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگی جۆراوجۆر له‌ لایه‌ك و سیاسه‌ته‌كانی ناوخۆ له‌لایه‌كی تر دابه‌زیوه‌، ئه‌م دابه‌زینه‌یش چه‌ند ساڵێكه به‌رده‌وامه‌‌، بۆیه‌ گومان ده‌كرێت حكوومه‌تی ئه‌و وڵاته‌ په‌نای بردبێته‌ به‌ر چاپكردنی پاره‌ له‌ ناوخۆی وڵات.


PM:08:38:25/08/2020




ئه‌م بابه‌ته 305 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌