له‌ ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا هیچ كات لیره‌ی توركی دابه‌زینی به‌مشێوه‌یه‌ی ئه‌مڕۆی به‌خۆیه‌وه‌ نه‌بینیوه

له‌ ماوه‌ی چه‌ندان ساڵی ڕابردوودا هیچ كات لیره‌ی توركی دابه‌زینی به‌مشێوه‌یه‌ی ئه‌مڕۆی به‌خۆیه‌وه‌ نه‌بینیوه‌، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی به‌های دراوه‌كه‌ له‌ ماوه‌ی هه‌شت مانگی ساڵی 2020دا 30.25% ڕووی له‌ دابه‌زین كرد.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 19ی ئاب، موراد سوڵتان له‌ بۆڕسه‌ی‌ باكوری‌ توركیا له‌ ویلایه‌تی ترابزۆن ڕاگه‌یاند، ئه‌مڕۆ دۆلاری ئه‌مه‌ریكا نرخی به‌رانبه‌ر لیره‌ به‌رز بووه‌وه‌ و گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه‌، هه‌ر 100 دۆلارێكی ئه‌مه‌ریكی به‌ 738 لیره‌ی توركی له‌ بۆڕسه‌كانی‌ توركیا ئاڵوگۆڕی پێ ده‌كرێت، پێشبینی ده‌كه‌ین داخستنی‌ بازاڕیش به‌رانبه‌ر 733 لیره‌ ده‌بێت.

دابه‌زینی به‌های لیره‌ی توركی به‌رانبه‌ر دۆلاری ئه‌مه‌ریكی دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ داتاكانی وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی توركیا بڵاو كرایه‌وه‌ و ئاشكرا بوو، حكوومه‌تی توركیا كورتھێنانێكی پێوانه‌یی له‌ بودجه‌كه‌ی تۆمار ده‌كات به‌بڕی 29 ملیار و 700 ملیۆن لیره‌، كه‌ یه‌كسانه‌ به‌ چوار ملیار و 20 ملیۆن دۆلار، به‌وهۆیه‌وه‌ وه‌به‌رھێنه‌ران به‌ ڕه‌شبینییه‌وه‌ له‌ ھه‌نگاوه‌كانی بانكی ناوه‌ندی توركیا ده‌ڕوانن.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ھه‌فته‌ی ڕابردوو بیرات ئالبایراك وه‌زیری دارایی توركیا له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕای گه‌یاند، "ئه‌مساڵ به‌ھۆی ڕێكاره‌كانی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ له‌ ته‌واوی دنیا و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر توركیا، كورتھێنان له‌ بودجه‌ ڕوو ده‌دات، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ به‌هۆی خراپی دۆخی وڵاتانی ده‌وروبه‌ریش، 5% بۆ 6% ی كۆی به‌رھه‌می ناوخۆیش ده‌مێنێته‌وه‌.

ئه‌گه‌رچی له‌ 20 ڕۆژی ڕابردوودا به‌هۆی وه‌ستاندنی فشاره‌كانی ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپا له‌سه‌ر توركیا و كه‌مكردنه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كان، تا ئاستێك نرخی لیره‌ی توركی جێگیری به‌خۆیه‌وه‌ بینی و به‌ره‌و به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌هاكه‌ی هه‌نگاوی ده‌نا، به‌ڵام ئه‌مڕۆ هه‌موو ئه‌وه‌ی كه‌ توركیا چاوه‌ڕوانی ده‌كرد، كۆتایی پێ هات و جارێكی تر لیره‌ تووشی هه‌ره‌س بووه‌وه‌.

له‌ هه‌رێمی كوردستان عه‌لی ڕه‌حمان له‌ نووسینگه‌ی ئاڵوگۆڕی دراویڕاگه‌یاند، ئه‌مڕۆ 100 لیره‌ی توركی به‌رانبه‌ر 16 هه‌زار و 100 دیناری عێراقی مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ ده‌كرێت.

ئه‌و وتی، له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی داخستنی سنووره‌كان و وه‌ستانی فڕۆكه‌خانه‌، وای كردووه‌ له‌ ماوه‌ی شه‌ش مانگی ڕابردوودا 80% داواكاری له‌سه‌ر لیره‌ كه‌م بێته‌وه‌ و هاووڵاتییان له‌ نرخه‌كه‌ی ناپرسن، ئێمه‌یش بڕیارمان داوه‌ كه‌متر مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ بكه‌ین. 

پێویسته‌ بوترێت، دابه‌زین و به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی لیره‌ له‌ ژێر كاریگه‌ریی سیاسه‌ته‌كانی ئه‌ردۆغان و هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگی جۆراوجۆر له‌ لایه‌ك و سیاسه‌ته‌كانی ناوخۆ له‌لایه‌كی تر دابه‌زیوه‌، ئه‌م دابه‌زینه‌یش چه‌ند ساڵێكه به‌رده‌وامه‌‌، بۆیه‌ گومان ده‌كرێت حكوومه‌تی ئه‌و وڵاته‌ په‌نای بردبێته‌ به‌ر چاپكردنی پاره‌ له‌ ناوخۆی وڵات.


PM:04:20:19/08/2020




ئه‌م بابه‌ته 266 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌