بازرگانێكی توركی: توركیا دراوێكی ساخته‌ ده‌خاته‌ بازاڕه‌وه‌

ماوه‌ی 10 ڕۆژه‌ له‌ توركیا و له‌ ناو هاووڵاتییاندا جۆره‌ دراوێكی نوێ بڵاو بووه‌ته‌وه‌ كه‌ گومانی لای هاووڵاتییان دروست كردووه‌ و بازرگانێكی گه‌وره‌ی توركیش به‌ ساخته‌ ناوی ده‌بات.

موراد سوڵتان له‌ بۆڕسه‌ی‌ باكوری‌ توركیا له‌ ویلایه‌تی ترابزۆن ‌ ڕاگه‌یاند، دروستكردنی جۆرێك دراو له‌ توركیا به‌ شێوه‌یه‌كی جیاواز و نوێ، گومانی گه‌وره‌ی له‌ بازاڕدا دروست كردووه‌.

زیاتر وتی، "دراوی 50 لیره‌ی توركی نوێ له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه‌ له‌ ڕێی بانكه‌ فه‌رمییه‌كانه‌وه‌ به‌ بازاڕدا بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، كه‌ دوو سانتیمه‌تر له‌ دراوه‌ كۆنه‌كه‌ گه‌وره‌تره‌ و دوو هێڵیش به‌سه‌ر ده‌موچاوی ئه‌تاتوركدا هاتووه‌ به‌ ڕوونی له‌سه‌ر دراوه‌كه‌ دیاره‌".

ئاشكرای كرد، ئێمه‌ پێمان وایه‌ ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌ی چاپ نییه‌‌ و به‌ ساخته‌ هه‌ژمار ده‌كرێت، پێمان باش نییه‌ هاووڵاتییان مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ بكه‌ن، چاوه‌ڕوانی حكوومه‌ت ده‌كه‌ین به‌فه‌رمی هه‌ڵوێستی هه‌بێت و ئه‌گه‌ر نه‌یبوو، ئێمه‌ له‌لای خۆمانه‌وه‌ مامه‌ڵه‌كردن پێوه‌ی ڕاده‌گرین.

ڕوونی كرده‌وه‌، "ئه‌و دراوه‌ به‌رپرسانی بانكی زراعه‌تی توركی ڕایان گه‌یاندووه‌ كه‌ ساخته‌ نییه‌ و هه‌ڵه‌ی چاپ ڕووی داوه‌، بڕێكی كه‌م چووه‌ته‌ بازاڕه‌كانه‌وه‌، به‌ڵام ئێمه‌ به‌ڵگه‌مان هه‌یه‌ له‌ زۆرترین شاره‌كانی توركیا ئه‌و دراوه‌ بینراوه‌".

پێویسته‌ بوترێت، دابه‌زین و به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی لیره‌ له‌ ژێر كاریگه‌ریی سیاسه‌ته‌كانی ئه‌ردۆغان و هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگی جۆراوجۆر له‌ لایه‌ك و سیاسه‌ته‌كانی ناوخۆ له‌لایه‌كی تر دابه‌زیوه‌، ئه‌م دابه‌زینه‌یش چه‌ند ساڵێكه به‌رده‌وامه‌‌، بۆیه‌ گومان ده‌كرێت حكوومه‌تی ئه‌و وڵاته‌ په‌نای بردبێته‌ به‌ر چاپكردنی پاره‌ له‌ ناوخۆی وڵات.


PM:04:21:18/08/2020




ئه‌م بابه‌ته 177 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌