ژووری بازرگانی سلێمانی كێشه‌كانی جوتیارانی كوردستان ده‌گه‌یه‌نێته‌ وه‌زیری كشتوكاڵی عێراق

ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی وەک نوێنەری کەرتی تایبەت لە پارێزگای سلێمانی كێشه‌و گرفته‌كانی جوتیارانی هه‌رێمی كوردستانی له‌ یاداشتێكدا، ده‌داته‌‌ وه‌زیری كشتوكاڵی عێراق و سەرۆکی لیژنە کشتوکاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی عێراق.

وەسفی خەلیل، ڕاوێژکاری کشتوکاڵی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند "لە کۆبونەوەیەکماندا لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی عێراق و سەرۆکی لیژنە کشتوکاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی عێراق و چه‌ندین كه‌سایه‌تی پسپۆڕ له‌ بواری كشتوكاڵ و په‌رله‌مانتاران و خاوه‌نكاران  لە بەغداد کێشەکانی جوتیارانی کوردستانمان تاوتوێ کرد و یاداشتێکی حەوت خاڵیمان لەبارەی کێشەکانی جوتیارانی کوردستان، دا به‌ ئاماده‌بوانی كۆبونه‌وه‌كه‌".

وەسفی خەلیل ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له‌ سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستانه‌دا، ته‌نها ئێمه‌ وه‌ك ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی ئاماده‌بوین كێشه‌و گرفته‌كانی جوتیارانمان گه‌یانده‌ به‌رپرسانی عێراق، كه‌ ئه‌وانیش لای خۆیانه‌وه‌ به‌ڵێنیان پێداین، به‌ دواداچونی جدی بۆ خاڵه‌كانی نێو یاده‌شته‌كه‌مان ده‌كه‌ن و هه‌وڵه‌كانیان ده‌خه‌نه‌گه‌ڕ به‌مه‌به‌ستی بوژدانه‌وه‌ی كه‌رتی كشتوكاڵ و زیادكردنی به‌رهه‌می ناوخۆ له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا.

ناوەڕۆکی خاڵەکانی یاداشتەکەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بریتییە لە:

١-  یەکخستنی گومرگی سەر بەرھەمی ھاوردە  لە سەرجەم دەروازە سنورییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان.

٢- پێویستە ھاوشێوەی جوتیارانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق سوتەمەنی بۆ خانوە پلاستیکەکانی جوتیارانی کوردستان دابین بکرێت.

٣- پێویستە  لیژنەیەکی ھاوبەش لە نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغداد پێکبھێنرێت کە بریتی، كه‌ بێت لە بوارەکانی فێتەرنەری و سامانی ئاژەڵ بە مەبەستی چاودێری کردنی نەخۆشییە ناوخۆیی و درمییەکان کە ڕوبەڕی ئاژەڵ دەبێتەوە، دەستنیشان کردنی دەرمان چارەسەر و دابەشکردنی بەشێوەیەکی مەرکەزی بەسەر ھەموو  پارێزگاکانی عێراق و کوردستاندا.

 ٤- پێویستە پشکی ھەرێمی کوردستان لە وەرگرتنی گەنمی جوتیارەن لە لایەن وەزارەتی بازرگانییەوە زیاد بکرێت و ھاوشێوەی پارێزگەکانی عێراق بێت.

٥- قەرزە کشتوکاڵییەکانی  گەنمی جوتیارانی کوردستان بدرێتەوە کە ساڵانی ڕابردودا گەنمایان ڕادەستی وەزارەتی بازرگانی عێراق  کردوە.

٦- ھەماھەنگی بکڕێت لە ھەناردەکردنی ئەو بەڕھەمە کشتوکاڵیانەی کە لە پێداویستی ناوخۆ زیاترە بۆ دەرەوەی عێراق.

٧- پێوستە لیژنەکی ھاوبەش لە نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق پێکبھێنرێت بۆ دەستنیشان کردنی ئەو بەرھەمە کشتوکاڵیانەی کە باجی گومرگیان لەسەر دائەنرێت، ئەو بەرهەمە کشتوکاڵیانەیش كه‌ بڕیاری قەدەغەی هاوردەکردنیان دەدرێت.


PM:09:27:09/08/2020




ئه‌م بابه‌ته 237 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌