بەندەری بەیروت کە شادەماری ئابوری لوبنان بوو ئێستاوێران بووە

بەندەری بەیروت کە بە شادەماری ئابووری لوبنان و گرنگترین ناوەندی هاوردەکردنی خۆراک و پێویستییەکانی ژیان هەژمار دەکرا، رۆژی چواری ئەم مانگە لەڕێی دوو هەزار و ٧٥٠ تەن ئامۆنیومی نیتراتەوە تەقێندرایەوە و بووە وێرانە.

لە ئێستادا تیمە فریاگوزارییەکان لە هەوڵدان بۆ دەرهێنانی تەرمی ژێر بینا داڕوخاوەکان و چەندین تیمی دیکەش سەرقاڵی لابردنی داروپەردووەکانن.
 

وێرانکارییەکە ئەوەندە گەورە بووە کە تەنانەت کۆکردنەوەی پاشماوەی بینا داڕوخاوەکانیش کاتێکی زۆری دەوێت، ئەو داروپەردوەی دەبینرێن بەڵگەن لەسەر گەورەیی کارەساتەکە.

ئەم تەقینەوەیە هاوکات بوو لەگەڵ قەیرانێکی ئابووری و سیاسی قوڵ کە بەرۆکی لوبنانی گرتووەتەوە.

ئەو بینایانەشی نزیک بەندەرەکە بوون زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە و لە ئێستادا بە هاوکاری کەسانی خۆبەخش هەوڵی پاککردنەوەی داروپەردووەکانیان دەدرێت.

 

وەزیری تەندروستی لوبنان حەمەد حەسەن رایگەیاندبوو بەهۆی تەقینەوەکەوە ١٥٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی پێنج هەزار کەسیش بریندار بوون.

هەروەها پارێزگاری بەیروت، مەڕوان عەبود ئاشکرای کردبوو زیانە مادییەکانی تەقینەوەکە زیاتر لە ١٠-١٥ ملیار دۆلار دەبێت.




PM:06:57:08/08/2020




ئه‌م بابه‌ته 131 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌