له‌ شارباژێر بەمەبەستی راکێشانی گەشتیار بۆ گوندەکەیان پرۆژەیەکی گەشتیارییان لەسەر لووتکەی شاخ کردۆتەوە

بەدووری ٤٢ کم لە باکووری رۆژهەڵاتی سلێمانی و لەنێو جەرگەی شارباژێری سەختدا، بەقەدپاڵی شاخی سورکێوە-وە لە خاڵی سفری سنووری وڵاتی ئێران و نزیک شاری بانە، لە گوندی بارێی بچووک، لەنێو دارگوێزی چڕ و خوڕەی ئاوی کانیاوەکاندا، لە چەند حەوزێکی سارد و فێنکدا، ماسی سەلەمۆن کە بەدەگمەن لە هەرێمی کوردستاندا دەست دەکەوێت، خۆیان لەنێو حەوزەکانی ئەو قەدپاڵەدا مەڵاس داوە، پەیتا پەیتا گەشتیاران و سەردانیکەران دەچن تاکو لە کەشێکی فێنکی نێو گەرمای هاویندا، ماسی سەلەمۆن نۆش بکەن.

ماسی سەلەمۆن جۆرێکی زۆر بەسوودی ماسیە کە لە هەرێمی کوردستاندا بەدەگمەن دەست دەکەوێت، هەر بۆیە رەغبەتێکی زۆر لەسەر ئەو جۆرە ماسیە هەیە.

ماوەی ٦ ساڵ دەبێت کە لەنێو گوندی بارێی بچووکدا پرۆژەیەک کراوەتەوە و تێیدا ماسی لە جۆری سەلەمۆن لە شاری پێنجوێن-ەوە دەهێنرێت و لە چەند حەوزێکی قەدپاڵی شاخەکەدا لە ئاوێکی سازگاری کانییەکاندا گەورەیان دەکەن و دواتر گەشتیاران بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش دێن بۆ ئەو چێشتخانە بچکۆلەیەی لە تەنیشت حەوزەکانەوە دروست کراوە.

لە بارێی بچوک کە بە چوار وەرزی ساڵ سەرەڕای رێگا سەختەکەی، گەشتیاران و سەیرانکەران رووی تێ دەکەن، چەندین سەکۆی تایبەت بە گەشتیاران دروست کراوە تاکو لەوێدا لەنێو سروشتە جوانەکەی بارێی بچووکدا چاوەڕێی میوانی سەر سفرە و خوانەکەیان بکەن کە ئەویش ماسی سەلەمۆنە.

رابەڕ حاجی سیروان ئاغا کە لەگەڵ باوکیدا ئەو پرۆژەیەیان بەگەر خستووە،  ئاماژە بەو دەکات کە ماوەی ٦ ساڵ دەبێت و لە هاوینی ٢٠١٤دا ئەو پرۆژەیەیان کردۆتەوە و ئامانج لێی ئاوەدان کردنەوە و راکێشانی گەشتیارێکی زۆرە بۆ گوندەکەیان. ئەو باس لەوە دەکات کە جگە لەو پرۆژەیە کە بەخێوکردنی ماسی سەلەمۆنە، هاوکات بەرهەمەکانی گوێز، هەنگوین و گێلاس و چەندین میوەی تری هاوینە و وشککراوی زستانە کە لە گوندی بارێی بچووک بەرهەم دەهێنرێن پێشکەش بە میوانەکان دەکرێن.

ئەو باس لەوە دەکات کە لە چێشتخانەکەیدا کە ٦ ساڵە کردوویانەتەوە ماسی سەلەمۆن کە خواردنێکی بەتام و بەسوودیشە پێشکەشی میوانانی دەکات لە وڵاتی ئێرانەوە دەیهێنێت، بەڵام ئێستا بەهۆی نەبوونی رێگاوە لە شاری پێنجوێنەوە ماسیەکانی دەهێنێت.

رابەر کە ئێستا سەرقاڵی خوێندنی ماستەرە لە بواری مێژوودا لە زانکۆیەکی ئەنقەرە، ئاماژە بەوە دەکات ئێستا بەهۆی سەرقاڵیەوە ناتوانێت وەک پێویست لە پرۆژەکەدا بمێنێتەوە، زیاتر باوکی لەگەڵ وەستایەک کە لە وڵاتی ئێرانەوە هێناویانە، پرۆژەکە بەڕێوەدەبەن.

ئەو باس لەوە دەکات کە سەیرانکەران و گەشتیاران جگە لە خواردنی ماسی بۆ مانەوە و سەیران و گەشت روودەکەنە پرۆژەکەیان کە لە رێی ئەو کەپر و شوێنی حەوانەوانەی دابینیان کردووە کەشێکی ئارام بۆ گەشتیاران دروست دەکەن و دەڵێت، "جگە لەوەی گەشتیاران بۆ ماسی خواردن روومان تێدەکەن، بەڵام هاوکات شوێنی حەوانەوەش هەیە بۆ ئەو کەسانەی خوازیارن بەشەو بمێننەوە کە زۆربەی کات لە شەوانی پێش پشووەکانی هەفتەدا دێن و دەمێننەوە و لەو رێیەوە توانیومانە گەشتیارێکی زۆر بۆ ئەم گوندە دوورە دەستە رابکێشین، هەرچەندە ئێمە حەز دەکەین کە تەواوی گوندنشینان سوود لە هێنانی گەشتیاران بکەن بە کردنەوەی شوێنی تری حەوانەوە و ساغکردنەوەی بەرهەمە خۆماڵیەکانی گوندەکە، چونکە ئێستا خەڵکانێکی زۆر بە حەسرەتەوەن بۆ بەرهەمێکی خۆماڵی لە میوە و سەوزە و هەنگوین و گوێز کە بەشێوەیەکی سروشتی بەرهەم دێن".

لە کاتی گەشتکردنتدا لە سلێمانی-یەوە بۆ گوندی بارێی بچووک، ئاشنا دەبیت بە سروشتی جوانی شارباژێری سەخت، هەرلە گوندەکانی سەر رێگا، بەرهەمی پێگەیشتووی هاوینە بە درەختەکانی سەر رێگاکە، کانیاوەکان، شاخە بەرزەکان، ئاژەڵی کێوی وەک رێوی، سمۆرە، کەروێشک و چەندانی تر جۆرێک لە دڵخۆشیت بۆ دەستەبەر دەکەن و دوورت دەخەنەوە لە جەنجاڵی ژیانی ناوشارەکان و ئاشنات دەکەنەوە بە سروشت.

ماسی سەلەمۆن تەنها لە ئاوی سازگاردا دەژیت، هەر بۆیە لە قەدپاڵی شاخەکەدا ئاوی چەندین کانی کۆکراوەتەوە و دەڕژێتە سەر حەوزی ماسیەکان تاکو پلەی گەرمای ١٦ پلەی سیلیزیان بۆ دەستەبەر بکرێت، ئەمە دیمەنی ناوچەکەی سەرنجڕاکێش تر کردووە.

حەسەن سەلیمی کە ماوەی زیاتر لە ٧ مانگە لەو چێشتخانەیەی بارێی بچووک کار دەکات و خەڵکی شاری بانەی ئێرانە، ئاماژە بەوە دەکات کە بەهۆی داخستنی سنوورەکانەوە نەیتوانیوە بڕواتەوە بۆ ماڵەکەی کە لە شاری بانە نیشتەجێن و دەڵێت، ''من بۆ ماوەی ٧ مانگە لێرە کار دەکەم، پێشتر لە ئێران سەرقاڵی باخداری چەندین کاری تر بووم ئێستا خانەنشین بووم و دوای ئەوە هاتمە ئێرە، لێرە بوومە شێفی دروستکردنی ماسی و لەم چێشتخانەیە کار دەکەم''.

وەستا حەسەن-ی ٥٢ ساڵ کە مانگانە ٤٠٠ هەزار دیناری عێراقی پێدەدرێت لەبەرامبەر مانەوە و کارکردنیدا لەو چێشتخانەیە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو لە پێناو دابینکردنی بژێوی ژیانیدا لە ئێرانەوە هاتۆتە هەرێمی کوردستان و هەوڵی دابینکردنی بژێوی ژیانی دەدات، چونکە لە وڵاتی ئێران ئێستا بژێوی زۆر سەخت بووە و پەیداکردنی بژێوی زۆر ئەستەم بووە بەهۆی ئابڵوقەی ئابووری سەر ئەو وڵاتەوە.

وەستا حەسەن دەڵێت، ''لێرەوە ئەگەر بە پێ بتەوێت بڕۆی تەنیا سەعات و نیوێک رێگایە بۆ نێو ئێران، بەڵام رێگایەکی کراوە نیە، ئێستا بەهۆی کۆرۆناوە ناتوانم بچمەوە وڵاتی خۆم، چونکە ئەگەر بڕۆمەوە ناتوانم بێمەوە هەرێمی کوردستان ئەویش بەهۆی رێکارەکانی بەرگرتن لە کۆرۆنا".

مام حەسەن باس لە چۆنیەتی برژاندنی ماسی سەلەمۆن دەکات و ئاماژە بەوە دەکات کە هەر ماسیەک ٣٥-٤٥ دەقەی پێویستە ببرژێت، بەهۆی ئەوەی کە وشکە دەبێت رووبەهەناری پێوە بکرێت تاکو چێژێکی سەرنجڕاکێش بداتە ماسیەکە و باس لەوە دەکات کە ماسیەکە بە سۆسێکی تایبەت خۆش دەکەن تاکو تامو بۆنێکی جیاوازی پێببەخشێت.

گەشتیار زانا مستەفا دەڵێت، یەکەمجارە سەردانی ئەو شوێنەی دەکات و پێشتر بۆیان باس کردووە کە زۆر فێنکە و بۆیەش بڕیاری داوە کە لەم وەرزەدا سەردانی بارێ بکات و دەڵێت: "رێگەکە دوورە بەڵام شایەنی ئەوە هەیە سەردانی بکرێت، لێرە ماندوو بوونت لەبیر دەچێتەوە".

ئومێد لەتیف کە بە خێزانی سەردانی ئەو ناوچەیەیان کردبوو ئاماژە بەوە دەکات کە زۆر جار رێی دەکەوێتە گوندی بارێ بەتایبەت لە هاویناندا چونکە کەشوهەوایەکی فێنکی هەیەو دەڵێت، ''من بە زستانان کەمتر دێم، بەڵام هاوینان زۆر جار دێم چونکە کەشو هەوایەکی فێنکی هەیە، خەڵکی ئێمە فێری ئەوە بوون کە بۆ گەشتی پشووەکان بچنە نێو باخ و ڤێلاکان، لەکاتێکدا تامی دەشتودەرە فێنکەکان زۆر خۆشترە و کەشێکی هێور تر و ئارامت پێ دەبەخشێت، لێرە ماسیەکەیان زۆر خۆشە، بۆخۆمان لەگەڵ منداڵەکان و هاوسەرەکەم و هاويێکانمدا دێینە ئێرە. دەنگی کانیاو، خوڕەی ئاو، زیرەی شنەبای درەختەکان، دەنگی سروشت و دووکەڵی برژاندنی ماسیەکە کەشێکی تەواو خۆشت بۆ دەخوڵقێنێت''.



PM:09:46:02/08/2020




ئه‌م بابه‌ته 1032 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌