وەزیری گواستنەوەو گەیاندنی هەرێم: لە رۆژی ١-٨-٢٠٢٠ گەشتە ئاسمانییه‌کان دەستپیدەکەنەوە


وەزیری گواستنەوەو گەیاندنی حكومەتی هەرێم، وادەی دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكان لەهەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرو سلێمانی ئاشكرا دەكات و راشیدەگەیەنێت: گەشتەكان لەژێر رۆشنایی بڕیاری دەستەی فڕۆكەوانی شارستانیی عێراق دەبێت.

نانۆ جەوهەر بە میدیاكانی نزیك لە پارتی راگەیاندووە، لە رۆژی ١-٨-٢٠٢٠ لە هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرو سلێمانی، دەست بە گەشتە ئاسمانییەكان دەكرێتەوە.

وەزیری گواستنەوەو گەیاندنی هەرێم ئاماژەی بەوەشكرد، دەستپێكردنەوەی گەشتەكان دوای تەواوكردنی ئامادەكارییەكان و گرتنەبەری رێكارە تەندرووستییەكان دەبێت، گەشتە ئاسمانییەكانیش لە ژێر رۆشنایی بڕیاری دەستەی فڕۆكەوانی شارستانیی عێراقی دەبێت.

لە كۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمدا، بەڕێوبەرانی فڕۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانی بە پێویستیان زانی وادەی دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكان بخرێتە رۆژی 1ی مانگی داهاتوو، بۆ ئەوەی بتوانن سەرجەم رێكارە پێویستەكانی تایبەت بە خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە فڕۆكەخانەكان بگرنەبەر.


AM:09:36:30/07/2020




ئه‌م بابه‌ته 104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌