لیژنەی باڵای روبەروبونەوەی كۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی هەشت بڕیاری دەركرد

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لیژنەی باڵای روبەروبونەوەی كۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی هەشت بڕیاری دەركرد و رایگەیاند، لە ڕۆژانی جەژنی قوربانی پیرۆزدا، سەردانکردن و تێکەڵاوبون و بەریەککەوتن و کۆبونەوە و قەرەباڵغی قەدەغەن"

دەقی راگەیەندراوەكە:

بۆ/ هەموو یەکە کارگێڕیی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی
بابەت/ گشتاندن 
ئەمڕۆ (٢٧/ ٧/ ٢٠٢٠)، پارێزگاری سلێمانی لە دیوانی پارێزگادا سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆناو لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی و لیژنەی ئارامی شاری سلێمانی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا پاڵپشت بە بەیانی ژمارە (٤٤)ی ساڵی (٢٠٢٠)ی وەزارەتی ناوخۆو ڕاسپاردەکانی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە ڕۆژی (٢١/ ٧/ ٢٠٢٠)و بەکۆی دەنگی ئامادەبووان، بڕیاردرا:
١- جەختکردنەوە لەسەر جێبەجێکردنی بەیانی ژمارە (٤٤)ی ساڵی (٢٠٢٠)ی وەزارەتی ناوخۆ، بە هەموو بڕگەو خاڵەکانیەوە.
٢- جەختکردنەوە لەسەر پێویستی بەردەوامبوونی هاووڵاتیان لەسەر خۆپارێزیی و خۆچارەسەرکردن و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری تەندروستی و خۆپارێزیی، کە ئەمانە دەبنە زامنی ئەوەی دۆخی تەندروستی پارێزگاکەمان لەدوای (١٥/ ٨/ ٢٠٢٠)وە بەرەو قۆناغێکی زۆرباشتر بڕوات.
٣- لە ڕۆژانی جەژنی قوربانی پیرۆزدا، سەردانکردن و تێکەڵاوبوون و بەریەککەوتن و کۆبوونەوەو قەرەباڵغی قەدەغەن.
- چوونە سەرقەبران و پرسەدانان و نۆجەژن قەدەغەیە.
- هەموو ئاهەنگ و بۆنەو یادێکی خۆشیی و ناخۆشیی کە تێکەڵاوبوون و بەریەککەوتن دروست بکات قەدەغەیە.
- قوربانیکردن دەبێت لە قەسابخانەکاندا بکرێن و بۆ ئەم مەبەستە قەسابخانەکان لە ڕۆژانی جەژندا لەژێر چاودێری بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری سلێمانیدا بە مەرجە تەندروستیەکان کراوە دەبن.
- قوربانیکردن لە شەقام و کۆڵان و گەڕەک و شوێنە گشتییەکاندا بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
٤- بەڕێزان زانایانی ئاینی ئیسلام و بانگبێژی مزگەوتەکان لەکاتی بانگی نوێژەکاندا لە بڵندگۆی مزگەوتەکانەوە داوای پابەندیی و خۆپارێزیی تەندروستیی لە هاووڵاتیان دەکەن.
٥- هاتنی گەشتیار بۆ سنوری کارگێڕی پارێزگای سلێمانی لە پارێزگاکانی تری هەرێمی کوردستان و عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە قەدەغەیە.
٦- سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی و بەشی لابردنی زیادەڕەویی شارەوانیی بەپێی یاساو ڕێنماییەکان ڕێکاری پێویست بەرامبەر هەر سەرپێچی و لادان و زیادەڕەوییەک دەگرنەبەرو ئەرکی هەموو هاووڵاتیان و دامودەزگا حکومییەکان و دامەزراوە دادوەرییەکان و کەرتی تایبەتە هاوکارو هەماهەنگیان بن.
٧- لیژنەی تایبەت بە بەدواداچوون و چاودێریکردن و لێپرسینەوە لەسەر ئاستی یەکە کارگێڕییەکان پێکدەهێنرێت بۆ چاودێریکردنی ئاستی پابەندبوونی فەرمانگا دەوڵەتییەکان بە بڕیارو ڕێکارو ڕێنماییە تەندروستییەکانەوەو سەرپێچیکارو کەمتەرخەم ڕووبەڕووی ڕێکاری کارگێڕی و یاسایی دەکرێتەوە.
٨- دەسەڵاتی تەواو دەدرێت بە سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانی بۆ دەرکردنی هەر ڕێکارو ڕێنماییەکی پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆناو بەڕێوەبردنی شیاوانەی جەژنی قوربانی پیرۆز.
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر
پارێزگاری سلێمانی
سەرۆکی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا
٢٧


PM:05:08:27/07/2020




ئه‌م بابه‌ته 333 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌