وەزیری کشتوکاڵ: مەرجی سەرەكی لە پێدانی مۆڵەتدا بە كارگەكان ئەوەیە كە دەبێت بەروبوومی ناوخۆیی بەكاربهێنن


وەزیری کشتوکاڵ رایگەیاند، مەرجی سەرەكی وەزارەتی كشتوكاڵ لە پێدانی مۆڵەتدا بە كارگەكان ئەوەیە كە دەبێت بەروبوومی ناوخۆیی بەكاربهێنن، بەڵام دەبێت جووتیارانیش هەماهەنگبن و بنەتۆوێك بەكاربهێنن كە خواستی كارگەكانی لەسەربێت و لای ئێمە تۆماركرابێت.


بێگەرد تاڵەبانی لە لێدوانێكدا رایگەیاند "ئێمە هەوڵمان ئەوەبوو ئەو كارگە ناوخۆییانەی كە لەبواری بەرهەمهێنانی دۆشاوی تەماتە لە هەرێمی كوردستاندا كاردەكەن بەگەڕبخرێنەوە و ئێستا كارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور كەوتەوە كار و بەرووبوومی جووتیارانی ناوخۆش بەكاردەهێنن، ئێمە بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پیشەسازی و دەستەی وەبەرهێنان یەكێك لە مەرجەكانمان بۆ ئەم جۆرە كارگانە ئەوەیە كە دەبێت لە مۆڵەتەكانیان بنوسرێت دەبێت بەرووبوومی ناوخۆیی بەكاربهێنن”.

دەشڵێت:”توێژینەوەمان لەسەر جۆرێك لە بنە تۆو كردووە كە ئەنجامەكەی دەریخست لە هەر چوار كیلۆ تەماتە كیلۆیەك دۆشاوی لێ بەرهەمدێت كە ئەمە بەرهەمێكی باشە و خواستی كارگەكانیش هەر ئەمە بوو، بۆیە ئێمە دەتوانین بۆ ساڵی ئایندە هاوكاری جووتیاران بین و ئەو بنە تۆوانەیان پێبدەین كەدەتوانرێت لەكارگەكاندا بەرووبوومەكەی بەكاربهێندرێت”.

بێگەرد تاڵەبانی راشیگەیاند”بۆئەوەی گرفتی ساغ نەبوونەوەی بەرهەم دووبارە نەبێتەوە پێویستە جووتیاران هەماهەنگبن و گرێبەست لەگەڵ كارگەكان واژۆ بكەن و هەردوولا پابەندبن بە گرێبەستەكانەوە، ئەو بنەتۆوەی كارگەكان دەیهێنن و داوای دەكەن ئەوە دابچینن بۆئەوەی بەرهەمێكی لێ بەرهەمبێت بەدڵی ئەوانبێت و بۆ بەرهەمهێنانی دۆشاو بەپێی خواست و داواكاری ئەوان گونجاوبێت”.

وەزیری کشتوکاڵ وتیشی: "ئێمە دەمانەوێت ئەو كارگانە لەناوخۆی هەرێمی كوردستان بەگەڕبخرێنەوە، بەرهەمی ناوخۆ پەرەپێبدەین و بەرهەمێكی تەندروست و پاك بە كوالێتییەكی بەرز بخرێتە بازارەوە بەڵام ئەمە پێویستی بە هەماهەنگییە، هەم هەماهەنگی لە نێوان جووتیاران و كارگەكان پێكەوە، هەم پاڵپشتیكردنی وەزارەتە پەیوەندیدارەكان لە كارگەكان و جووتیاران”.


AM:09:30:26/07/2020




ئه‌م بابه‌ته 105 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌