جووتیارێکی بلیمەت کەرتی کشتوکاڵی له‌ كوردستان بوژاندۆتەوە


لە زێدی کیمیاباران کراوی هەڵەبجەدا و ٤٥ ساڵ لەمەوبەر منداڵێک بەکۆڵی دایکیەوە دەچووە بێستانەکان، دایک و باوکی سەرقاڵی جووتیاریی بوون، ئەمیش لەنێو دەشت و دەر و سەوزایی ناوچەکەدا لەبری پاسکیل و تۆپ و کەلوپەلی منداڵانە، یاری بە شووتی و کاڵەک و هەنار و بەرووبوومەکان دەکات و دەستیان لەگەڵ رادێنێت. ئەو ئێستا جووتیارێکی نموونەیی لێ دەرچووە، هەموو هەوڵەکانی بۆ ئەوەیە کە کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان بەرەوپێش ببات، رێنمایی جووتیاران بکات بۆ بەدەستهێنانی بەرهەمێک لە چەندێتیدا زۆر لە چۆنیتیدا زۆر باش.

ئەو ناوی ئازاد محەمەدە کە بە جووتیارە نموونەییەکە ناسراوە، ماوەی ٣٥ ساڵە سەرقاڵی کاری جووتیارییە، هێندە لە پیشەکەدا قاڵ بۆتەوە تەنانەت لەسەر نان خواردن و لەکاتی خەویشدا بیری لای پرۆژەکانێتی بۆ زیاتر بەرهەمدارترکردنی کەرتی کشتوکاڵ.

ئەو کە هاوسەرگیری کردووە و خاوەنی چوار منداڵە، باس لەوە دەکات کە زۆرجار رووبەڕووی گلەیی دەبێتەوە لەلایەن خێزانەکەیەوە چونکە کاتی تەواو ناتوانێت تەرخان بکات بۆیان، لەکاتێکدا بەبێ بەرامبەر ئەم کارانە دەکات.

مام ئازاد بەدەم چنینەوەی تەماتەی رەنگاوڕەنگی ئەمساڵەوە کە زیاتر لە ١٦ جۆری دۆشاوی جیا بەڕەنگ و تامی جیاوە بەرهەم هێناوە له‌ بەنێو بێستانەکەی دا کە وەک تاقیگەیەکی زانستیی کشتوکاڵی تەماشا دەکرێت.

ئەو بەهۆی سەرقاڵییەکانییەوە بە تاقیکردنەوەی چەندەها جۆر درەخت و بەرهەمی تازەوە تاوەکو جۆرێکی باشیان لێ بەدەست بخات بواری نییە ئاگای لە تەلەفۆنەکەی بێت، بەردەوام لە ناوچەکانی چواردەوری هەڵەبجە، سلێمانی، شارباژێر و هەندێک جاریش لە دەشتی هەولێر و ناوچە دوورە دەستەکانی زاخۆ و دهۆکەوە جووتیاران بۆ پرس و راوێژ دێنە سەردانی ئەم جووتیارە نموونەییە.

وەک خۆی باسی لێوە دەکات هیچ کاتێکی نەماوەتەوە بۆ خێزانەکەی تەرخان بکات و هەموو کاتەکانی خۆی بۆ ئەو بوارە رەخساندووە، وەک خۆی باسی لێوە دەکات، لەخەویشیدا خەیاڵی لای بێستانەکەیەتی لە شێوەی تاقیگە و هەندێک جار خەیاڵەکانیشی لە خەونەکانیەوە بەدەست دەخات.

- زێڕی هاوسەرەکەی دەفرۆشێت سەردانێکی وڵاتی ژاپۆن دەکات بۆ ئاشنابوون بە بەرهەمی زیاتری کشتوکاڵی

مام ئازاد باس لەوە دەکات کە ئەو دەمێکە سەرقاڵی کارەکانێتی وەک جووتیارێک بۆ باشترکردن و زیادکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، بەڵام ناوبەناو بیری لەوە کردەوە گرتەی ئەو ئەزموونانە وەرگرێت و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی بکاتەوە، تاکو زۆرترین کەس سوودی لێوەرگرن.

مام ئازاد جووتیارە نمونەییەکە دەڵێت، ''هەروەک چۆن ئەنیشتاین لە بواری فیزیادا و ئەدیسۆن لە دۆزینەوەی کارەبا و گڵۆپدا خزمەتێکی گەورەی مرۆڤایەتیان کرد، منیش حەزم کرد لە بواری کشوکاڵدا خزمەتێک بکەم، هەر لە منداڵییەوە بە قەڵادۆشکان دەیانهێنام بۆ خاکەنازکاری و کشتوکاڵ، لەوکاتەوە خولیام ئەوە بوو بزانم ئەم زەویە بۆ گەشە دەکات، ئەم درەختە بۆ زەرد و وشک دەبێت، تەنانەت لەسەر کەشوهەوا لە سەرەتای ٨٠کاندابوو کە وشکەساڵی عێراقی گرتەوە، هەوڵم دا بەدیلێک بدۆزمەوە بۆ ئەو وشکەساڵییە، هەوڵم دا نەیهێڵم، لەسەر باخداری بیرۆکەیەکم دۆزیەوە کە دەبێت لە پڕیەوە بچین بۆ تەنکی، دارەکانمان، خۆی داپۆشین، چونکە وشکەساڵی ئێستا عێراقی گرتۆتەوە، بەڵام ئەگەر هەیە تەشەنە بسێنێت بۆ وڵاتانی چواردەور، وەک ئێران و تورکیا و وڵاتانی تر، ئەم وشکەساڵییە دەبێتە هۆی شەق بردنی بەرهەمەکان بە دار و درەخت و دەوەنەکانەوە، ئەم هەنارە هەتا لە شوێنێکی فێنک و شێداردابێت، پێستەکەی جوانتر دەبێت و کاتێک ئاو دەخوات گەش دەبێتەوە.''

جووتیارە نموونەییەکە ئاماژە بەوە دەکات کە خۆشەویستی خاک و خەڵک و هەوڵدانی بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ وای کردووە بە گەرمای هاوین و بە سەرمای زستانیش کۆڵ نەدات و بەردەوام لە باخەکەیدا سەرقاڵی ئەزموونکردنی بیرۆکەکانی بیێت تاکو لە بیردۆزەوە بیان گۆڕێت بۆ شێوەیەکی عەمەلی و دەڵێت ''ئێستا سەعات ١٢ی نیوەڕۆیە بەم گەرمایە لێرە بیرۆکەکانی خۆم پەرەپێبدەم و وەڵامی ئەو کەسانە بدەمەوە و رێنماییان بکەم کە سەردانم دەکەن رۆژانە بەبەردەوامی، چونکە من حەز ناکەم ئەو بیرۆکانەی هەمن لای خۆم بمێنێتەوە، بەڵکو دەمەوێت لەگەڵ هەموو کەسدا بەشی بکەم و پێیان بگەیەنم. ئەگەر ١٠٠ ئەنیشتاین بم و بیرۆکەکانم بردە ژێر گڵ لەگەڵ خۆم، کەوایە هیچم نەکردووە".

مام ئازاد دوای ئەوەی زێڕی هاوسەرەکەی دەفرۆشێت سەردانێکی وڵاتی ژاپۆن دەکات و لێرەوە چەندین بەرهەمی کوردی تەماتە، هەنار، و ژاژک و پەنیری کوردی دەبات بۆ ئەو وڵاتەو لەوێش ئاشنا دەبێت بە چەندین بەرهەمی کشتوکاڵی و خۆراکی زیاتر. نموونەکانیان لێ دەهێنێتەوە و لێرە لەبەر نەگونجانیان لەگەڵ کەشوهەوای هەرێمی کوردستاندا هەندێکیان بەر ناگرن، بۆیە ئەم بیر لەوە دەکاتەوە کە هەمان ئەو بەرهەمانە گۆڕانکاریان بەسەردا بهێنێت و لەگەڵ کەشوهەوای هەرێمدا بیانگونجێنێت تاکو لێرەش ببنە داری بەردار و بەرهەمی باش بخەنەوە.

ئەمە سەرەتای ناوبانگ پەیداکردنی ئازادی داهێنەرە و لەوە بەدوا سەردانی ئەڵمانیا و وڵاتانی تریش دەکات بۆ گۆڕینەوەی بیرورای کشتوکاڵی و گەیاندنی ئەزموونەکانی خۆی بەو وڵاتانە و وەرگرتنی ئەزموونی ئەو وڵاتانەش.

- بە رێکاری سروشتیی و بێ بەکارهێنانی ماددەی کیمیایی بەرهەمەکانی دەپارێزێت لە مێرووەکان

ماددەی کیمیایی یەکێکە لەو ئامرازانەی بەکاردەهنێرێن بۆ دوورخستنەوەی بەروبوومی کشتوکاڵی لە نەخۆشی و هەندێکجار بۆ زیاترکردنی بەرهەمەکە ماددە کیمییاییەکان بەکاردەهنێنرێت، بەڵام مام ئازاد چەندین رێگای سەرنجڕاکێش و بلیمەتانە دەدۆزێتەوە تاوەکو بەرهەمەکانی لە نەخۆشی و مێرووە زیانبەخشەکان بپارێزێت و لەبارەیەوە دەڵیت:

''ئاو بکەینە ناو زەویەکەوە چی مێروو هەیە دێنە دەر لە ترسی خنکان، منیش گوتم بۆیە دەبێت ساڵانە یەکجار ئاو بکەنە خانووە پلاستیکیەکانەوە تا ئاو بەرزدەبێتەوە، دواتر لەبەر گیانی خۆیان ئەم جالجاڵۆکە و مێرووانە بۆ ئەوەی نەخنکێن، خۆی هەڵدەجنن بە نایلۆنەکەدا، دواتر چوار کەس لەم دیوو ئەودیوی خانووە پلاستیەکیەکە دەدەنەوە لەو شوێنایەن جاڵجاڵۆکەکان خۆیان پێدا هەڵواسیوە، بەڵام لەناو ئاوە هەڵساوەکەی نێو خانووە پلاستیکیەکەدا گسک دادەنێین، ٢٠-٣٠ گسک، بۆیە جاڵجالۆکە و مێرووەکان خۆیان هەڵدەواسن بە گسکەکاندا، ئەوکات گسکەکان هەڵدەگرین و دەیانخەینە ناو گوێنیەک و فرێیان دەدەین و خانووە پلاستیکیەکەش لە مێروو رزگاری دەبێت و زیان ناگەیەنن بە هیچ بەروبوومێکی نێو خانووە پلاستیکیەکە".

جووتیارە نموونەییەکە چەندین کاری کردووە تاکو جۆری بەروبوومەکان لەگەڵ خاک و ئاوهەوای هەرێمی کورستاندا بگونجێنێت کە وشک و کەم ئاوە لەوانە، برنج بە قەترە دروست دەکات کە لە رەنگی گەنمدا خۆی دەنوێنێت، بامێ و چای بەیەکەوە نوساندووە و لایەکی گوڵی چا دەگرێت و لایەکەی تری بامێ، رووەکی هەیە لایەکی کەلەرمە لاکەی تری برۆکلیە، دەتوانێت، دوو گوڵی کەلەرم لەیەک رووەکدا دروست بکات لەکاتێکدا خۆی تەنها یەک گوڵ کەلەرم دەگرێت".

- بەرهەمی دووساڵی درەختێک لە یەک کاتدا کۆدەکاتەوە بەدارەکەوە

مام ئازاد بۆ هێشتنەوەی بەروبوومی هەنار و هەڵگرتنی بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ رێگایەکی تایبەت بەخۆی پەیڕە و کردووە و وەک یەکەم تاقیکردنەوەیش سەری گرتووە ئەویش هەڵگرتنی چەندین تۆن هەنارە لەنێو بۆری ئاودا کە بە دیوارێک کە ئاوی بەسەردا بەردەداتەوە، هەوای شێدار بۆ هەنارەکان رەوانە دەکات لەنیو بۆریەکەدا و بەو چەشنە بۆ ماوەیەکی زۆر زیاتر دەمێننەوە، هاوکات بەهۆی گرتنەبەری چەند رێکارێک و گەورەکردنی دار هەنارەکانی بەرهەمەکانی تا مانگی نیسان و ئایار بەدارەکەوە دەمێننەوە.

هاوکات لە دارێکدا ١١ جۆر مزرەمەنی کۆکردۆتەوە، لیمۆ، لالەنگی، سندی، پرتەقاڵ، یەنگی دنیا، میوەی بەهەشت، لیمۆی یابانی، کرنتینا، لالەنگی بچووک هەموویان بەری میوەکانیان تا ماوەی زیاتر لە شەش مانگ دەمێنێتەوە.

بەرهەمی دووساڵی درەختێک لە یەک کاتدا کۆدەکاتەوە بەدارەکەوە، بەروبوومی پرتەقاڵی ساڵی پار بە دارەکەوە ماوەتەوە و بەرهەمی گوڵی ئەمساڵیش پێکەوە بەیەکەوە گەورە دەبن و بەدارەکەوە دەمێننەوە.

ئەو جووتیارە نموونەییە رەگی کۆمەڵێک داری بەیەکەوە گرێداوە و لەسەریشەوە بە قەدی خۆیان دارەکانی بەیەکەوە بەستۆتەوە و بەمەیش دەتوانێت لەکاتی کەم ئاوییدا کۆمەڵێک درەخت بەیەکەوە ئاو بدات، بەڕێژەیەکی کەمتر ئاو.

لقی زۆرێک لە دارە بەردارەکانی شۆرکردۆتەوە، تاکو لێکردنەوەی بەروبوومەکانیان ئاسان بێت، بەمەیش وا دەکات خەرجی لێکردنەوەی بەروبوومەکان کەمتر بکەون لەسەر جووتیارەکان. بۆیە زۆرێک لە درەختەکانی کردۆتە شێوەی چەتری، واتە ئەگەر باخێکی گەورەی درەختی ئاسایی هەنار لێکردنەوەی بەرووبوومەکەی پێنج ملیۆن دیناری تێبچێت، بەڵام ئەگەر بەشێوەی چەتری بوو ئەوا تەنها یەک ملیۆن دینار تێچووی لێکردنەوە و رنینەوە بەرهەمەکان دەبێت.

- چوار جۆر دۆشاوی دروستکردووە لە ١٦ جۆر تەماتە کە هەریەکە و تام و رەنگ و بۆنێکی هەیە

مام ئازاد زیاتر لە ١٦ جۆر تەماتەی لە باخەکەدا رواندووە کە هەریەکەیان تام و بۆن و رەنگێکی هەیە و بۆ بوارێک بەکاردەهێنرێت، هەیانە بۆ زەڵاتە، هەشیانە بۆ دۆشاو بە رەنگە جیاوازەکانی وەک سوور، پرتەقاڵی و زەرد و پەمەیی. بەشێکی تر لە تەماتەکان تەنها بۆ رازاندنەوەی سەر سفرەکان بەکاردەهێنرێن جگە لەوەی کە تامێکی زۆر جیاوازیان هەیە.

یەکێکی تر لە کارە ناوازەکانی جووتیارە نموونەییەکە ئەوەیە کە ئاو بەکەمی دەخاتە ژێر هەندێک درەختەوە تاکو رەگەکانی زیاتر بچنە نێو خاکەکە و بەدوای شێدا بگەڕێن کە ئەمەش تەڕ و پاراویی دەدات بە بەروبوومی درەختەکە.

ئەو وای کردووە کە سێو، بەهێ بەیەکەوە لە یەک درەخت ئاو بخۆنەوە و بەروبوومیان جیا بێت، دواتر لەسەر پشتی دارسێوەکە، بەهێ، هەرمێ، سێو، هەرمێی کێویلە دەگرن دواتر ئەمانەی لەحیم کردووە بە خورمالووەوە و لە شونێکی تردا، سەرپشتی هەرمێکە یەنگی دنیای پێوە کردووە و بەم چەشنە زیاتر لە ١١ جۆر میوە لەیەک درەختدا کۆکراوەتەوە.

هاوکات تۆوی گوڵی قەرنابیتی لە ژاپۆن هێناوەتەوە و لەسەر خاکی هەرێم چاندوونی، بەرهەمیشی هەبووە، ئەمە دوای کارێکی سەخت و چەندین تاقیکردنەوە کە لەسەری ئەنجام دراوە.


PM:08:23:17/07/2020




ئه‌م بابه‌ته 1000 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌