عێراق هەڕەشەی بەكارهێنانی چەكی ئابوری لە دژی توركیا دەكات

بەمەبەستی ملپێكەچكردنی توركیا بۆ ڕاگرتنی هێرش و ئۆپراسیۆنە سەبازییەكانی لە هەرێمی كوردستان، وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەڕەشەی بەكارهێنانی چەكی ئابوری و بازرگانی كرد لە دژی توركیا.

ئەحمەد سەحاف وتەبیّژی وەزارەتی دەرەوەی عێرا قبە سكای نیوزی عەرەبی ڕاگەیاندووە، بە سەدان كۆمپانیای بازرگانی وئابوری توركیا لە عێراقدا كاردەكەن.

ئاماژە بەوەشكرد تا ئێستاش وەزارەتی دەرەوەی عێراق چارەسەری سیاسی بە گونجاو دەزانێت و بەپێویستی دەزانێت هەماهەنگی بكرێت بۆ كەمكردنەوەی ئاڵۆزییەكان و كۆتایی هێنان بە ئۆپراسیۆنەسەربازییە تاكلایەنەكان.

سەحاف ئاماژەی بەوەكرد، بە دەیان كۆمپانیای توركیا و بەرژەوەندی توركیا لە عێراقدایە و تەرازووی بازرگانییەكە لە بەرژەوەندی عێراقە، بۆیە عێراق دەتوانێت پەنا بەرێت بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی یان كۆبوونەوەی بە پەلەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی كۆمكاری عەرەبی و گرتنە بەری زنجیرەیەك سزا و ڕێوشوێنی ئابوری لە بەرامبەر توركیا.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەختیكردەوە، ئەوان پێیان باشە بابەتە لە چوارچێوەی ڕێزگرتنی هاوسێیەتی و پابەندبووون بە یاسا نێودەوڵەتییەكان چارەسەر بكرێت، كە هەموویان جەختدەكەنەوە لە ڕێزگرتن لە سەروەریی نیشتیمانی و نابێت خاكی عێراق بەكار بهێنرێت بۆ زیانگەیاندن بە هیچ دەوڵەتێكی هاوسێ.

لە كۆتایی وتەكانیدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەكرد لە هەماهەنگی و گفتوگۆی هاوبەش، چونكە ئەو ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان دەبێتە مایەی ئاڵۆزتركردنی دۆخەكە و هیچ ئەنجامێكیشی نابێت.

ئەو وتانەی وتەبیّژ ی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە كاتێكدایە بەیانی ئەمڕۆ فڕ}كەجەنگییەكانی توركیا زنجیرەیەك هێرشی ئاسمانیان كردە سەر هەردوو شارۆچكەی دێرەلوك و شیلادزێ لە پارێزگای دهۆك.

لە ڕۆژی 15 مانگی حوزەیرانی ڕابردووەوە سوپای توركیا هێرشی كردووەتە ناو سنوری هەرێمی كوردستان، بە گوتەی سەرچاوە ئاگادارەكان سوپای توركیا نزیكەی 24 خاڵ و بنكەی سەربازی و چاودێری لەسەر زنجیرە چیاكانی دەوروبەری پارێزگای دهۆك بنیات ناوە.

بەهۆی هێرش و بۆردومانەكانی سوپای توركیاوە تا ئێستا ژمارەیەك هاوڵاتی هەرێمی كوردستان شەهید و بریندار بوون و بە دەیان گوند و شوێنی ئاوەدانی ناچاربوون لەترسی گیانی خۆیان ماڵوحاڵو ڕەزوباخەكانیان جێبهێڵن.


PM:09:45:03/07/2020




ئه‌م بابه‌ته 197 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌