عێراق لە دابەزینی بەهای نەوتدا 11 ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتوە


بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمپانیای بەبازارکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا و لە ئەنجامی دابەزینی بەرچاوی بەهای نەوت، حکومەتی عێراق نزیکەی 11 ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتوە، ئەوەش بەراورد بە چوار مانگی سەرەتای ساڵی 2019.

کۆمپانیای بەبازارکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) رایگەیاندوە، لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 409 ملیۆن و 96 هەزار بەرمیل نەوتی فرۆشتوە و داهاتەکەی 15 ملیار و391 ملیۆن دۆلار بووە.

ئەوەش هاتوە، بەڵام ساڵی 2019 لە چوار مانگی سەرەتای ساڵەکەدا 423 ملیۆن و 284 هەزار بەرمیل نەوتی فرۆشتوە و داهاتەکەی 26 ملیار و 275 ملیۆن دۆلار بووە.

بەهۆی ململانێکانی نێوان روسیا و سعودیە وەکو دوو گەورەترین هەناردەکاری نەوت لەلایەک و کەمبوونەوەی خواست لەسەر کڕینی نەوت لەلایەن کڕیارەکانەوە لە ئەنجامی کاریگەرییەکانی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، مانگی ئازار بەهای نەوتی برێنت بۆ نزمترین ئاستی دابەزی و لە خوار 25 دۆلارەوە مامەڵەی پێوەدەکرا.


PM:04:28:30/06/2020




ئه‌م بابه‌ته 96 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌