سیروان محه‌مه‌د: جوڵه‌ی بازرگانی له‌ ده‌روازه‌ سنورییه‌كان به‌ بێ هیچ كێشه‌ و گرفتێك به‌رده‌وامه‌

سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت ''جوڵه‌ی بازرگانی له‌ ده‌روازه‌ سنورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ بێ هیچ كێشه‌ و گرفتێك به‌رده‌وامه‌، هاورده‌كردنی كاڵاو شتومه‌ك و خۆراك له‌ ته‌واوی وڵاتانه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌''.

سیروان محه‌مه‌د، سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی رایگه‌یاند ''بازرگانان هه‌موو جۆره‌ كاڵا و شتومه‌ك و خۆراكێك كه‌ پێدوایستی رۆژانه‌ی هاوڵاتیانه‌، هاورده‌ی ده‌كه‌ن، له‌ ئێستادا هه‌موو كۆگا و گه‌نجینه‌كانی له‌ ناوشاری سلێمانی و هه‌رێمی كوردستاندا كاڵا و پێداویستی پزیشكی و پاككه‌ره‌وه‌ و خۆراك و سه‌رجه‌م پێداویستییه‌كانی رۆژانه‌ی هاوڵاتیانیان تێدایه، هیچ كێشه‌و گرفتێك بونی نیه‌''.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، له‌ ئێستادا له‌ ده‌روازه‌ سنورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان سه‌رجه‌م رێكاره‌كانی خۆپارێزی له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا په‌یڕه‌وده‌كرێت و كاڵا و شتومه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست هاورده‌ ده‌كرێن''.

ده‌رباره‌ی ره‌وشی بازاڕ سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی رایگه‌یاند ''له‌ ئێستا ره‌وشی بازاڕ سستبونێكی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ و كڕین فرۆشتن زۆر كه‌می كردوه‌، ته‌نها خواست له‌سه‌ر پێداویستییه‌ خواركییه‌كان هه‌یه‌ كه‌ هاوڵاتیان رۆژانه‌ به‌كاری ده‌هێنن''.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ''هۆكاری سستبونی بازاڕ و كه‌مبونه‌وه‌ی جوڵه‌ی بازرگانی بۆ نه‌بونی موچه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌شێكی زۆری هاوڵاتیانی كوردستان موچه‌خۆرن، كه‌ گرفتی گه‌وره‌ی بۆ فرۆشیاران و بازرگانان و خاوه‌نكاران دروستكردوه‌ و بۆته‌ هۆكاری مانه‌وه‌ی كاڵاو خۆراك و شتومه‌كه‌كان له‌ بازاره‌كاندا، به‌هۆی نه‌بونی پاره‌ به‌ هاوڵاتیان و كه‌مبونه‌وه‌ی خواست''.


PM:01:04:28/06/2020




ئه‌م بابه‌ته 247 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌