"حكوومه‌تی ھه‌رێم بۆ دوو مه‌به‌ست گه‌نمی جووتیاران ده‌كڕێته‌وه‌"


به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی بازرگانی حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان ئاشكرای ده‌كات، بڕیاره‌ حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان بۆ دوو مه‌به‌ست گه‌نمی جووتیارانی ھه‌رێمی كوردستان بكرێته‌وه‌.

زیاتر روونی ده‌كاته‌وه‌، مه‌به‌ستی یه‌كه‌م بۆ ساغكردنه‌وه‌ی گه‌نمی جووتیاران و دووه‌میش بۆ ئه‌وه‌ی ھه‌ندێك ئاشی مۆدێرن له‌ كوردستان دابنرێن و ئارد و ساوار و به‌رھه‌می خۆماڵییان لێ دروست بكرێت، بۆیه‌ ئێسته‌ پڕۆژه‌كه‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه‌ و بڕیاره‌ بدرێته‌ كه‌رتی تایبه‌ت.

ئه‌مڕۆ شه‌موو 27ی حوزه‌یران، سه‌ردار قوربانی به‌ڕێوبه‌ری ڕاگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی بازرگانی حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان  وتی، پڕۆژه‌یه‌ك له‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران گه‌ڵاڵه‌ ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌رێی كه‌رتی تایبه‌ته‌وه‌ گه‌نمی جووتیارانی ھه‌رێمی كوردستان بێته‌ كڕین، چاوه‌ڕێ ده‌كرێت بڕیاری له‌سه‌ر بدرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و گه‌نمه‌ی جووتیاران له‌ به‌غدا وه‌رناگیرێت له‌ كوردستان بێته‌ كڕین.

"به‌پێی پڕۆژه‌كه‌ كڕینی گه‌نمی جووتیاران نرخه‌كه‌ی جیاواز ده‌بێت له‌وه‌ی به‌غدا و ھاوسه‌نگییه‌ك دروست ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ھه‌م كه‌رتی تایبه‌ت سوودی لێ وه‌رگرێت و ھه‌میش جووتیاران". سه‌ردار قوربانی وای گوت.

دووپاتی ده‌كاته‌وه‌، مه‌به‌ست له‌ كڕینی گه‌نمی جووتیارانی ھه‌رێمی كوردستان ساغكردنه‌وه‌ی گه‌نمی جووتیاران و له‌ به‌رچاوگرتنی ماندووبوونیان و دانانی كۆمه‌ڵێك ئاشی مۆدێرنه‌ تا له‌ رێی ئه‌و ئاشانه‌ به‌رهه‌می گه‌نمی جووتیاران بكرێته‌ ئارد و ساوار و به‌رھه‌مه‌كانی تر.


PM:11:23:27/06/2020




ئه‌م بابه‌ته 128 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌