سلێمانی.. دانیشتوانی گوندێک ٢٠٠ ساڵە لە ئاوی کانیاو خوێ بەرهەمدەهێنن


گوندی خوێڵین سەربە ناحیەی سەنگاوە و بە دووری ١٠٣ کم دەکەوێتە رۆژئاوای شاری سلێمانی، ماوەی ٢٠٠ ساڵە لە رێی ئەستێڵی ئاوەوە، خوێ بەرهەم دەهێنرێت.

ئەم گوندە بە کارگەی بەرهەمەمهێنانی خوێ بەناوبانگە لە رێی ئاوی کانیاوەوە، نەک دەریا. هاوشانی خوێ، چەندین کانزای تر لەوانە گۆگرد لە رێی کانیاوەکانییەوە دەست دەخرێت.

ئەشکەوتی کونە کەمتیار کە نزیکی ئەم گوندەیە یەکێکە لە درێژترین ئەشکەوتەکانی هەرێم کە بۆتە جێی سەرنجی زۆرێک لە گەشتیارانی بیانی و ناوخۆیی.

ساڵانە هاووڵاتییانی ئەم گوندە سەرقاڵن بە بەرهەمهێنانی خوێ-وە کە کوالیتیەکی بەرزی هەیە، بەپێی وتەی خەڵکی گوندەکە، خۆێیەکەیان حەوت هێندەی خوێی ئاسایی سوێرترە.

کاتێک دەچیتە گوندەکەوە سەرەڕای بوونی تایبەتمەندی جیاواز لە گوندەکەدا، هەست دەکەیت کە هیچ خزمەتگوزارییەک بۆ گوندە نەچووە لە خوێندنگە و شەقامی تایبەت.

ئومێد خوێڵینی کە یەکێکە لەو کەسانەی سەرپەرشتیاری دەرهێنانی خوێ دەکات لەو گۆلانەی لە ناوچەکەدا کانگایەکی باشی بەرهەمهێنانی خوێیەکەن، ئاماژە بەوە دەکات کە مێژووی دەرهێنانی خوێ لە ناوچەکەدا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ١٨٣٠ ئەو کات هێندە زۆر بووە کە تەنیا بە سەتڵ دەریان کردووە و وتی: ''لە باوکم و باپیرم و باوکی باپیرمەوە هەر خەریکی ئەم کارەبوون لێرە خوێیان دەردەکرد، دەتوانم بڵێم پێش ٢٠٠ ساڵە ئەم کانە خوێیە هەر هەبووە، زۆرێک لە خوێیەکانی تر لە شاخ دەیهاڕن، یان هەندێکیانی تری لە باشوورەوە لە کەنار و رۆخی دەریاکاندا بەدەستی دەهێنن، هەمووی لە گۆلاودا دەریدەهێنن، بەڵام لێرە ئاوێکی پاک هەڵدەقوڵێت، لەوێوە خوێیەکە بەرهەم دەهێنین.''

ئەوان لە بەهاردا و بە دیاریکراوی لە مانگی نیسانەوە دەست دەکەن بە کارکردن بۆ بەرهەمهێنانی خوێ و لەوبارەیەوە ئومێد وتی: ''لە مانگی چوار و پێنجدا دەست دەکەین بە کارکردن لە نزیک ئەم ئەستێڵانە، ئەوەی قوڕی لەگەڵدا بێت جیای دەکەینەوە، گۆلەکە سواخ دەدەین و دەیکوتینەوە، ئاو دەکەینە ئەستێڵەکان، لەوێوە دەرژێنە گۆلەکانەوە، هەتا ئەو کاتەی باران دەبڕێت، دوای ئەوە لە مانگی حوزەیران بۆ تەمووز دەست دەکات بە بەرهەمهێنانی خوێ و ئێمەش دەست دەکەین بە خوێ دەرکردن.''

سەبارەت بە چۆنیەتی دروستبوونی ئەو خوێیە ئومێد وتی: ''ئاوی کانیاوێک هەیە کە سوێرە، لەوێوە بەبۆری ئاوەکە رادەکێشینە نێو چەند ئەستێڵێکەوە، لەو ئەستێڵانەدا ئاوەکە گل دەدەینەوە و دواتر بەسەر گۆلەکاندا دابەشیان دەکەین، دواتر لە گۆلەکانەوە خوێیەکان دەردەکەین.''

ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمساڵ بەهۆی کەمی باران بارینەوە گۆلەکە زووتر خوێی دەرکردووە.

ئومێد باس لەوە دەکات کە ناوچەکەیان ٨٣ گۆلی خوێی تێدایە، سەرجەم رۆژانە ٣-١٠ کەس کار دەکەن لە گۆلەکاندا بەپێی پێویستی.

ئومێد دەشڵێت کە ئەوان خوێیەکە رەوانەی دەرەوەی دەکەن و زۆر شوێن داوای ئەو جۆرە خوێیە دەکەن بەهۆی بەرزی کوالیتیەکەیەوە، لەوانە شارەکانی تری هەرێمی کوردستان، چەمچەماڵ، قەرەداغ، سلێمانی، بازیان، هەولێر و کەرکووک-یش زۆر جار داواکاری لەسەرە و دەڵێت:

''لە ساڵی ٢٠٠٨ لە ناوچەی شێخان پشکنین بۆ ئەم خوێیە کراوە لەلایەن کەسانی بیانییەوە، باس لەوە کراوە کە یەک کیلۆی ئەم خوێیە هێندەی حەوت کیلۆی خوێی ئاسایی تر سوێرە، بۆیە لە رووی کوالیتییەوە زۆر باشە و خەڵک لێی رازین.''

سەبارەت بە قورسی و ئاسانی کارکردن لەو گۆلانەدا بۆ دەرهێنان و بەرهەمهێنانی خوێ، ئومێد ئاماژە بەوە دەکات کە کارکردن لەو گۆلانەدا قورسە و لێزانینی دەوێت و وتی: ''قوڕ دەردان و کوتینەوە و خوێ دەرکردن بۆ ناو گوێنی و دوورینەوەی گوێنیەکە و پاشان کۆڵکردنێتی بۆ نێو ئۆتۆمبێلەکان کە لێرەوە دوورن بەهۆی نەبوونی رێگاوە، ئەمە بۆخۆی قورسی کارەکە دەردەخات.''

سەبارەت بە نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست بۆ گەیشتن بە شوێنی دەرکردنی ئەو خوێیە کە بەپێی وتەی زۆرێک لە بارزگانەکان کوالیتیەکی بەرزی هەیە، ئەو سەرپەرشتیارەی دەرکردنی خوێ ئاماژە بەوە دەکات کە حکوومەت بەهیچ جۆرێک ئاوڕی ئاوەدانی لەو ناوچەیەی ئەوان نەداوەتەوە هەر لە گوندەکەوە بیگرە تا شوێنی دەرهێنانی ئەو خوێیە کە دەکرێت بکرێت بە بەرهەمێکی خۆماڵی بەپێز و لە زۆر لاوە سوودی لێوەربگیرێت.

ناوبراو باس لەوە دەکات کە بۆ ترشیات، زەیتون، بۆ خواردن دەست دەدات بەهۆی کوالیتییەوەکە و ئاماژە بەوە دەکات لەئێستادا، بەرهەمهێنانی خوێ لە ناوچەکەدا کەمی کردووە لە چاو ساڵانی ١٩٩٠دا و دەڵێت ''لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا، ساڵانە هەزار بۆ هەزار و ٤٠٠ تۆن خوێی دەردەرکرد، بەڵام ساڵی پار تەنیا ٤٠٠ تۆن خوێی دەکردووە لە دوای بوومەلەرزەکەی ٢٠١٧ەوە ئەو کانییە ئاوی شیرینی تێکەڵ بووە ئەو بەرهەمەی جارانی نەماوە".

ئومێد ئاماژە بەوە دەکات کە بەردەوام خوێیەکەیان کڕیاری تایبەتی خۆی هەیە لەوانە لە کەرکووک، هەولێر و سلێمانی-یەوە بەتایبەت بۆی دێن و دەیبەن و ساغی دەکەنەوە.


PM:05:20:26/06/2020




ئه‌م بابه‌ته 185 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌