یه‌كێتى ژووره‌كانى بازرگانى: به‌ هۆى كۆڕۆناوە جوڵه‌ى بازرگانی به‌ رێژه‌ى 50% كه‌می كردووه‌

وته‌بێژى ژووره‌كانى بازرگانى و پیشه‌سازى هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند ''به‌هۆى بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاى كۆرۆناوه‌، جوڵه‌ى بازرگانى له‌ نێوان هه‌رێمی کوردستان و وڵاتان به‌ رێژه‌یه‌كى زۆر كه‌مى كردووه‌''.

كاروان سورچى، وته‌بێژى یه‌كێتىی ژووره‌كانى بازرگانى و پیشه‌سازى هه‌رێمى كوردستان  راگه‌یاند: "به‌ هۆى بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاى كۆڕۆناوه‌ جووڵه‌ى بازرگانى له‌ خاڵه‌ سنورییه‌كان و ده‌روازه‌كانى هه‌رێمى كوردستان به‌رێژه‌یه‌كى زۆر دابه‌زیوه‌، بۆ نموونه‌ له ‌خاڵى سنووریى ئیبراهیم خه‌لیل رۆژانه‌ سێ هه‌زار بارهه‌ڵگر كه‌لوپه‌ل و شتومه‌كى جۆراوجۆر هاورده‌ى هه‌رێم ده‌كران".

راشیگه‌یاند: "له‌و رێژه‌ كه‌لوپه‌له‌ى كه‌ هاورده‌ى هه‌رێم ده‌كران رێژه‌یه‌ك بۆ شاره‌كانى خواروو و ناوه‌ڕاستى هه‌رێم ده‌چوون، به‌ڵام ئێستا به‌هۆى قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆى نێوان پارێزگاكانى ناوه‌ڕست و خوارووى عێراق و هه‌رێم، ئێستا رێگه‌ به‌ هیچ جۆره‌ كه‌لوپه‌لێك نادرێت بۆ پارێزگاكانى دیكه‌ى عێراق بنێردرێن بەمەش جوڵه‌ى بازرگانی به‌ رێژه‌ى 50% كه‌می كردووه‌ ".

ئاماژه‌ى به ‌ئه‌وه‌ش كرد" به‌هۆى رێككاره‌كانى قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆوه‌ جگه‌ له‌ جوڵه‌ى بازرگانى، جوڵه‌ى بازاڕیش به ‌رێژه‌یه‌كى زۆر كه‌مى كردووه‌، جگه‌ له‌مه‌ش به‌هۆى دواكه‌وتنى مووچه‌ و قه‌یرانى داراییه‌وه‌ كارى بازرگانیش كه‌مى كردووه‌".

 


PM:06:59:22/06/2020




ئه‌م بابه‌ته 97 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌