کوالیتی دروستکردنی ماسکی خۆماڵی لە هەرێمی کوردستان دەگەیه‌نرێته‌ ئاستی ستانداردی جیهانی


لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)، کەلوپەل و پێداویستی پزیشکی و خۆپارێزی لە جیهان و هەرێمی کوردستان لەڕووی نرخەوە تووشی قەیرانێکی گەورە بوو، بە جۆرێک کە یەک کارتۆن ماسک لە هەرێمی کوردستان لە دوو هەزار دینارەوە گەیشتە ٢٥ هەزار دینار و هاووڵاتییانیش بە ئاسانی بەدەستیان نەدەکەوت، چونکە زۆربەی ماسکەکان لە وڵاتی چین هاوردە دەکران و بەهۆی رێکارەکانیش فڕۆکەخانە و سنوورەکان داخران، ئەمەیش کاریگەری کردە سەر بەئاسان دەستکەوتنی ماسک و دەستکێش.

لە میانی جێبەجێکردنی بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان،  چه‌ندین  كارگه‌ی دروستکردنی ماسک لە هەولێر و سلێمانی كرانه‌وه‌ کە رۆژانە ژمارەیەکی زۆر ماسک بەرهەم دەهێنێن و ئەمەیش وایکرد کە ترس و دڵەڕاوکێی هاووڵاتییان بۆ دەستکەوتنی ماسک کەمتر بێت، سەرەڕای ئەوەیش هاووڵاتییان تێبینییان لەسەر کوالێتی ماسکەکە هەیە بەهۆی نەبوونی ئەو تێلەی دەکەوێتە سەر لووت و کورتی ئەو لاستیکەی کە لە گوێچکەکان دەکرێت، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتی کۆنترۆڵی جۆریی دەرمان و پێداویستیی پزیشکییش ئاماژە بەوە دەکات کە کوالێتی ماسکەکان خراپ نییە، بەڵام زۆر بەرزیش نین. 

یەکێک لەو هاووڵاتییانەی کە تێبینی لەسەر ماسکەکە هەیە، ئاماژە بەوە دەکات کە ماسکەکە کێشی لە ماسکەکانی دیکەی بازاڕ سووکترە، ئەمەیش هاووڵاتییان دەخاتە گومانەوە.

هاووڵاتیی خالید حەسەن, له‌و باره‌یه‌وه‌ وتی: "بەهۆی ئەوەی لە سەرەتادا قەیرانێکی زۆر دروست بوو بۆ دەستکەوتنی ماسک، وەگەڕکەوتنی کارگەی بەرههەمهێنانی ماسک کارێکی باش بوو، نرخەکانیش بەراورد بە ماسکەکانی دیکە زۆر باشە، بەڵام تێبینیمان لەسەر کوالێتی ماسکەکە هەیە بەوەی کێشی سووکە، ئەو تێلەی نییە کە دەکەوێتە سەر لووت، هەروەها لاستیکەکە گوێچکەی ئەو کەسانە ئەزیەت دەدات کە بەکاری دەهێنن، لەگەڵ ئەوەیش رووی دەرەوە و رووی ناوەوەی ماسکەکە دیارنییە و وەکو یەکە".

خالید حەسەن وتیشی: "بەهۆی فرە جۆری ماسکەکان لە بازاڕدا، نازانین کامەیان کوالێتی باشە و کامەیان کوالێتی خراپە، بۆیە پێویستە لایەنی پەیوەندیدار بۆ هاووڵاتییان روونی بکاتەوە کە کامە ماسک بەکاربهێنین و کوالێتی کۆنترۆڵیش رۆڵی خۆی ببینێت".

سەبارەت بە جۆرەکانی ماسک لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتی کۆنترۆڵی جۆریی دەرمان و پێداویستی پزیشکی، شێروان ساڵح عەلی رایگه‌یاند: "بە گشتی سێ جۆر ماسک هەیە، یەکەمیان فەیس ماسک، دووەمیان سێرجیکاڵ ماسک (دەمامکی ژووری نەشتەرگەری) ئەوەی کە ئێمە بەستوومانە و خەڵکیش بەڕێژەیەکی زۆر بەکاری دەهێنێت کە رێژەی فلتەرکردنیان بۆ ڤایرۆسەکان باشە و جۆری سێیەمیش پۆلیۆشن ماسک (دەمامکی پسیبوون) ئەوەی پێی دەڵێن ئێن ٩٥ و هاوشێوەکانیان کە فلتەریان باشترە".

شێروان ساڵح عەلی وتیشی: "سەبارەت بە هارودەکردنیش، ئێمە بە دوو قۆناغ رێگەپێدان دەدەین، قۆناغی یەکەم داوای کۆمەڵێک بەڵگەنامەی زانستی دەکەین، ئەگەر بەپێی رێنماییەکانی کۆنترۆڵی جۆری و وەزارەتی تەندروستیی بوو، ئەوا رێگەپێدانی سەرەتاییان پێ دەدەین تا بابەتەکە هاوردە بکەن، لەکاتی هاوردەکردنیشی، تیمەکانمان لە فڕۆکەخانە و سنوورەکان پشکنین بۆ بابەتەکە دەکەن، سەرەتا پشکنینی فیزیایی بۆ دەکەن، پێویستە ئەو بابەتەی هاوردەیان کردووە، هاوتا بێت لەگەڵ ئەو مواسەفات و رێنماییانەی کە لە رێگەپێدانەکەدا هەیە، ئەگەر هاوتا نەبوو ئەوا رێگەی پێ نادرێت بێتە هەرێمی کوردستان، بۆیە هاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە کە ئەو ماسکانە بە دوو فلتەردا تێدەپەڕن، ئەوانەی رێگەپێدانی کوالێتی کۆنترۆڵیان هەبێت ئەوا دەتوانن بەکاری بهێنن و لە رووی کوالێتییەوە کێشەی نییە".

بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتی کۆنترۆڵی جۆریی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی، ئاماژە بەوەیش دەکات کە لە میانی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، چەند حاڵەتێک هەبووە کە بابەتەکانیان لەگەڵ ناوەڕۆکی رێگەپێدانەکە هاوتا نەبووە و لێپێچینەوە لە بابەتەکە کراوە و لەمبارەیەوە وتی: "حاڵەت هەبووە لە فڕۆکەخانەکانەوە گەڕاوەتەوە و هەیە سزایش دراوە، حاڵەتەکان سەرەتا زۆر بوو چونکە خەڵک هەمووی رووی لە هاوردەکردن کرد، بەڵام ئێمە دووپاتمان کردەوە کە نەبوونی شتێک کوالێتی نەبێت باشترە لەوەی هەبێت و خەڵک سوودی لێی نەبینێت، سەرەتا کۆمەڵێک ماسک بەڕێگای قاچاخ داخل بوون و بە هاوکاری لیژنەکانی چاودێری بازاڕ و لیژنەکانی پشکنین هەندێک خەڵکمان سزا دا، بەڵام کەم بوو و زۆر نەبوو".

نزیکەی دوو مانگ دەبێت، کارگەی جیهانی پزیشکی کەوتووەتەکار و ماسکی جۆری دووەم بەرهەم دەهێنێت و نرخەکەیشی بەراورد بە ماسکەکانی دیکە هەرزانترە، بەڵام نەبوونی ئەو تێلەی دەکەوێتە سەر بەشی سەرەوەی ماسکەکە، کورتی لاستیکەکان و کێشی ماسکەکە تێبینی لای هاووڵاتییان دروستکردووە و بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی جۆریی دەرمان و پێداویستیی پزیشکیش ئەوە دەخاتەڕوو کە نەبوونی تێل لەناو ماسکەکان قەدەغەیە و ناتوانرێت ماسک بەبێ تێل بفرۆشرێت و دەشڵێت ئەگەر حاڵەتی وا هەبێت ئەوا بێگومان لێپێچینەوە دەکەن.

جگە لە ماسک، دەستکێشیش وەک رێگایەک بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەکاردێت و چەند رەنگێک لە بازاڕدا هەیە و جیاوازییان لە نرخ هەیە بەهۆی رەنگەکانەوە، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتی کۆنترۆڵی جۆریی دەرمان و پێداویستیی پزیشکییش ئاشکرای دەکات کە رەنگەکان هیچ جیاوازییان نییە لە رووی زانستییەوە و هەموویان دەتوانرێت بۆ یەکجار بەکار بهێندرێت و لەمبارەیەوە، شێروان ساڵح عەلی وتی: "بۆ دەستکێش، رەنگ هیچ جیاوازی نییە، بەڵکو کوالێتی بەرهەمهێنانی ماددەکە رۆڵ دەبینێت، هەموو دەستکێشەکان ئاسایین و دەتوانن یەکجار بەکاری بهێنن، بەڵام ئەوەی لەناو خەڵکدا هەیە کە جیاوازی دەکەن لە رەنگەکان ئەوا لە رووی زانستییەوە هیچ جیاوازییەکییان نییە".

هاوکات بەڕێوەبەری کۆمپانیای جیهانی پزیشکی رایدەگەیەنێت کە لەم قۆناغەدا بیریان لە قازانج و سوود نەکردووەتەوە و کارتۆنی ماسک بە ١٠ هەزار دینار دەفرۆشن، ئاماژە بەوەیش دەکات کە رۆژانە زیاتر لە هەزار هاووڵاتیی بە مەبەستی کڕینی ماسک بۆ خۆپارێزی لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، سەردانییان دەکەن، بەڵام بۆ دروست نەبوونی قۆرخکاریی، هەر هاووڵاتییەک دەتوانێت تەنها یەک پاکەت ماسک بکڕێت.

بەڕێوەبەری کۆمپانیای جیهانی پزیشکی، ئیحسان تاج عەبدولساحیب ده‌ڵێت: "رۆژانە خەڵکێکی زۆر سەردانمان دەکەن بۆ کڕینی ماسک و مەرجەکانی پێدانی ماسک ئەوەیە کە بە کۆ نافرۆشرێن ئەمەیش لەبەر بابەتی قۆرخکارییە، نامانەوێت چەند پاکەتێک بدەین بە خەڵک و ئەوانیش بیفرۆشنەوە، لەم ماوەیە حەز لە بازرگانی و قازانج ناکەین و تەندروستی هاووڵاتییان گرنگترە".

شوێنی فرۆشتنی ماسک و پێداویستییەکانی خۆپارێزی دەکەوێتە بەرامبەر نیو ستی و رۆژانە چەند کاتژمێرێک بە رووی هاووڵاتییاندا کرایەوە و لەبارەی ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەیشی کە رۆژانە سەردانیان دەکەن، ئیحسان تاج عەبدولساحیب وتی: "رۆژانە هەزار کەس زیاتر سەردانمان دەکەن لە هەموو سێکتەرە جیاوازەکان لە دەزگاکانی حکوومەت، هاووڵاتیی و فەرمانبەر، فەرمانبەرانی گواستنەوە و گەیاندن، سەردانمان دەکەن و ماسکەکان خواستی خەڵکی لەسەرە لە رووی کوالێتی و نرخەوە".

لەبارەی شێواز و چۆنیەتی کوالێتی ماسکەکان، بەراورد بەو ماسکانەی لە دەرەوە هاوردە دەکران، بەڕێوەبەری کۆمپانیای جیهانی پزیشکی ئیحسان تاج عەبدولساحیب وتی: "ماسکەکان سێ تەبەقەیە، لاستیکەکەی ستانداردی جیهانییە، چونکە لاستیکی تایبەتە، هەروەها دوو جۆری هەیە، جۆرێکیان ئەو تێلەی نییە کە دەکەوێتە سەر لووت، ئەمەیش بەهۆی خواستی زۆری هاووڵاتییانەوەیە، جۆرەکەی دیکەیش تێلی هەیە و ئەمەیش زیاتر لە نەخۆشخانەکان بەکار دێت، هەروەها بڕوانامەی پشکنینی ئەمریکاییمان هەیە و کوالێتی کۆنترۆڵیش سەردانمان دەکەن و هیچ شتێک هاوردە ناکرێت بەبێ ئاگاداری کوالێتی کۆنترۆڵ".

ئەو بەڕێوەبەرەی کۆمپانیای جیهانی پزیشکی ئەوەیش دەخاتەڕوو کە هەوڵیانداوە لە چەند شوێنێکی دیکە ماسکەکان بڵاوبکەنەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی قازانج و سوود، کەس ئامادە نەبووە ماسکەکان بڵاوبکاتەوە و لەمبارەیەوە وتی: "ئێمە یەک بنکەمان هەیە بۆ دابەشکردن و بڵاوکردنەوەی ماسک، هەوڵمانداوە لە چەند شوێنێکی دیکەش بڵاوی بکەینەوە، بەڵام کەسێک نەبووە بە هەمان نرخ بیفرۆشێتەوە و هەمووی دەیەوێت قازانج بکات، بۆیەیش هەر بۆخۆمان لێرە بڵاوی دەکەینەوە، لەگەڵ ئەوەیشدا خەڵکێکی زۆر ماسک بەکاردەهێنن و هاووڵاتییان هۆشیاری ئەوەیان هەیە، ئەمەیش دڵخۆشکەرە بۆ کەرتی تەندروستیی".



PM:04:42:15/06/2020




ئه‌م بابه‌ته 217 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌