سبه‌ی ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی حاجی ئۆمه‌ران به‌ روی بازرگاناندا ده‌كرێته‌وه‌

سبه‌ی ده‌روازه‌ی حاجی ئۆمه‌ران به‌ رووی بازرگاناندا ده‌كرێته‌وه‌ و جموجۆڵی بازرگانان ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌ و ئاڵوگۆڕه‌ بازرگانییه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی رێكاره‌ ته‌ندروستییه‌كاندا ئاسایی ده‌بنه‌وه‌.

به‌ھۆی جه‌ژنی ره‌مه‌زان و به‌ مه‌به‌ستی رێگه‌گرتن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) ، ماوه‌ی ٧٢ كاتژمێر قه‌ده‌غه‌ی ھاتوچۆ له‌ ھه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوه‌ و بڕیاره‌كه‌ تا ئه‌مشه‌و كاتژمێر ١٢ به‌رده‌وام ده‌بێت و سبه‌ی چوارشه‌ممه‌ بارودۆخ ئاسایی ده‌بێته‌وه‌ و جموجۆڵی بازرگانیش ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌.

له‌مباره‌یه‌وه‌ سیروان حوسێن، وته‌بێژی ده‌روازه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی حاجی ئۆمه‌ران، رایگه‌یاند: سبه‌ی چوارشه‌ممه‌، ده‌روازه‌ی حاجی ئۆمه‌ران به‌ رووی بازرگاناندا ده‌كرێته‌وه‌ و جموجۆڵی بازرگانان ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌ و ئاڵوگۆڕه‌ بازرگانییه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی رێكاره‌ ته‌ندروستییه‌كاندا ئاسایی ده‌بنه‌وه‌.

له‌باره‌ی جموجۆڵی گه‌شتیاریش له‌ ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان، سیروان حوسێن وتی: ''به‌پێی بڕیاری وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان، ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان به‌ رووی گه‌شتیاراندا داخراوه‌ تا یه‌كی حوزه‌یران، له‌دوای ئه‌و به‌رواره‌ش چاوه‌ڕێی بڕیاری نوێی وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌كرێت''.

له‌رۆژی ١٣ی شوباتی ئه‌مساڵ، به‌ھۆی رێگه‌گرتن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا، حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان له‌یه‌كه‌م رێكاردا سه‌رجه‌م ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی داخست و دواتر وه‌ك ئاسانكاریی بۆ ھاووڵاتییان، جموجۆڵی بازرگانی ده‌ستپێكرده‌وه‌.



PM:12:35:26/05/2020




ئه‌م بابه‌ته 146 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌